سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / کروزانەوەو نوزانەوە لە شیعری کوردیدا..کۆمەڵە شیعری چۆڕاوی تریفە بەنموونە

کروزانەوەو نوزانەوە لە شیعری کوردیدا..کۆمەڵە شیعری چۆڕاوی تریفە بەنموونە

سەدیق سەعید ڕواندزی
بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا،دابڕانێکی گەورە لە نێوان شیعرو خوێنەری شیعردا ھەیە. بەشێکی گەورە و سەرەکی ئەم دابڕان و تۆرانە لەشیعر، پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ڕووبەرێکی گەورە لە ئەزموونی ئێستای شیعری کوردیدا، خاڵییە لە چێژی شیعری و مانای شیعری. لەئەدەبی کوردیدا، لەقۆناغی کلاسیکەوە بۆ ڕیالیزم و بۆ ڕۆمانسییەت و بۆ نوێکردنەوەی شیعر لە سەردەستی گۆرانی داھێنەرو پاشان شەستەکان و قۆناغی ڕوانگە و ھەشتاکانی سەردەمی سیمبولیزم و کەمێکیش دوای ڕاپەڕین، ئەزموونی شیعری کوردی ھەڵگری چێژی شیعری و پەیامی شیعری بووە. تەنانەت لە ھەندێ کاتدا، شاعیرانی ئێمە ڕۆڵی منەوەڕو ڕێ نیشاندەرو کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخوازدەبینن لە شیعرەکانیاندا. ھەموو ئەمانەش، لە ڕێی گوتاری شیعری و دنیابینی شیعرییەوە بووە.شیعر لای ئەوان، ھەر تەنھا پانتایەک نەبووە بۆ دەربڕینی ھەست و سۆز،بەڵکو ماناو پەیامێکیشی ھەبووە. قانع بە شیعرەکانی بەگژ جیاوازی چینایەتی و نادادی کۆمەڵایەتی دادێتەوە. بێکەس ڕەخنەی ئەقڵی دۆگماو دواکەوتووی کۆمەلگە دەکات و ھانی تاکەکان دەدات چاو لە غەرب بکەن و کەشتی دروست بکەن. ئەحمەد موختارجاف خەون بە ڕاکێشانی ھێڵی شەمەندەفەر دەبینێت. گۆران سروشت جوان و ڕازاوەتردەکات، ڕەفیق سابیرو شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو، نیشتمان دەکەنە دایکی دووەمی مرۆڤەکان و ئەو ھەستەیان لادروست دەکەن کە ھیچ زێدێک شوێنی نیشتمانی ڕاستەقینە ناگرێتەوە. چەندین نموونەی دیکەش.بۆیەشە بە درێژایی زەمەن ئەوشیعرانە لە یادەوەری ئێمە ماونەتەوە، چونکە ھەڵگری پەیامێک بوونە.ئەگەرچی لە ڕووی چێژو ئەزموونی شیعرییەوە، ڕەنگە گونجاو نەبێت بەراوردی شیعری ئێستا بەوھەموو پێشکەوتنە ژیاریی و ئاڵۆزەی ژیانەوە، بە شیعری ھەشتا ساڵ لەمەو بەربکەین. بە تایبەتی کە ئێستا، دنیا دنیای تاکگەرایی وبە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و دابڕانە لە ژیانی گشتی و ئەزموونی گشتی کۆمەلگە. بەڵام پرسیارئەوەیە، کە ئاخۆلە ھەرقۆناغ و کات و ساتێک دابێت،خوێنەران بۆ چی شیعردەخوێننەوە؟