سەرەتا / تەندروستی و ژیان / کچان بە نھێنی جگەرە دەکێشن

کچان بە نھێنی جگەرە دەکێشن

راپۆرت: توانا تەھا
پێچەوانەی کوڕەکان کچانی گەنج بە نێھنی جگەرە دەکێشن و پێیان وایە تا ئێستا ئاستی ھۆشیاری ھەندێک لە تاکەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە بەشێوەیەکی ئاشکراو بە بەرچاوی خەڵکەوە بەھەمان شێوەی پیاوان کچانیش جگەرە بکێشن”. سۆکار

کچێکی گەنجەو دەڵێت “سەرەتا لە نێرگڵە کێشانەوە دەستم پێکردو ئێستاش جگەرە دەکێشم”.
بەپێی گوتەکانی ئەم کچە گەنجە ئێستا کچان ھەندێکیان جگەرە دەکێشن، بەڵام بەنھێنی ماڵەوەش دەکێشن و ھەندێکیشان بە ئاسای دایان ناوەو لە شوێنە گشتیەکان دادەنیشن و جگەرە دەکێشن”.
شەکیلا لەگەڵ خێزانەکەی لە پارکی گوڵان دانیشتبوون و خۆی جگەرەی لەدەست بوو براژنەکەشی نێرگڵەی دەکێشاو زاوەکەشیان لەگەڵیان دانیشتبوو، سەبارەت بە کێشانی جگەرە ئەم کچە گەنجە گوتی “ماوەی دوو ساڵە جگەرە دەکێشم و بەلامەوە ئاسایەو لەماڵەوەش رێگری ناکەن، چونکە ھەر خۆم و کچی گەورەم لە ماڵەوە، تەنانەت نێرگڵەو جگەرەم لە ماڵەوە ھەیە”.
کەنار محەممەد شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی پێیوایە جگەرە بۆ ھەردوو رەگەز زیانی ھەیە نەک سوود، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی رەگەزی نێر زیاتر بە ئاشکرا دەی کێشێت، بەڵام بەھۆی کولتووری کۆمەڵگەوە زیاتر سەرزەنشتی کچان دەکرێت گەر جگەرەبکێشن. شارەزایانی بواری تەندروستیش باس لەوەدەکەن جگەرە زیانی بۆ ئافرەت زیاترەو تەنانەت لە داھاتووشدا کاریگەری بۆ سەر ئەو دەبێت کە ئەو کچە دەیبێت”.
شەیما ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵەو قوتابی زانکۆیە ئەو دەڵێت لەبەشی ناوخۆیی فێرە جگەرە کێشان بوومەو لەگەڵ دوو لە ھاوڕێی دیکەی کچم جگەرمان دەکێشا”. شەیما گوتی “سەرەتا ھاوڕێیەکم بەناوی شنۆ جگەرەی دەکێشاو ئەی وت خەمەکانم ئەڕەوێنێتەوە لەبەر ئەوەی ئێمەش جار جار جگەرمان کێشاو ئیتر بە بەردەوامی وامان لێھات بێ جگەرە نەتوانین ئاسوودەبین، چونکە ئەگەر لێمان دوور بوایە ئەوا ئاسوودە نەدەبووین و قەلەق ئەبووین، لەبەر ئەوەی ھەر لەداخیلی جگەرەمان ئەکێشاو لەجۆری باشەکەشیان نەبوایە ھەڵمان نەدەگرت”.
بەناز کچێکی تەمەن ٢١ ساڵەیەو رایگەیاند “جگەرەکێشان بۆ ئێمەش شتێکی ئاساییەو چۆن کوڕان دەیکێشن ئێمەش بەھەمانشێوە، ھەرچەندە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەچاوێکی کەم تەماشای ئەو کچ و ژنانە دەکرێت کە جگەرەکێشن کەئەوەش پەیوەندی بە سیستمی پیاوسالارییەوە ھەیە”. ئەو کچە پێیوایە دیاردەی جگەرکێشان کچان بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە زۆرێک لەو کچانە دەیانەوێت ئەوە بۆ پیاوان بسەلمێنن کە ئەوانیش وەک ئەوان مافیان ھەیەو ھەموو ئەو بەربەستانەش دەشکێنن کە پیاوان بۆیان داناون، ھەروەھا ھەندێکیش بۆ خۆدەرخستن ئەو کارە دەکات، ھەروەھا گوتیشی “لەبەر ترسی کۆمەڵگە زۆر بەدەگمەن نەبێت کچێک نابینی بەئاشکرا بیکێشێت، بەڵام رێژەی جگەرە کێشی ژنمان زۆرە”.
