کە تۆ دێی

یاسین برایم
کە تۆ دێی…
ئەز بێگەرد دەبم ئازیز
وەک ھەناسەی گوڵە نازنازەکانی سپێدە
وەک دڵۆپە شەونمێکی شەرمنی
سەر دنکە ترێیەکی رەشمیری پایز.
***
کە تۆ دێی…
رۆحم پڕدەکەی ،
لە عەتری نێرگزو گوڵە ڕەز
لە عەتری ناسکەپوونگی دەم جۆگەی ئاو
عەتری خاکی یەکەم بارانی پاش پەڵە
عەتری جلی بووکینی و
عەتری پرچی بە شامپۆ شوشتراو.
***
کە تۆ دێی…
ھێمن دەردەکەوم،
وەک رێحانێکی تازە چێندڕاو
وەک گوڵە نیسانێکی بێ ناز
تەنانەت جوانیش دەبم!
وەک تریفەو وردە ئەستێرە
وەک خاڵخاڵوکەیەکی سەر بسکە گیایەکی تەڕ
وەک گوڵێکی سووری نێو پەرداخێکی ئاو
وەک ملوانکەیەکی زەنگیانەی سەوزێکی تۆخ
کە سەما دەکات لە گەردەنی کچێکی شۆخ
***
کە تۆ دێی…
وەک چرایەک ، دادەگیرسێی
ھەرچەند خۆشم بشارمەوە
ھەست دەکەم ،
بۆنم دەکەیت ، پێم دەحەسێی
تۆ وەک پیرەدارچنارێکی شکۆمەند
پڕ نھێنی و
پڕ لە نسێی..
***
کە تۆ دێی…
ماڵم پڕ دەبێت لە ئاواز
جیاواز لە ئاوازەکانی بیتھۆڤن
لە سەمای گوڵە گەنمێکی ڕەشگوڵی دەم با
لە کەوتنی گەڵای شەنگەبییەک
لە ئاوازی پڕ سۆزی ھەنگێک
کە بۆ رۆحی خونچەیەک دەچڕێ
یا بۆماچی بێگەردی گوڵێک
رێگای دوور دەگرێ
تا لە باوەشی بگرێ..
***
کە تۆ دێی…
پیرۆز دەبم
وەک تاتە نوێژەکانی رۆخ جۆگەڵەو کانیاو
میھرەبان دەبم،
وەک سۆفییەکی ڕیش بەفر
باوەشم دەبێتە باوەشی پەپولە
ژیان دەبێ بە پەڵکە زێرینەیەکی رەنگین
پەیڤەکانیشم ،
وەک پەیڤەکانی تۆ
دەبن بە ھەنگوین..
***
کە تۆ دێی…
باسی عەشق ناکەم
ھاتنی تۆ عەشقە.
بوونت ، عەشقی ژیانە
ژیانیش بە تۆوە جوانە.
***
کە تۆ دێی…
من دەبم بە تۆ
تۆدەبی بە من
ئای خودایە!
چەند پیرۆزو گەورەیە
باوەشی گەرمی ژن!!

*لە گۆڤاری (خازر) ، ژمارە (١٤٣) لە کانوونی یەکەم ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

ئالبوم 

کەزاخاوی چاوم بەوێنەکانت ئاوئەدەم.. هاوڕێکانتا سەما دەکەیت لەتەك لەهەمویان، شۆخ وشەنگتر.. ئەتۆی هاوڕێت هەیە،موزیکیستە توانیوێتی، …