ئەگەرشیعرلە پێناو پەیامێک و ئامانجێکیش نەبێت، ئەوا دواجار نابێ ئەوەمان بیربچێت کە شیعرچێژو جوانی بە خوێنەر دەبەخشێت. وەک چۆن لە خوێنەوەی ڕۆمان وچیڕۆکیشدا ھەمان چێژ وەردەگرێت. بەڵام کاتێ شیعر دادەماڵدرێت لە ھەموو سیمایەکی ھونەری و ئستاتیکی و زمانی ئەوەندە تیادا سادە و میللی دەبێتەوە کە شیعرلە شیعربوونی خۆی دەکەوێت، بێگومان خوێنەر ناتوانێت ئەوجۆرە دەقانە بخوێنێتەوە، کە بەداخەوە ڕووبەرێکی گەورە لە ئەزموونی ئەمڕۆی شیعری کوردی، خاڵییە لە چێژوجوانی و مانا. بگرە کاتێ خوێنەر دەیخوێنێتەوە، واھەست دەکات ھەرگیز ئەوە شیعر نییە دەیخوێنێتەوە، بەڵکو دەردە دڵێکە لە نموونەی فەیسبووکە شیعر کە بینینی ھەر ئەو ساتانەیە کە بەریدەکەوین. لەکاتێکدا، دەقی داھێنەرانە دەبێ زەمەن ببڕێت و سنووری قۆناغەکان تەی بکات، وەک: لاوکی ھەڵەبحەو ئەی ڕەقیب و شیعرەکانی پیرەمێرد.کۆمەڵە شیعری(چۆڕاوی تریفە)ناونیشانی کۆمەڵە شیعرێکی(عەبدولڕەحمان فەرھادی)یە. کە چەند دەقێکی شیعری لە خۆدەگرێت، کەزۆربەی ھەرە زۆریان بە زمانێکی سادە و ساکار نووسراون. کە ئەگەر چەند وێنەیەکی کەمی شیعرییان لێ دەربھێنین و لە بێژینگییان بدەین، ئەوا بە بڕوای من وەک خوێنەرێک شتێکی ئەو تۆی لێ نامێنێتەوە بە ناوی شیعر، جگە لە چەند دەردە دڵێک کە سیمای سەرەکییان کروزانەوە و نووزانەوەیە. وەک ئەوەی بەداخەوە لە پانتایی گۆرانی کوردی و بەشێکی یەکجار زۆری ئەو بنووسانە دەیبینین کە گوایە شیعری لیریکی و شیعری گۆرانی دەنووسن. عەبدولڕەحمان فەرھادی، لە بەشێکی زۆری شیعرەکانیدا زمان تا ئاستێکی ھێندە فراوان ساکارو سادە دەکاتەوە، کە ھیچ خاسیەتێکی زمانی شیعری نەمێنێت. لە کاتێکدا ئەرکی سەرەکی زمان لە شیعردا، بەرجەستەکردنی وێنەیەکی ھونەری جوانە کە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێ. شیعر لەڕێی زمانەوە چێژبە خوێنەر دەبەخشێت.چونکە چیڕۆک و ڕۆمان نییە تا گێڕانەوەی تێدا بێت. کەرستەی شیعری لای فەرھادی، ھەمان ئەو وشە سادەو بێ ناوەڕۆک و نائستاتیکیانەن، کە دەشێ مرۆڤ ڕۆژانە سەدان جار گوێبیستیان ببێت.لەکاتێکدا، ئەگەر لە نێوان زمانی شیعرو زمانی میللی ڕۆژانە، ھیچ جیاوازییەک نەمایەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەنووسرێت شیعر نییە، بەڵکو ھەڵڕشتنی دەردە دڵەکانی ژیانە لە زماندا وەبە شێوەیەکی دیکە. نابێ لەنێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانە و زمانی شیعردا وەک ژانرێکی ئەدەبی، ھیچ خاسیەتێکی ھونەری نەمێنێت لە یەکتریان جیابکاتەوە. بەشێکی زۆر لەوانەی گوایە شیعر دەنووسن، درک بەو خاسیەتانە ناکەن، ھەر بۆیەشە شیعرەکانیان وەک قسەی میللی و ڕۆژانە، ھیچ پرسیارو ھەڵوەستەیەک لای خوێنەر جێناھێڵن. بگرە خوێنەوە و نەخوێندنەوەیان وەک یەکترییە. لێرەوەش کاتێ سەرنج لە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانە دەدەین، زۆر بە ئاسانی ھەست بەو میللیی بوونەوەی زمان دەکەین لای فەرھادی. وەک ئەوەی لەشیعرێکدا دەڵێت:_
بیری منداڵیم دەکەم..
ئەو کاتەی دەستی عەبدولرەزاقی برامم دەگرت و..
بەیەکەوە دەچووینە مەکتەبی بۆتان..
