سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / نامەکانی ئیشق..ھەموو بەیانییەک

نامەکانی ئیشق..ھەموو بەیانییەک

سەردار جاف
٢٧ – بەیانیەک بە جوڵەی شنە تەنگبوونی دڵم ھەڵوەرێنە، خەندە و بزەیەک بە دیاری ڕەاون بکە با کەنەفتی دوو ڕۆژی بووریم لە ھەگبەی سەفەری بێ گەڕانەوە بنێم ، جارێکی دی ئەو مۆتەکە سپڵە و وەیشوومە نەک دەرگای ناخمان گوزەری ھاموشۆی ئەوینداریشمان پەی پێ نەبا، ئەمڕۆ بە باوەشێک بۆخچەی پڕ موژدەوە بگەڕێوە، خانمە ئەویندارەکەی سەر بەڕەی ئیشقی کەمانجەژەنینم ئەم دوو ڕۆژە قەڵەمی سڕم تەزیوی زویر بوون نییە وا نامەکانی ئیشقی بۆ بەر کۆڵانی بەر نیگاکانت نەنوسیوە، ئەزیزەکەم وەک ھەر پشوویەک ھەفتانە دوو فرسخە رێ دێڕەکانم دەبنە ڕچینی بەر مەرقەدەکانی حەوانەوەی خۆشەویستیمان خۆی لە ھەگبە دەخزێنێ و زەنگی مۆبیلەکەم بە نامەی تۆ وەئاگام دێنێ ، ھێشتان شڕەوشاتاڵی پێخەفمان نەپێچاوەتەوە لە ئامێزن و دەنگەکانمان ئاڵوگۆڕ دەکەین، ھەستەکانی یەک لە نامەی بەیانیانمان جوانتر دەکەین، نەورۆز بە جوانتر دەبینین، دۆراندۆرمان دەکەین بە گوڵ گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر….٢٥ / ٣
٢٨ – بە نێو کارێزی سپێدەما ھەنگاو بنێ جەستەم زیغ و چەوی ڕەنگاوڕەنگی بن ئاوە و پێی لێبنێ با ئەو تابلۆ جوانە بێ کە ھێشتان فڵچەی ھیچ ھونەرمەندێ سکێچی نەکێشاوە، وەرە و پێم لێبنێ با ئەوین فێری گەنجان بکەین، تەلیسمی کەڵچەڕی نیشتیمان تێک بشکێنین، ئیرەیی لە بەردەرگای ئەویندارانی ئەوێ بچنینەوە، نەستەلەی شیرینی ڕاستگۆیی ئیشق ببارێنین، ھەتا بە چێژ ە چەشەی ئیشقەوە وەئاگا بێینەوە، تۆ ئەو ژنەی وانەی ژیانت بۆ وتمەوە، با کیژانی وڵاتم لە تۆوە فێر بن پەیامی جوانی ناخ توێشەبەرەی سەفەری ژینیان بێ بەر لە جوانی ستایل، شکۆمەندی باڵابوونی ژن پەخش بکا بەر لە پرچ و بسک ڕووسووری ھاوتایی دابێنێ بەر لە سوورکردنی کوڵم و لێو، جوانی مەعریفە بێ پاشان فۆرمەلەکردنی جەستە وەک ژن ، تۆ ژنێکی لە گوڵ گوڵتر … ٢٩ / ٣
٢٩ – ئەم بەیانییە ھەستی بیستنت بجوڵێنە گوێ بۆ دەنگی دەف و تەھلیلەی ئەوینم ھەڵخە ، لە ئای ئای و قەتار ئەڵلا وەیسی ئیشقم ڕامێنە، تۆ ئەو ژنە تەژیەی لە من، منیش کتێبێکی موحیبەت کە تا ئێستا بۆ ھیچ ژنێک نەنوسراوە و نەگوتراوە، تۆ ئەو دەریا شین و قووڵە جوانەی تا ئێستێ ھیچ پیاوێ نەیتوانیوە لە ڕۆختا سەوڵی کەشتی تاو بدا، ئەو شەپۆلە بە لرفەی کەناری لماوی ڕادەماڵی و بۆ ئامێزی ئیشقتی پەلکێش دەکەی، زریان و تۆفانی تووڕیی ژنب وونت مرۆڤگەلی وڵات شەرمندە و خەجاڵەت دەکا، تۆ ژنێکی کەس لە ئۆقیانوسی ئیشقت ناگا، ئەو کتێبە جەنجاڵ و ئاڵۆسکاوییەی ھێشتان جگە لە من ھیچ پیاوێ حەرفێکتی نەخوێندۆتەوە، تۆ وشە و ڕستە و نوسینە جوانەکانی منی، ھەر منیش دەزانم چیت ……. ؟ تۆ لە لە گوڵ گوڵتری.. ٢٨ / ٣
