سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک

نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک

سەردار جاف

٢ – ھەموو بەیانییەک ئینجانەیەک خەونی پەمەیی بە دیاری لە گەڵ دەستی خۆما دێنم، شەن و کەوی خەونم بە، چەپک چەپک ھیواکانمان باڵا پێ بکە، بەری ڕەنج و ماندوێتی ئیشق بدوورینەوە، ھەموو بەیانییەک دەبمە شوانێکی بێ دەرەتانی گوندێکی نیشتیمان تا پەنجەکانی شەنگەبێریم بۆ مەڕ دۆشینێ سەرە ڕێی نیوەڕوانی ئیشقم لێ بگری، لێوەکانم تەتەڵە بکەن ببنە پریاسکەی شەونم و بە سەر کوڵمە توندەکانتا داچۆڕێن، چەشنی گەڵا و پەڕی گوڵەکانی سپێدان تەڕ تەڕ و بۆندار بن.
ھەموو بەیانییەک ژنێک لە خەوی غەفڵەتیم وەئاگا دێنێتەوە، ھێندەیش لێم دوورە ماچەکانی بە غیابیش ناگەنە رۆخی دەریای ھیشکەوە بووی لێوەکانم ، لە تەک بوخچەیەک خۆرا سەما بۆ تیشکی چاوەکانی دەکەم ، ئەو دەمانە گوڵیش ھەڵپەڕکێ دادەبەستێ درەختیش چەپڵە دەژەنێ، ئەزیش گوێ گری ئاواز و دەنگە بەسۆزەکەی سبەینان و شەوان و گشت ساتێکی دەبم .
بەیانیت خەرمانێ جوانی گوڵەکەم ، لە گوڵ گوڵتر .
٣ – لە سەر ژێی میلۆدی دڵما ئەم بەیانیە ژنێک لە باڵی فریشتە ، شۆخێ جوانتر لە گوڵ بە سەر لقی نیگاکانمەوە ڕۆنیشتووە و دەنگی بە سۆزیم بۆ دەکاتە گۆرانی بۆ دوو سبەی تا بە ھەستەکانمی بفرۆشێتەوە، دەرای جوان و ڕنگ شینی بۆ ھەستەکانم ھەڵخستووە، گوڵەباغ ملی بۆ کەچ دەکا و ئاونگ بریسکەی بۆ ڕادەگرێ، بەیانیەکە تەنھا دەنگی ئەو ژنە شۆخە جوانی کردووە، دەرگاکەت بکەوە با تێَر تێر بۆنی ھەناسەی ماڵەکەت بکەم، رۆحم لە ئۆغری شارە پڕ بەفرینەکەت بێ و لە سەر بالکۆنی داڵەنەکەتا ڕۆ بنیشێ و گۆرانی دەردی ئیشقت بۆ بچڕێ و بە چرپەیەک بڵێ ……
شەو خەوم نایە لە بەر خێڵی خەیاڵی خاوی تۆ
تا سەحەر مەستم بە یادی جووتێ لیمۆی کاڵی تۆ
بە یانیت جوان گوڵەکەم ، لە گوڵ گوڵتر …..

ئەڵمانیا
١٨ / ٢ / ٢٠١٩

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

نامەکانی ئیشق..ھەموو بەیانییەک

سەردار جاف ٨ – کازیوەیەک بێ بیرکردنەوەی ژوانی نوسین مانا و چەمکەکانی خۆی دەسوتێنێ، گزنگێ …