سەرەتا / تەندروستی و ژیان / تەندروستی و ژیان / ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی له‌ مه‌ترسیدایه‌!!

ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی له‌ مه‌ترسیدایه‌!!

م.عه‌ونی خۆشناو/ هۆڵه‌ندا  لاهای : 

ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی بۆ گشت هاووڵاتیان گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆراک و ده‌رمان بۆ مرۆڤ گرنگه‌ و کاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست دابین بکرێت، له‌ هه‌مانکاتدا ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی کۆله‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کین له‌ چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، چونکه‌ به‌ گوێره‌ی   توێژینه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ ئه‌کادیمییه‌کان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت مه‌ترسی ئاسایشی          خۆراک و ته‌ندروستی چ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر ئارامی و سه‌قامگیری وڵات دروست ده‌کات، چ نه‌خۆشی و په‌تایه‌ک تووشی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات، چه‌ند زه‌ره‌ر و زیان له‌ ئاسایشی ئابووری ووڵات ده‌دات، چه‌ندان هه‌زار که‌س ئاواره‌ی نه‌خۆشخانه‌کانی جیهان ده‌کات، بۆیه‌ مه‌ترسی ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی به‌ گرفتێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر ده‌کرێت، چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ی به‌ دابینکردنی خۆراک و ده‌رمانی ته‌ندروست و چاک و کوالیتی باش و هوشیاری بازرگانی و بازرگانی مرۆڤدۆست و نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌کرێت.

حکومه‌تی هه‌رێم چۆن به‌رپرسیاره‌ له‌ زامنکردنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان،      به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی، به‌ڵام         له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌رکه‌کانی به‌ باشی نه‌پێکاوه‌، به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌کان          ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی گوێبیستی ده‌بین کوردستان مه‌ڵبه‌ندی ساغکردنه‌وه‌ی خۆراکه‌ به‌سه‌رچووه‌کان و ده‌رمانه‌ زیانبه‌خش سڕکه‌رو ئێکسپایره‌کانه‌، ڕاسته‌ کوردستان له‌ بواری ئابووری گه‌شه‌یکردووه‌، بژێوی و گوزه‌رانی خه‌ڵک باشتربووه‌، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ زۆر بواردا هه‌نگاوی باشی هه‌ڵێناوه‌، به‌ڵام له‌ که‌رتی ته‌ندروستی به‌ گوێره‌ی پێویست نیه‌، چونکه‌ ئاسایشی ته‌ندروستی ته‌نها به‌ گه‌شه‌کردن و چه‌ندایه‌تی خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌کان ناپارێزریت، به‌ڵکو به‌ گۆڕین و باشکردنی چۆنیه‌تی جۆری خزمه‌تگوزاریه‌کان ده‌بێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی ته‌ندروستی پێویسته‌ گۆڕین و گه‌شه‌کردن له‌ ئاستی چۆنایه‌تیدا ئه‌نجام بدرێت، که‌ به‌هێزکردنی سیسته‌می خۆپارێزی گرنگترین بواریه‌تی!! ئه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌کی گونجاو و باش به‌دی ناکرێت، چونکه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی هه‌میشه‌ له‌ گه‌شه‌کردن و نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ له‌ جیهان، ئه‌ویش له‌ ڕێگای کۆنفرانس و وۆرکشۆپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڵام له‌ کوردستان ئه‌وه‌ندی گرنگی به‌ چاره‌سه‌ر ده‌درێت، ئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌ خۆپارێزی نادرێت!! چونکه‌ هه‌ر نه‌خۆشێک که‌ سه‌ردانی پزیشک ده‌کات به‌ کۆمه‌ڵێک داووده‌رمانی بێ که‌ڵک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه!! هه‌روه‌ها ته‌نها دابینکردنی خۆراک به‌س نیه‌ بۆ حکومه‌ت، به‌ڵکو سه‌ڵامه‌تی خۆراک له‌ ڕووی جۆر و کوالیتی گرنگه ..‌ ده‌بێت ڕه‌چاوی هه‌موو بارودۆخێکی زه‌رووری له‌ میانه‌ی پرۆسی به‌رهه‌مهێنان و گلدانه‌وه ‌و ئاماده‌کردنی خۆراک بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیابین که‌ خۆراکه‌که‌ باوه‌ڕپێکراو و ته‌ندروست و گونجاوه‌ بۆ به‌کار هێنانی مرۆڤه‌کان‌، یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی زیادبوونی نه‌خۆشییه‌کان، هاتن و به‌کارهێنانی ئه‌و به‌روبوومه‌ کشتوکاڵیانه‌یه‌ که‌ له‌ ڕێگای سنووره‌کانه‌وه‌ ده‌گاته‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ ڕێژه‌ی زۆر له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی کوردستان به‌کارده‌هێنن، ئه‌وه‌ی هانده‌ربوو ئه‌و بابه‌ته‌ بنووسم، ئه‌و لێدوانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بوو، که‌ چیتر بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێرم به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌شه‌کوژیه‌ی ‌ به‌رۆکی هاووڵاتیانی کوردستانی گرتووه‌ که‌     له‌ لایه‌ن هه‌ندێک بازرگانی چاوچنۆک ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ گوێره‌ی لێدوانه‌که‌ گوایه‌ چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئه‌هلی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر ده‌ستیان له‌ هێنانی ده‌رمانی هۆشبه‌ردا هه‌یه‌، که‌ ده‌بێته‌ هۆی شێتبوونی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ئه‌و ماددانه‌ به‌کارده‌هێنن!! وه‌ بازرگانێکی سلێمانی که‌ کۆگای فرۆشتنی ده‌رمانی هه‌یه‌ له‌و کاره‌دا به‌شداره‌، ئه‌گه‌ر لێدوانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ به‌ڕێزه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ست هه‌بێت، ئایا چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ن؟ بۆ ڕاپێچی به‌رده‌م دادگایان ناکه‌ن و بریارێکی توندیان به‌سه‌ردا ناسه‌پێنن!! هه‌روه‌ها رۆژانه‌ له‌ شاشه‌ی تیڤییه‌کان گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین که‌ ده‌یان تۆن خۆراکی به‌سه‌ر چوو له‌م شار و ئه‌و شار ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌کانیان سزایه‌کی توند بدرێن. ده‌پرسین بۆچی له‌ کاتی گیرانی تیرۆریستێک که‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک چه‌ند که‌سێک شه‌هید ده‌کات، دوای دانپیانانیان به‌ تاوانه‌که‌ له‌ شاشه‌ی تیڤیه‌کان پیشانده‌درێت و به‌سزای گه‌ل ده‌گه‌یینرێت، به‌ڵام نه‌مانبینیوه‌ بازرگانێکی چاوچنۆک له‌ ڕێگای هێنانی خۆراک و ده‌رمانی به‌سه‌رچوو، که‌ گه‌لێک ژه‌هرخوارد ده‌کات که‌سێک نیه‌ به‌دواداچوون بکات و به‌دوای هۆکاره‌کان و بازرگانه‌ گه‌وره‌کاندا بگه‌ڕێت!!