٣٠ – ئەم بەیانییە ژنێک لە باران دەچێ و منی شلە ھەور، لە کۆژانی فیرقەتمەوە ھاوێر بووە و پەرتبوونم دەشواتەوە، ژوانمان روونتر لە زنە تەقیوێکی تەلیسماوی کەنار زەنوێرستانی نیشتیمان دەچێ، روحمان لە ھەڵم بوونیشا ئۆقرەی نەگرت تا نەڕژاینە سەر عاردی، ئەوینمان بە باڵی کۆترە پەڕە نەخشین و سەرمەستەکانی دونیای ناگایی جووتبوونا سپارد و پێکەوە خەونێکین ھێشتان زەمەنمان ڕۆنەچۆتە جۆگە و دۆڵ و ڕووبار و دەریا و زەریاکان، ئەو خەونانەی بەر لە زمستان بە پارساریمانەوە دەدیت، لە گڵە شینە و باران ڕەشماڵی غوربەتی ئیشقمان ڕەواندەوە و ئەوینمان بە باڵەکانی ساسەوە لکان، ئیدی ھەر لە خۆوە گومانەکان ڕەوینەوە، نیگاکانمان بە سەر گەڵا و گوڵا پرژاندۆراندۆرمان پڕپڕ بوو لە ئاپۆڕای دەسلەملانێی ئاشقان، وانەی رۆمانسیەتمان دەگوتەوە، ھێدی ھێدی تەمەن ئێمەی بچوک کردەوە و ئەوان باڵا، لە سەر ڕففە شینەکانی ئاسمان دڵۆپ دڵۆپ داباراینە خوارێ بووینە باران و بەسەر لێوی ئاشقان نیشتینەوە، بوینە سەربوردەی گوێ ئاگردانی زمستانان و چیرۆک و نۆڤێلت و ڕۆمان گەنجان دەمانخوێننەوە …. ئەوە نوخشە و نوقڵانەی لە گوڵ گوڵتری تۆیە پەخش دەبێ….. ٣١/ ٣
٣١ – بەیانییەک ھێشتا ناگات بە جوانی تۆ ، ھەر دەبێ بێژم لە تۆ دەچێ، بەیانییەک لە تۆ بەکەیفتر ، لە تۆ بەجۆشتر بۆ خەڵوەتی زەماوەندێ …. ڕەشبەڵکی گەڕانەوە بەرەو کۆرپەڵەیی، گەڕانەوە بۆ ئازاری دایک و چریکەی گریانی تۆ، بە درێژایی شەو خەیاڵدانم لە خەنەبەندانی ھاوێربوونتدا خەمڵی بوو مەلەی دەکرد، لە دڵەی سەفین بە نێو دۆڵی شەقڵاوە و نزرگای پیاو چاکانی ئاشقانەی کیژان و کوڕانییەوە لە سۆراغی ھەگبەی پیرۆزی ساڵێکی دادێی بەخششی موحیبەت و جوانیتا پیاسەیەکی ئەویندارانەم دەکرد، بە نێو توولە ڕێ و ئەو ڕاستە ڕێیانەدا لە تەک شنەی باغی شەقڵاوەدا پەنجا و یەک نمەی تەڕتەڕی ئاونگی سپێدان کە زمزمی ژینمە لە سەر پەڕە ڕەیحانەکانی شەونخونیم بۆ ئەمڕۆت دەکەمە سوورخەڵاتی تەریقەتی ئیشقم، بە شەوچەرەی پایتەختی بەفری دەبەستمەوە، ژنە بەخشندەکەی دڵم لە دایکبوونت پیرۆز و سپێدەیەکی خۆشدەورانیت نەغمەی گۆرانی کوردی ھۆبە و خانوو و ئەپارتمانت لێوانلێو لە تریفەی دڵ ئارامی و شادی و بەختەوەری کا….. ١ / ٤
٣٢ – ئەم بەیانییە نامەوێ نەغمەی بولبولمان لێ ئاوا بێ، خەونە پەمەییەکانت لە ئامێزی بێشکەی ئاوەزم ڕادەژەنم، لێرە لە بەر نمە تەوژمی ئەو شنەی شەماڵەی ئاونگی ئەم بەیانییەوە چاوە شەپۆلە بەلرفەکانت ماچ دەکەم، دروێنەی خرمژنی بەیانیانت تەی دەکەم، سرتە و چرپە بە حەسرەتەکانت بە ئاوی سۆمام دەشۆمەوە، چراخانی تەمەنت دادەگیرسێنم ، فوو لە ڕەشەبای شووم دەکەم ، ئاو بە گێژەڵوکەدا، تەپوتۆزی بەر پێت ڕادەماڵم، فەتوا دەدەم کەڵچەری دوێنێ مەحوو کەنەوە و بشۆنەوە، پرچی ئیشق دەکەمە کەزێ و دەیھۆنمەوە، شۆڕشێ بۆ ئەوین بەرپا دەکەین، جەسارەتبارانی خانمان دەکەین، پرچی پەشمەکینت بە بە شانەی برژانگەکانم دادێنم، باخچە و درەختی مەیلەکان ئاو دەدەم، شەقامی شۆڕە بی بە ھەناسەکانمان سێبەر ڕێژ دەکەین، دەنگیش تێکەڵ بە دۆل و نساران و چەم و قاسپەی کەو و باڵندە خۆشخوانەکان دەکەین، وڵاتی خەزانمان دەکەینە بەھار و پێکەوە گۆرانی ئاشق ئاشقێنە بۆ ھەسارەی گەنج دەڵێینەوە…….. ٢ / ٤

ئەلِمانیا

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

کەسیەتی پاڵەوان لەڕۆمانی دێوبەھمەن دا

سەدیق سەعید ڕواندزی کارەکتەر،بەیەکێک لەڕەگەزە سەرەکییەکانی بینای ھونەری دەقی ڕۆمان دادەنرێت. کەڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لەوازیکردنی …