بڕواناکەم ھیچ شاعیرێکی کورد ھەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان و لەدەمێک لەدەمەکان، خەیاڵی گەڕانەوەی منداڵی نەکات.بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەگەر خەیاڵی گەڕانەوەی منداڵی لە شیعردا ئەوە بێت کە ئێمە ڕۆژگارێک لە ڕۆژگارەکان دەستی براکەمان گرتووە و بردوومانەتە قوتابخانە، ئەوا ئێستا ھەموومان شاعیر دەبووین. چونکە کەس نییە لە ئێمە دەستی براکەی نەگرتبێت و نەیبردبێتە قوتابخانە.جا باوکی بێت یان براکەی. ئەو وێناکردنە بۆ منداڵی لە شیعردا، ھیچ چێژو جوانییەکی شیعری تێدا نییە کە بشێ لە خانەی شیعردا پۆڵینی بکەین. فەرھادی ھەر لەو بە ناو شیعرەیدا، ھەرچی دیاردەکانی سەردەمی منداڵی وەک: کرێمستی و نازانم چی و چی، ئاخنیویەتییە دەقەکەی، ناویشی ناوە شیعر. لە کاتێکدا پەشێو لە شیعرێکدا خەیاڵی گەڕانەوە بۆ ھەولێر دەکات، بەڵام ئەو خەیاڵی گەڕانەوە بۆ لای کێ دەکات؟ بێگومان بۆ لای شێتەکان. واتە لانەوازترین وپەرپووترین مرۆڤەکان. ئەمە دەلالەتە لەچی؟ لەفراوانی دنیابینی پەشێو و ژیاندۆستی ئەو شاعیرە کە شیعر دەکاتە مینبەرێک بۆ نیشاندانی خەمەکانی مرۆڤ.ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە دەشێ زمان لە شیعردا سادە بێت، بەڵام ئەو زمانە چەند ھێزی ئەوەی ھەیە وێنەی شیعری باڵا بخوڵقێنێت. من وەک خوێنەرێک دەیان و سەدان نموونەی شیعریم لایە، کە زمان تیایاندا زۆر سادەیە، بەڵام ئەو پەڕی چێژی و جوانیش بە خوێنەر دەدەن کە بەداخەوە دەرفەت نییە نموونەیان لێبێنینەوە.بەڵام گرفتی بەشێکی زۆری لە وانەی شیعر دەنووسن لەوە دایە،کاتێ زمان سادە دەکەنەوە، مانا وندەکەن.بێ ئاگا لەوەی شیعرئەگەر سادەش بێت، دەبێ ھەڵگری ماناو پەیامێک بێت. من لێرەدا نموونەیەک لە سادەیی زمان لە شیعرێکی شێرکۆ بێکەس دەھێنمەوە، بۆ ئەوەی ئاستی ئیبداعی ئەو شاعیرە لە سادەیی زماندا پیشان بدەین. شێرکۆ لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
ئەگەر لەناو شیعرەکانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە
لە چوار وەرز وەرزێکم دەمرێ…
گەر یار بێننە دەرەوە دووانم دەمرن..
گەر نان بێننە دەرەوە سیانم دەمرن
گەر ئازادی بێننە دەرەوە ساڵم دەمرێ و خۆشم دەمرم..
ھەموو ئەم وشانەی لەو کۆپڵە شیعرییەی بێکەسدا بەکارھاتوون، کەرستەی وشەی سادەن کە ئێمە ڕۆژانە ھەزاران جار گوێبیستییان دەبین. بەڵام دەبینین شێرکۆ لە پاڵ ئەو وشە سادانەوە،چ ماناو چ مەدلولێکی قووڵی شیعرییانەی بە چەمکی ئازادی داوە، کە ئازادی ھاوتا کردووە بە مەرگی مرۆڤەکان.بەو مانایەی ئەگەر ئازادی نەبێت، ژیانیش نابێت. لێرەدا ئەو پرسیارە سەرھەڵئەدات کە ئەوە چییە وا دەکات شاعیرێک لە زمانێکی سادە شیعرێکی پڕ مانا بخوڵقێنێت و یەکێکی تریان نەتوانێت؟ بێگومان خەیاڵ و وزەی شیعرییە کە زمان پێکھاتەی سەرەکییەتی.چونکە ئەگەر لەنێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانە و زمانی شیعرییانە ھیچ سنوورێک نەما،ئەوا دواجار ئەوەی دەنووسرێت شیعر نییە بەڵکو قسەکردنە وەک ھەر قسەکردنێکی دیکەی ئاسایی.