 

بۆیه‌ ئه‌رکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌ که‌ ده‌زگایه‌کی هه‌ڵبژێردراوی گه‌له ..‌ یاسایه‌ک ده‌ربکات، بۆ ئه‌و بارزگانانه‌ی که‌ هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ریان له‌ ناخیاندا چه‌که‌ره‌ی نه‌کردووه‌ و نیه‌و ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ پاره‌ی کوردستان هه‌ڵلووشن، یاسایه‌ک بێت له‌ شێوه‌ی یاسای تیڕۆر، جگه‌ له‌ به‌ندکردن بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌ست به‌سه‌ر     سه‌روه‌ت و سامانیان بگیرێت، چونکه‌ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ته‌ندروستی، جگه ‌له‌وه‌ی باری ته‌ندروستی هاووڵاتیان باش ده‌کات، دواجار به‌ قازانجی ئاسایشی    ئابووری و ئابووری کۆمه‌ڵگاش ته‌واو ده‌بێت، چونکه‌ ڕێگره‌ له‌ به‌ فیڕۆچوون و به‌ هه‌ده‌رچوونی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی، به ‌هیوای به‌دواداچوون لێکۆلینه‌وه‌ له‌و پرسه‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌دا..

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

بە کوڵاوی یان بە برژاوی !؟

لەڕۆژانی جەژندا بەرهەمە گۆشتییەكان سەرەكیترین پێكهاتەی ژەمەكانی خواردن پێكدەهێنن، لەكاتێكدا گۆشت سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ پێدانی …

اترك تعليقاً