سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی منداڵان / چەپکێک ھۆنراوە بۆ منداڵان

چەپکێک ھۆنراوە بۆ منداڵان

تاجی سەرکەوتن
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
تەماشا چــــەند بەختەوەرم
چونکە تاجی سەرکــــەوتنم
بــــەجوانی کردۆتە ســەرم
….
وا مامۆستا و بابــە و دایــە
کـە بــــەمشێوەیە دەمبینن
خۆشییان زۆر لـە دڵـدایــە
……
لەدوورەوە بانگم دەکـــــەن
باوەشم بۆ دەکــــــــەنەوە
ماچ و خەندەم بۆ ھەڵدەدەن
….
ئای چەند دڵم شادومانە
باخچـەی منداڵان جێدێڵم
دەڕۆم بەرە و قوتابخـانە
….. ١٨/٥/٢٠١٩

دیارییەکەی دایکم
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
ئای چەند خۆشبوو لەسەرخۆ
دایکم کــەوتە گفتـوگـــۆ
وتی ڕۆڵەی شـــــــیرینم
دیــاریم ھێناوە بۆ تــــۆ

منیش زۆر بە پــــەرۆشی
سەرم خستە ســـەر کۆشی
دەستی ھێنا بەســـەرما
دنیایەک خــۆشیم نۆشی

پاشان دایە دەست و برد
ھات منی ماچ باران کـرد
ماچ خەڵات و ھــاندەرە
بۆ ئێمەی ژیکـەڵە و ورد

ھێندەم زانی دایە خان
وتی فەرموو ڕۆڵە گیان
ئەوە چـەندین کتێب و
گۆڤاری نوێی منداڵان

وتم دیــــاری تۆ و بابە
بـــــەبــــاشی دڵنیابە
چونکە دڵســـۆزی ئێمەن
زۆر بــــە نرخ و نایابە

وا منیش بڕیـــار دەدەم
کتێبخانەی ژوورەکــەم
بەو ھاوڕێ بەنرخـــانە
زیاتر فراوان بکــــەم

٢٧/١٢/٢٠١٦

خەون و خۆزگە

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

منداڵێکی بچــــــــــکۆلانـەم
بە ھـــاوشێوەی پەپولە و ھەنگ
پڕ پڕم لــە بەھـــــرە و ھیوا و
دنیایەک خەون و خۆزگەی شـەنگ

ســـــەیری چەند بە گورجوگۆڵی
بەرەو ئاســــۆ ھەنگـــاو دەنێم
لە ھــــەوڵدان ماندوو نابــــم
بە خـــــەندەوە ســـرود دەڵێم

زۆر حەز دەکــــەم ببمە پێشەنگ
لــە کـــاروانی پێشکـــــەوتنا
بەھێز و بــــڕوای بـــــەتینم
تا دیـار بم لە ســــــەرکەوتنا

٧/٦/٢٠١٨

منداڵ و ئایندە
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
ھــەر منداڵان ئایندەی
گـەشی کۆمەڵن ھەمـوو
پڕن لە بەھـرە و ھیوا و
خەون و خۆزگە و ئارەزوو

بەوانەوە شــــانۆی ژین
ڕەنگا و ڕەنگ و شـیرینە
پڕە لە قاقا و خــەندە و
ھەرخــۆشی و پێکەنینە

بڕۆن بۆ ھەر جێگایەک
شـــادی لەوێ میوانە
سیمای دڵگیری منداڵ
ھەتاکو بڵێی جــوانە

دەڵێی خەرمانی گوڵن
ھێندە بێگەرد و پـاکن
بنیاتنەری کۆمەڵگەن،
ئایندەی گەل و خـاکن
٢٠ /٦/٢٠١٨

دەربارەی عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

هەروەها ببینە

خۆشترین خەون

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی دوای یـاریکــردن ھیلاک و مــاندوو خــەونێکـم بینی خۆشترین خەو بـوو … لەســەر …