فەرھادی لە بەشێکی زۆری دەقەکانی نێو ئەو کتێبەی بەزمانێک شیعر دەنووسێت کە ھیچ داھێنانێکی تێدا نییە، بگرە ھەموو کەسێک و بە ئەوانەشی ئەلف و بێی شیعری نازانن، دەتوانن بەو شێوەیە گوزارشت لە دەردە دڵی خۆیان بکەن. ئاخر ئەگەر شیعر بووە دەردە دڵ، ئیدی چیتر ئەو ئاسکە ڕامنەکراوە نییە کە ھەموو نێچیرێک نەتوانێت ڕاوی بکات. ئەگەر نووسینی شیعر ئەوە بێت کە فەرھادی لە بەشێکی زۆری دەقەکانیدا گوزارشتی لێکردووە،ئەوا مانایەک بۆ شیعرو شاعیربوون نامێنێتەوە.چونکە ئێستا بە ھۆی زۆربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرفراوانبوونی سەکۆکانی بڵاوکردنەوە، ڕۆژانە ھەزاران دەردە دڵ لە ڵاپەڕەکانی فیسبووک بڵاو دەکرێنەوە. گوتاری زەقی ئەو نووسینانەش کروزانەوە و نووزاننەوەیە بۆ یار تا ئاوڕێکییان لێبداتەوە، یاخود تەماشایەکییان بکات. بگرە ھەندێکییان ئامادەن ببنە کۆیلەش،بێ ئاگا لەوەی مەسیح وتەنی:_(چی بەکەلکی مرۆڤ دێت ئەگەر ھەموو دنیا بەڕێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت). بۆمن وەک خوێنەرێک ئەوە ئاساییە ئەوجۆرە لەنووسین لای لەشکرێک لە بنووسەکان ھەبێت، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە شاعیرێک کە گوایە تەمەنێکی درێژە لەگەڵ وشە و شیعر لە دەست لەملانێدایە،ھەمان ئەو دەردە دڵانە بە شیعر بە خوێنەر بفرۆشێتەوە و بەھەمان ھەناسە و تێگەیشتنی ئەودڵشکاوانە شیعربنووسێت، کە لەداخی دۆڕانی خۆشەویستییەکەیان شتێک بەناوی شیعر دەنووسن.من کاتێ وەک خوێنەرێک چەندین نموونەی لەو شێوەیەم لە کۆمەڵە شیعری چۆڕاوی تریفە دیت،لەڕاستیدا وەک خوێنەرێک تەریق بوومەوە.چونکە شاعیری داھێنەرو خاوەن پەیام، ناچێ بەدیار ھاتنی یارەوە دۆش دابمێنێت، بەڵکو ژیان و مرۆڤەکان دەگۆڕێت،شیعر دەکاتە پەیامێک بۆ ھوشیاری کۆمەلگە،دەسەڵات ڕادەچلەکێنێ وەک بیست و ھەفت ساڵەی بێکەس.شیعر دەبێت ھەڵگری خەمێکی گەورەی ئینسانی بێت،دەبێ ئاوێنەیەک بێت خۆی و خەمەکانی تیادا ڕەنگبدەنەوە،دەبێ ھەوڵی جوانترکردنی ژیان بدات.ئەگەر دەردە دڵ و خەمەکانی ڕۆژ لەژانری شیعردا پۆڵین بکەین،ئەوا ھەموومان دەبینە شاعیر. عەبدولڕەحمان فەرھادی لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:_
ئەو شاعیرە سەرشێتەی خۆت…
کە نان و ئاوی ڕۆژانە…ھەرگریان و زارییە بۆت..ڵا١١٩
شک لەوە دانییە ئەگەر شاعیرێک نان و ئاوی ڕۆژانەی ھەرشین و واوەیلا بێت بۆ یار، ئەوا نە دەتوانێ داھێنان بکات، نە دەشتوانێت شتێکی جیاوازتر لەکەسانی تر بڵێت.سەیرم پێدێت وەک خوێنەرێک کەسێک خۆی پێ شاعیرێکی بەناو و دەنگ بێت و ساڵانێکی زۆرە گوایە شیعر دەنووسێت،کەچی دەردە دڵی ڕۆمانسییانەی ھێندە سادە، کە خەمی ڕۆژانەی ھەزاران ھەرزەکاری دڵشکاوی ئێمەیە،بەناوی شیعرەوە بنووسێت. ئایا ھیچ جیاوازییەک ھەیە لە ئاستی زمان، پەیام، ماناو ناوەڕۆکی شیعری لە نێوان ئەو نووسینەی فەرھادی لەگەڵ ھەزاران دەردەدڵی ترکە ڕۆژانە ڵاپەڕە بێ ماناکانی بەشێک لە پەیحەکانی فەیسبووک دەگرن؟ ئایا کاری شاعیر ئەوەیە بکروزێتەوە یان یاخی بێت؟ پەیامی ھەبێت و شیعر لە پێناو مرۆڤ بنووسێت یان خەمی ڕۆژانەی ببێتە چاوەڕوانی یار. بەڕاستی جێگەی پێکەنینە لەنێو ئەو ھەموو خەمە مەزنانەدا،لەنێو ئەو ھەموو بێ مانایی و ئاڵۆزییەی ژیاندا، لەسەردەمێکدا کە ھەموو جوانییەکان و پیرۆزییەکانی خەریکە تیادا نامێنێت، کەسێک ھەبێت نان و ئاوی ڕۆژانەی خەمی یار بێت! ئاخر بۆیە کەس شیعری ئێستا ناخوێنێتەوە، چونکە دەزانن لە خەمی ڕۆژانەو دەردە دڵی بنووسەکانیان تائەو لاوە ناڕوات. شاعیر لە بری ئەوەی ھەوڵی جوانترکردنی ژیان بدات، داوای یەکسانی و نەبوونی جیاوازی چینایەتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ئەوانی تربکات،دێت دەکروزێتەوە.