سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / کتێبی ھەموو شەوێک وەرە بۆ لام

کتێبی ھەموو شەوێک وەرە بۆ لام

ڕانانی/ سەدیق سەعید ڕواندزی
شیعری جیھانی بەبەراورد لەگەلڕ ژانرەکانی دیکەی ئەدەب وەک چیڕۆک وڕۆمان، کەمتروەرگێڕدراوەتە سەرزمانی کوردی. ڕەنگە ئەمە بەشێکی پەیوەست بێت بەوەی کەوەرگێڕانی شیعربەبەراورد لەگەڵ ژانرەکانی دیکە، کارێکی قوڕستر بێت. بەوپێیەی شیعر لەوێنەی ھونەری وڕیتم و شعریەت پێکھاتووە. جیاوازلەڕۆمان وچیڕۆک کە ڕەگەزی گێڕانەوە بینای سەرەکی دەقەکە پێکدەھێنن. بێگومان گێڕانەوەش کردارێکە ئاسانتروەردەگێڕدرێت بەبەراوردلەگەڵ دالێکی شیعری، یاخود ڕەمزو وێنەیەکی ھونەرییانەی شیعر. بۆیەزۆرجار دەبینین وەرگێڕانی شیعروەک ھونەرێکی قوڕسی وەرگێران وێنا دەکرێت. بەوەی کەناتوانرێت ناوەڕۆکی شیعرلەڕووی ھونەریی و ڕیتمی شیعرییەوە بەتایبەتیش شیعری ئازاد کەکێش وسەروای نییە،وەکو خۆی وەربگێڕدرێت و بگەینرێتە خوێنەر. لێرەوەش دەبینین کەشیعرکەمتروەرگێڕدراوە. ئەوەشی کەوەرگێڕدراون دەقی چەندشاعیرێکی دیاریکراوە. بۆیەخوێنەری کورد دەرفەتی ئەوەی لەبەردەم نەرخساوە، کەبەئەزموونی شیعری دیکەی شاعیرە ناسراوەکانی دنیائاشنا بێت.بەتایبەتیش کەخوێنەری کورد بەگشتی تەنھا زمانی دایک دەزانێت وناتوانێ بەزمانی نووسراوی دەقەکان، دەقەکان بخوێنێتەوە.لێرەوەش کاتێ ئەزموونی شاعیران ونووسەرانی دنیابەزمانی کوردی دەخوێنینەوە، ڕەنگە بەرجیاوازییەکی گەورەو داھێنانێکی جوانترلەئەزموونی شیعری شاعیرانی کورد نەکەوین. من دەزانم ڕەنگەکەسانێک سەیریان بەوبۆچوونەی من بێت. بەڵام کاتێ دەگەڕٍێنەوە سەردەقەکان وبەراوردی یەکتریان دەکەن، ئەوکات ئەو گومانەیان دەبێتەیەقین.کورد وەک نەتەوەیەک نەک تەنھا خاک و جوگرافیاو مێژووی داگیر کراوە، بەڵکو ھەوڵی لەنێوبردنی فەرھەنگەکەشی دراوە. بۆیە ھەلی ئەوەی بۆنەڕخساوە ئەدەبەکەی خۆی بەدنیا بناسێنێت. کە(محمود دەروێش) بەجیھانی دەبێت وتا ڕادەیەک شێرکۆبێکەس نا، لەبەرئەوەیە کەجیھان ھاوسۆزی گەلی فەلەستینە، بەڵام ھاوسۆزی کوردنا. دەروێش وەک شاعیرێکی بێ خاک و دەوڵەت دەبینن ولەپەراوێزی سیاسەتەوە، دەبێتە شوناسێکی جیھانی گەورە. بەڵام دەوڵەت بەکورد ڕەوانابینن، بۆیەئەزموونی شێرکۆ لەئاست ئەزموونی دەروێش شوناسێکی جیھانی وەرناگرێت. ئەگەرناخوێنەر دەتوانێ شیعرەکانیان بەراورد بکات.کتێبی(ھەموو شەوێک وەرە بۆلام) ھەڵبژاردەیەکە لەشیعری جیھانی و وەرگێڕی بەتواناو دیاری کورد( ئازاد بەرزنجی) وەریگێڕاوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کۆکراوەی بژاردەی شیعری جیھانییە لەنەتەوە جیاوازەکانی دنیا. کتێبەکەچەندان دەقی شیعری جیھانی لەشیعری نەتەوەکانی عەرەب وفارس وفەڕەنسی وئەمریکی وڕوسی ھی شاعیرانی وەک:(لۆرکا_ژاک برێڤەر_واڵت ویتمان_ئانا ئاخماتۆڤا_محمد ماغوت_ ئەحمەدی شاملۆ_ بەدرشاکرسەیاب_ئیدگارئالان پۆ_پۆل ئێلوار)و چەند شاعیرێکی دیکەش لەخۆدەگرێت. ھەریەک لەوشاعیرانە، چەند نموونەیەک لەشیعرەکانییان بەزمانێکی کوردییانەی جوان وسادە، بێ گرێوگۆڵ وەرگێڕدراون. خوێنەرکاتێ ئەوشیعرانە دەخوێنێتەوە، واھەست دەکات دەقەکان بەزمانی ڕەسەنی خۆیان دەخوێنێتەوە. وەرگێڕی شیعرەکان ھەوڵیداوە مۆرکی دەقەکان وشیعریەت وچێژ و ڕیتمی دەقەکان، لەکاتی وەرگێڕاندا بەزمانێکی کوردییانە بگەیەنێتە خوێنەری کورد وتیاشیدا سەرکەوتووبووە. شیعرەکان بەگشتی بژاردەی شیعری جوان وسەرنج ڕاکێشن. لەزماندا سادەن، لەناوەڕۆک و دەربڕیندا شیعری ساکارن، بەڵام وێنەی