سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی منداڵان / چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان (مەڕ)

چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان (مەڕ)

ئێوە بمناسن مەڕم

ھەر خەریکی لەوەڕم

کە بۆ دەشت و دەر دەڕۆم

لەوێ گژ و گیا دەخۆم

شوانێکم لەگەڵدایە

ھەروەکو ھاوڕێم وایە

کوێ گیای سەوزی تێدایە

دەمبات بۆ ئەو جێگایە

لە لادێکاندا دەژیم

بوون بە مایەی دڵخۆشیم

ھەر کە تێر بووم دەستبەجێ

دەگەڕێننەوە ناو دێ

کابانی ماڵ دێت بۆ لام

دەزانێ ماندووی ڕێگام

ئاوم بۆ دادەنێ زوو

منیش دەکەومە پشوو

پاشان دێن و دەمدۆشن

بە شیرەکەم دڵخۆشن

دەبکەن بە ماست و بە دۆ

یاخود دەیخۆن ڕاستەوخۆ

قەیماغ و کەرە و پەنیر

زۆر بەسوودن بۆ ئێوەی ژیر

کێ لە ئێوە حەز دەکات

تەندروست بێت ھەموو کات

خۆشی بێت بە میوانی

پتەوتر بێت ئێسقانی

شیر و بەرھەمەکانی

بەکار بێنێت بەجوانی

….

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

دەربارەی عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

هەروەها ببینە

ساڵی تازەی خوێندن

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی . ساڵی تـــازەی خوێندنە خــۆشـــترین ڕۆژی منە بـــۆ پۆلێکی نوێ دەچم دڵ …