بەڵام بابزانین کاتێ ئەمە حاڵی شاعیرە، ئایا ھەڵوێستی ئەو کەسە چۆنە کە نان و ئاوی ڕۆژانەی لە شاعیر کردۆتە خەم و خەفەت؟ ئایا ئەویش ھەمان ھەست و ھەمان خۆشەویستی و ھەمان تێڕوانینی ھەیە؟ یان بێ ئاگایە لەشاعیر؟ تۆبڵێی ئەو ئاگاداری حاڵی شاعیر بێت و بەزەیەکی پێدا نەیەتەوە؟ ئێمە لێرەدا ھیچ ناڵێین، بەڵکو ھەر بە شیعرەکانی ئەمە دەردەخەین، وەک ئەوەی ئەمجارەیان دەڵێت:_
کەبەسەیارەی جام ڕەش پێچ دەکەیتەوە…
بۆماڵەوە..حەزدەکەم چاوێکم لێبکەی…ڵا٤٧
شاعیر تەنانەت بەوەش ڕازییە، یار تیلە چاوێکی بداتێ.ئەم ھەژارییە لەدەربڕین لە ڕووی زمانی شیعرییەوە،دەرەنجامی نەبوونی خەیاڵی شیعرییە.یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی شاعیرانی ڕاستەقینە بوونی خەیاڵێکی بەرفراوانی شیعرییە کە دەکرێت ھەموو گەردوون بەھەموو پێکھاتە فیزیکییەکانەوە لە خۆبگرێت.دنیابینی ھیچ شاعیرێک، نابێ ھێندە دۆگماو قەتیس کراوبێت کەتەنھا لەچوارچێوەی وێنەیەکی ناشیعری و ناھونەری خۆی ببینێتەوە.ھەرشاعیرێک نەیتوانی ئەو خەیاڵە شیعرییە فراوانتربکات، بێگومان ناشتوانێت ڕووبەری زمان و دەربڕین لە شیعردا مەزنتر بکات.شێرکۆ بێکەس بۆیە تا مردیش توانی لە لوتکەی شیعری کوردی بمێنێتەوە،چونکە ئەو خەیاڵە شیعرییەی ھەبوو.پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەوانەی لەگەڵ دەرکەوتنیان ھەرلە سەرەتاوە دەپووکێنەوە. چونکە شیعر وزە لەزمان وەردەگرێت.چەند زمان بە چەمک و دەستەواژە و دەربڕینی نوێ تازە بێتەوە، ئەوەندەش شاعیر دەتوانێت بەردەوامی بە شیعر بدات.لەنێو ئەو ھەموو دیاردە جەنجاڵانەی ژیان و ئەو ھەموو شەکەتییەی بووندا، خەیاڵی شاعیر لای ئوتومبێلی جام ڕەشە!بەومەرجەی کچێکی تیابێت. بیرم ناکەوێتەوە کێیە دەڵێت:_(لەدوای ھۆلۆکۆست نووسینی شیعر کارێکی بێ مانایە).وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریەتی ئەو کارەساتە بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا،کەچی لەلای ئێمە بەشێک لەوانەی گوایە شیعردەنووسن،دێن لە شیعرەکانیان ڕیکلام بۆ(وەنەوشە و لیگزز) دەکەن. وەک ئەوەی قەیرانی وشە و دەربڕین بێت لە شیعردا.شاعیرلە دەمێکدا ئەو شیعرانەی بڵاوکردۆتەوە ،کە ھیچ ماڵێکی ئەم کوردستانە نەبوو ڕۆژانە شەھیدێکییان بۆ نەچێتەوە بەردەرگا. ئەو لە کاتێکدا ئەم دەردە دڵانە بەناوی شیعر بڵاو دەکاتەوە،کە خەریک بوو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش ھەموومان سەرببڕێت و ئافرەتەکانمان بکاتە کەنیزەک. چەند کیلۆمەترێک مابوو شارەکەی ئەو داگیربکات. کەچی ئەو تازە بە تازە فۆکسی لەسەر ئوتومبێلی جام ڕەشەو شەو و ڕۆژ شین و واوەیلایەتی بۆ یار.خوێنەر کاتێ لە نێو ئەو ھەموو ناشرینی و ئاڵۆزییەی ژیاندا،خەیاڵی بەشێک لە بەناوشیعری ھەندێک شاعیر دەبینێت،نزیکە لەوەی ھەرچی شیعری دنیا ھەیە لە بەرچاوی بکەوێت.ئەفلاتوون کە شاعیرانی فڕێداوەتە دەرەوەی کۆمارەکەی، بڕوام وایە لەبەر ئەوجۆرە شیعرانە بووە.شاعیربەردەوام دەبێت لەڕشتنی کەف و کوڵی ناخی بەناوی شیعرو لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:_
تاڵێ لە قژت دەدزم..