شیعرییانەی جوانییان تێدایە. خوێنەوەی ئەم کۆمەڵە شیعرە کەپێشتریش چەندان دەقی شیعری دیکەی وەرگێڕدراوم بەزمانی کوردی ھی ھەمان وەرگێڕخوێندبوونەوە، بۆمن جێگەی بایەخ و سەرنج بوو وەک خوێنەرێکی شیعروئەدەب دۆستێک. لەدووڕوانگەوە، ئەم شیعرانە بۆمن جێگەی ھەڵوەستەن. یەکەمییان: وەک خوێنەرێک ئاشنای شیعری شاعیرە ناسراوەکانی دنیا کەپێشتر نەمتوانیوە بەزمانی خۆیان شیعرەکانییان بخوێنمەوە دەبم، دووەمیشیان: بۆ ئەوەی ئەزموونی شیعری جیھانی وشیعری کوردی وشاعیرانی کوردوجیھان بەراوردبە یەکتری بکەم. من کاتێ ئەوکۆمەڵە شیعرەم خوێندەوە، گەرچی بژاردەی شیعری جوانن، بەڵام وەک خوێنەرێک درکیشم بەوەکردکە شاعیرانی دنیا ئەوانەی لەئاستی جیھاندا شوناسێکی جیھانییان وەرگرتووە،شیعرەکانییان لەشیعری شاعیرانی کوردجوانتروھونەریترو بگرە پڕماناتریش نییە. ڕەنگە کەسانێک ئەو بۆچوونەی منیان بەلاوە سەیر بێت،بەڵام دەتوانن شیعرەکان بخوێننەوەو بەراوردی یەکتریان بکەن.ئەگەرکوردوەک نەتەوەیەک ژێردەستەوچەوساوە نەبووایە، خاوەنی دەوڵەتی خۆی بووایە، ئەوابێگومانم شیعری شاعیرانی کوردیش لەئاستی شیعری شاعیرانی دنیا دەبوو. بەڵام مرۆڤ کە خاک و نەتەوەی داگیرکرابێت، ئەوا فەرھەنگ و کلتووریشی لەنێودەبرێت.یاخود ڕووبەڕووی سڕینەوەو توانەوەلەفەرھەنگی نەتەوەی سەردەست دەبێتەوە. وەک ئەوەی ھەندێک جارزمانی کوردی بەلقێکی زمانی فارسی دەزانن. لەشیعری شاعیرانی کورد، ھەزاران دەربڕین و وێنەی ھونەری شیعرییانەی جوان ھەیە، کەزۆر لە شیعری شاعیرانی دنیا بەچێژترو سەرنج ڕاکێشترن.وەلێ چونکە شیعری کوردی وەرنەگێڕدراوەتە سەرزمانی بیانی، یاخود شیعری بیانیمان بەزمانی کوردی نەخوێندۆتەوە، ئیدی واھەست دەکەین شاعیرانی دنیا لەشاعیرانی کورد داھێنەرترن. ئەمەڕەنگە بۆئەزموونی شاعیرانی نەتەوەیەکی دیاریکراویش وەھا بێت. بۆنموونە ھەرلەو کۆمەڵە شیعرەدا، چەندان شیعری شاعیری جواننووسی فارس(بێژەن جەلالی) تێدایە. خوێنەرکاتێ ئەوشیعرانە دەخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت لە تواناوئەزموونی شیعری ئەوشاعیرە. ئەوکات تێدەگات کەتەنھا سوھراپ وفروخ لەئەدەبی فارسیدا نین کەدەیان ساڵە بەشێکی زۆر لەوەرگێڕەکانی کورد دەیانەوێت واپیشانی بدەن ولەخوێنەری بگەیەنن کەفارس تەنھا ئەو دوو شاعیرەی ھەیە. بەپێچەوانەوە، دەشێ شاعیری بەتوانای دیکەش ھەبن، کەلەبەرئەوەی شیعرەکانیان وەرنەگێڕدراوەتە سەرزمانی کوردی، ئیدی گومناوو نەناسراون.ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە ئەرکی وەرگێڕەکانی کوردە کەچەند ھەوڵییانداوە دەقی نووسەرانی دنیا بەخوێنەری کوردبناسێنن، ئەوەندەش ھەوڵی وەرگێڕانی بەرھەمی نووسەرانی کورد لەشیعرو چیڕۆک وڕۆمان بدەن.بۆ ئەوەی خوێنەرانی دنیاش بزانن کەکوردیش چەندان شاعیری بەتواناوجواننوسی ھەیە کەھیچیان لەشاعیرە ناودارەکانی دنیاکەمترنییە، وەلێ بەداخەوە ئێمە باجی بێ دەوڵەتی و بێ نیشتمانی دەدەین. لەکۆتاییدا دەست خۆشانە لە(ئازاد بەرزنجی) دەکەم. ھیوادارم یەردەوام بێت لە وەگێڕانی ئەزموونی نووسەرانی دنیا بۆ سەر زمانی کوردی و بە پێچەوانەوەش.
*پەراوێز:_
ناوی کتێب(ھەمووشەوێک وەرە بۆلام)/بابەت/ ھەڵبژاردە لەشیعری جیھانی/ وەرگێڕانی(ئازادبەرزنجی)/بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم ٢٠١٨..

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

نامەکانی ئیشق..ھەموو بەیانییەک

سەردار جاف ٢٧ – بەیانیەک بە جوڵەی شنە تەنگبوونی دڵم ھەڵوەرێنە، خەندە و بزەیەک بە …