بەشێکی تر لەکچانی جگەرەکێش پێیانوایە جگەرە ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی خەفەت بۆیە ھەندێکیان لەو کاتانەدا فێری جگەرە خواردن بوون کە دوچاری خەفەتێکی زۆر ھاتوون. ھەروەک کەنار شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی ئاشکرای دەکات کە جگەرەکێشان لای ئافرەتان لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام لە کوردستاندا بەھۆی تێڕوانینی کۆمەڵگەوە وایکردووە بەشێوەیەکی خراپ تەماشای ئەو کچ و ژنانە بکرێت کە جگەرە دەکێشن”. ئەم شارەزایەی کۆمەڵایەتی ئەوەش دەڵێت ” وڵاتانی دیکە تەنانەت لە وڵاتە ئیسلامیەکانیش کچان و ژنان بەئازادی جگەرە دەکێشن و شتێکی ئاساییە، ناوبراو ھێمای بۆ ئەوەشکرد پێوانەیەکی جیھانی ھەیە دەڵێت “ھەرکاتێک بمانەوێت بزانین کچان و ژنان ئازادن ئەتوانین سەیر بکەین بزانین ئایا ئەو کچ و ژنانە تاچەندە جگەرەدەکێشن یان مەی دەخۆنەوە لەگەڵ پیاواندا”
بەبڕوای ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتیە رێژەی کێشانی جگەرە لای کچانی گەنج لەبەرز بوونەوەدایەو ئەگەر سەیری قوتابخانەکانی کچانیش بکەیت ئەوەت بە روونی بۆ دەردەکەوێت و دەبینین بەشێکی زۆریان جگەرە دەکێشن و راستە ئێستا بە نیھێنە، بەڵام ماوەی چەند ساڵی داھاتوو بە ئاشکراو لەنێو بازاڕو شوێنە گشتیەکان دەی بینین کە کچانیش وەکو کوڕان جگەرە دەکێشن”. بەڵام تائێستا ھەر لەچوارچێوەی دیوارەکانی ماڵەوەدایەو بەشێوەیەکی نھێنی ئەوکارە دەکەن لەبەر ئەوەی تێروانینی کۆمەڵگا بەرامبەر جگەرەکێشی ژن بەشێوەیەکی زۆر ناشیرینەو دەخرێتە چوارچێوەی ئەخلاق و شەرەفەوە، بەڵام ئەو تێروانینە بۆ پیاوان وانیەو ئەوان سەربەستن لەھەموو کارێک کە دەیکەن”.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا کەنار ئاماژەی بەوەکرد کە “کە کوڕان کاری گەریان لەسەر کچان ھەبووەو چۆن ئەوان جگەرە دەکێشن کچانیش لاسایان دەکەنەوە، چونکە وەکو مادەکانی دیکە نییەو ئەوانیش دەتوانن بە ئاسانی بیکڕن”.
ھۆشیار گەنجێکی کاسبکارەو لەنێو بازاڕی سۆران دوکانێکی جگەرە فرۆشتنی ھەیەو لەو بارەیەوە دەڵێت “لای من جگەرە دەکڕن و ھەندێکیان دەڵێن بۆخۆمانەو ئەوانەی دیکەش بۆ برا یان باوک و ھاوسەرەکەیان دەیکڕن”. بەبڕوای ئەم گەنجە کچانیش ئێستا جگەرە دەکێشن، بەڵام لەبەر ئەوەی بەھۆی ئاستی ھۆشیاری خەڵک و دانانی خاڵ بۆ ئەو کچانەی جگەرە دەکێشن ناوێرن وەکو کوڕان بە ئاشکرا جگەرە بکێشن”.
د. حەننا شارەزا لە بواری تەندروستی ئاماژە بەوەدەکات کە “جگەرەکێشان زیانی زۆری بۆ ھەردوو رەگەز ھەیە، بەڵام کاریگەریەکە بۆ کچان و ژنان زیاترە”. دکتۆرە حەننا شارەزا لە بواری نەخۆشیەکانی دڵ و ھەناو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە جگەرە چ بۆ پیاو یان بۆ ژن کاریگەری خراپی ھەیە، بەڵام بۆ ئافرەتان بەتایبەتی لەکاتی دووگیانیاندا کاریگەریەکەی دووھێندەی پیاوانە”. گوتیشی “کاریگەری دەبێت لەسەر خۆی و لەسەر منداڵەکەشی ھەروەھا جگەرە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەسە نابێت بۆیە کاتێک کچێک لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا جگەرە دەکێشێت و پاش چەند ساڵێک شوو دەکات و ھەر بەردەوام دەبێت ئەوا ئەوکاتە کاریگەری دەبێت لەسەر زۆربەی ئەندامەکانی لەشی دەبێت ئەوە بجگە لە زیان گەیشتن بە لایەنی ماددی و کۆمەڵایەتی و بۆنی دەم و زیان گەیاندن بە ددانەکانی”.

جگەرەکێشان زیانی زۆری بۆ ھەردوو رەگەز ھەیە

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

پرسیار لە بارەی تەمەن بێزاریان دەکات

راپۆرت: توانا تەھا لەدەستپێکی قۆناغی ھەرزەکارییەوە کچان ئەو ھەستەیان لادروست دەبێت کەبوونەتە مایەی سەرنج ڕاکێشانی …

اترك تعليقاً