تا لە جیاتی ناسنامەکەم..
لەنێوجانتای گیرفانم بێت…ڵا٤١
باس لەوەناکەین کە چۆن جزدان و جانتای تێکەڵ کردووە،چونکە ئەوەی لە گیڕفان ھەڵدەگیرێت جزدانە نەک جانتا، تەنھا دەپرسین ئایا دەکرێت مرۆڤ ھەمووناسنامەی خۆی لە ژنێک و لە ژنیشدا لە تاڵە قژێکی ببینێتەوە؟ھیچ کەسێک ھەیە ئارەزووی ئەوەبکات ببێتە کۆیلە و دەستەمۆی تاڵە قژێکی یارەکەی بێت؟ئەگەر مرۆڤ چەند ئاشقی مەعشوقەکەشی بێت،ھیچ سنوورێکی بۆ ئەو کەسە نەبێت کە خۆشی دەوێت، ئایا مانای وایە ناسنامەی خۆی لە ئەودا بتوێنێتەوە و ھەموو بوون و ژیانی خۆی لە تاڵە قژەکەی ببینێتەوە،تا سەرەنجام بوونی خۆشی نامێنێت.لۆرکا کە فاشستەکان شەھیدیان کرد، ئایا لەبەر ئەوە بوو کە تاڵە قژێکی یارەکەی لە گیرفاندابوو،یان داوای ئازادی و سەربەستی بۆ مرۆڤ دەکرد؟تۆبڵێی ئەگەر ھەرتەنھا لەو جۆرە شیعرانەی بنووسیبا، ئێستا لای مرۆڤایەتی نەمرببا؟یان دەکەوتە پەراوێزی مێژوو. لە ئەزموونی ڕابردووی شیعری ئێمەدا،شیعر پەیامێک بووە کە زۆرجار وەک ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی بینیوە لە نێوکۆمەلگەدا.نەوەد ساڵ لە مەوبەر، بێکەس داوا لە مرۆڤی کورد دەکات چاو لە ڕۆژئاوا بکەن و کەشتی دروست بکەن،کەچی تازە بەتازە گوتاری بەشێک لە شیعری ئەوانەی شیعر دەنووسن، لەدەوری تاڵە قژو قردێلەی سوورو کوڵمەی ئاڵ دەخولێتەوە و ڕەنگە بەلاشیانەوە جێی نیگەرانی بێت کە بۆچی لەبارەی شیعرەکانییانەوە ھیچ نانووسرێت.زمانی بەشێکی زۆر لەو شیعرانە چ لە ڕووی فۆڕمی شیعریی، یاخود لەڕووی ناوەڕۆکەوە،زمانێکی سادە و میللین،وشە و دەستەواژەکان،ھیچ جوانکارییەک بەدەقەکە نادەن کە بشێ خوێنەر ڕابگرن.بەڵکو دەتوانرێت ھەمان ئەو وشانە،لە شێوەیەکی دیکەی نووسیندا، بەدەر لە ژانری شیعر دەرببردرێن. ئیدی ناونانیان بە شیعر نازانم چ نوێکارییەکی تێدایە.بۆنموونە لە شیعرێکدا دەڵێت:_
ژووری کتێبخانەی ماڵەوەمان..
دەکەن بە ژووری نان خواردن..
پڕی دەکەن لەکاونتەر،کەوچک و پلیت وقازان..
ڕۆژانی ھەینی دەعوەتی قەبە قەبەی لێدەکەن..ڵا٧٨
خاڵێک کە بۆمن وەک خوێنەرێک جێگەی سەرنجە لە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەی ئەمڕۆ بڵاودەکرێنەوە ئەوەیە،کە ھەموویان دواجار جۆرێک لە برەودان بە تێرکردنی گەدە و خواردن دەدەن. ئێمە لە ئێستادا بەشێکی زۆری لایەنەکانی ژیانمان بۆتە خەمی خواردن و گەشت و سەیران. لە ھەر شارێک ڕوو لە ھەر کوچە و کۆڵانێک بکەین، مەحاڵە چەندین چێشتخانە نەبینین.ئەو ھەمووبایەخدانە بەخواردن، بەبڕوای من گوزارشتە لەوەی کە مرۆڤی کورد خەمی گەدەیتی نەک ھزر. دەیەوێت گەدەی تێر کات نەک مێشکی.ئاشکراشە کاتێ بەشێکی زۆری تاکەکان،خەمی سەرەکی ژیانیان بووە پێداویستییە جەستەییەکان،ئەوا ھزر ھیچ بایەخێکی نامێنێت. کە ھزریش بایەخی نەما،ئەوا گۆڕانکاریی و پێشکەوتن و بەرەو ژیاریی چوون نایەنە ئاراوە.کەم شیعری ئێستام بینیوە،بەجۆرێک لە جۆرەکان، دواجار شاعیرەکانیان نەیانگێڕابێتەوە سەرخواردن.نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ھەموو بوونەوەرێک بەخواردن دەژیت،بەڵام ئایا دەبێ مرۆڤ خەمی سەرەکی خواردن بێت؟بۆچی دەبێ خەیاڵی بەشێکی زۆر لە شاعیرانی ئێمە لە ئێستادا ھەرتەنھا لای چێشتخانە و کەوچک و قاپ ودەعوەت بێت؟ یاخود دنیابینی شیعرییان ھێندە سنووردارو بێ ھێز بێت، تەنھا ئەو کەرستە و دیاردە سواو و بێ بەھایانەی ژیان ببینن؟ لەکاتێکدا نیو سەدە زیاتر لەمەوبەر، قانع لە ڕێی شیعرەکانی بەگژ ھزری جیاوازی چینایەتی دادێتەوە و داوا لەمرۆڤەکان دەکات پارووی نانەکانیان لەگەڵ براکانیان بەش بکەن. لەڕاستیدا، ھەموو ژانرێکی ئەدەبی و ھونەری دەبێ دۆزێکی ھەبێت و پەیامێکی ھەبێت. سەیری شانۆی کوردی بکەن لە ھەفتاکان وبەراوردی بکەن بە شانۆی ئێستا، سەیری ھونەری گۆرانی و بەشێکی زۆری شیعری ئێستا بکەن بە بەراورد بە قۆناغی ھەشتاکان. ئەو کات چونکە دۆزێک ھەبوو، مرۆڤ چەقی بابەتەکان بوو، ھەموو شتێک لە پێناو مرۆڤ و بۆ ئەویش بوو،شانۆو گۆرانی و شیعر چەند بەھایان ھەبوو، چەند پیرۆز بوون و چۆن جەماوەرێکی بێ شووماریان ھەبوو.بەڵام لە ئێستادا چونکە ھەڵگری پەیامێک نین، چونکە لە خزمەت ئینسانیەت وجوانترکردنی ژیان دانین و ھەر تەنھا دەردە دڵێکی سادە و ساکارن بەزمانێکی ھەژار، دەبینین چۆن شیعر باوی نەماوە و چۆن ھۆڵی شانۆکانمان خاڵین.چۆن شیعر لە پاشەکشەیەکی گەورە دایە تا ئەو ڕادەیەی دوایین ژانرە بیر لە چاپکردنی بکرێتەوە لە نێوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە.لە چۆڕاوی تریفەدا، لە بە شێکی زۆری شیعرەکاندا نووسەر ئەوەندەی مەبەستی بووە کێش و سەرواو ڕیتمی شیعرەکەی تێکنەچێت، ئەوەندە وێنەی ھونەری و ڕەھەندی واتایی شیعرەکانی مەبەست نەبووە. بەدەربرینێکی تر،شاعیربەبێ ئەوەی بە خەیاڵی دابێت کە ھاوتاکردنی سەرواکان گۆڕانکاری لەمانای وشەکان دروست دەکات یاخودنا،وشەکانی ھاوسەروا کردووە.بۆنموونە:لەدێرە شیعرێکدا دەڵێت:_
مەدالیاوکلیلەکانم…
سەعاتە زنجیردارە سێ قورمیشیەکەی…
باسکم….ڵا١١٣
بۆ ئەوەی، لەڕووی ریتمی ناوەکییەوە لەگەڵ وشەی کلیلەکانم بێتەوە، ھاتووە کاتژمێری خستۆتە باسکی.چونکە ھەردووکیان بەپیتی میم کۆتاییان دێت.واتە جیاوازی نەکردووە لەنێوان باسک ودەست. چونکە دەبووبزانێت سەعات لەدەست دەکرێت نە لە باسک. ھەرگیز ناوترێت سعاتێکی لەباسک دابوو، بەڵکو ھەمیشە دەوترێت سعاتێکی لەدەست دابوو.چونکە دەست و ئانیشک و قۆڵ،ھەموویان ھەرباسکن،بەڵام سێ واتای جیاوازو ئاماژەن بۆسێ شوێنی جیاواز لە قۆڵی مرۆڤ.بەھەمان شێوە لەشوێنێکی تریشدادەڵێت:_(نەی بژەنن)لەکاتێکدا،نەی ناژەندرێت بەڵکولێدەدرێت.چونکە نەی لەئامێرە ژێدارەکان نییە،بەڵکو لە فوودارەکانە.ژەنین بۆئامێرە ژێدارەکانە.ئەم وردەکاریانە لەدەربڕین لە زماندا، بێگومان وردبینی و ھەڵوەستەکردنی دەوێت. چونکە زمانی نووسین بەگشتی یەکەیەکی بابەتی بەیەکەوە گرێدراوە،بەھەڵە نووسینی ھەر وشەیەک، ڕەنگە ببێتە ھۆی گۆڕینی تەواوی مانای ڕستەکە. خاڵێکی دیکە ھەیە کە گرنگە ئاماژەی پێ بکەم لە چۆڕاوی تریفەدا ئەوەیە، کەلەو کۆمەڵە شیعرەدا خوێنەر بە بەر سەدان وشەی دووبارەبووەوە دەکەوێت.بەڕادەیەک کە ئەگەر ئەو وشانە لە شیعرەکان دەربھێنین، ڕەنگە شتێکی ئەوتۆیان لەپەیڤی شیعری لێ نەمێنێتەوە.لەکاتێکدا زمان فابریکای بەرھەم ھێنانی شیعرە.شاعیرچەند لە زماندا پێشبکەوێت و نوێبێتەوە،ئەوەندە دەتوانێت بەردەوامی بەشیعر نووسین بدات.دەنا بەپێچەوانەوە وەک ئەوجەنگاوەرەی لێدێت کە بە چەند گوللەیەک دەیەوێت شەڕێکی درێژخایەن و یەکلاکەرەوە بکات و سەرەنجامیش دەدۆڕێت.دنیابینی بەشێک لە شاعیرانی ئێمە لەئاست وشەدا ھێندە ھەژارو سنووردارە،وشەیەک دەیان جار دووبارە و سەدبارە دەکەنەوە لەشیعر وھەرجارە و بەشێوەیەکیش.بۆ ئەوەی واپیشانی خوێنەری بدەن، کە شتێکی جیاوازییان نووسیوە.لە چۆڕاوی تریفەدا،دەیان وشەدووبارەکراونەتەوە.وەک:_(شالوور-قژ-قردێلە_مەرەکەب_قەلەمی شیڤەرو پاندان_خۆر_شوھب_تیشک_
پاییز_تاڵ-ڕوخسار_خەزەڵ_تریفە).ئەمانە و گەلێک وشەی دیکەش کە ئەگەرلە دیوانەکەیان دەربھێنین،شتێکی ئەوتۆ لەشیعرەکان نامێنێتەوە.لەکاتێکدا وەک باسمان کرد زمان بنەمای سەرەکی شیعرە.ھیچ شاعیرێک ناتوانێت بەردەوامی بەشیعرنووسین بدات و داھێنان بکات ئەگەردنیابینی تەنھا لەدەوری چەند وشەیەکی دیاریکراوخولایەوە.دواجاردەمەوێ ئاماژەبەوە بدەم کە شیعرژانری نوخبەیە.شیعربەندبێژی میللی نییە ھەزاران و ملیۆنان گوێگری ھەبێت. بۆیە دەبێ بەشێکی زۆر لەوانەی شیعر دەنووسن ئەوە بزانن کە خوێنەر ناتوانێت دەردە دڵەکانیان بە ناوی شیعر بخوێنێتەوە.شیعر پەیام و جوانی و مانایە.دەبێ خوێنەر ڕابگرێت و ھەستی ڕامان و بیرکردنەوەی لا دروست بکات.دەنا ھەرگیزاو ھەرگیزخوێنەرە وشیارەکانی شیعر ناتوانن دەردە دڵەکان لە شیعردا پۆلین بکەن وببینن. چونکە بڕواناکەم ھیچ کەسێک نەبێت لە ئێمە دەردەدڵێکی نەبێت،جا تایبەتی یاخود گشتی.ئەگەر دەردە دڵیش بە شیعر بزانین، ئەوا دواجار ھەموومان بێ جیاوازی شاعیرین!!!!…

*پەراوێز/چۆڕاوی تریفە/شیعر/ عەبدولڕەحمان فەرھادی/ساڵی چاپ ٢٠١٧_ھەولێر…

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر) ژمارە(٣٠٦٩)ڕۆژی ٢٤_٤_٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

تارمایی دیکتاتۆر لەچیڕۆکی پەیکەرەکانی سەلاح زەنگەنەدا

سەدیق سەعید ڕواندزی یەکێک لەو سیما سیاسییانەی لە سەردەمی دیکتاتۆردا لە عێراقدا بوونی ھەبوو، ئەو …