سەرەتا / تەندروستی و ژیان / ستایل / جوانترین مکیاج

جوانترین مکیاج

رۆشنا ئەحمەد بۆ ئەوەی لە کردنی مکیاجدا شێوەیەکی جوانت بەدەستکەوێت ئامۆژگاری پسپۆڕانی جوانکاری ئەوەیە ڕێوشوێنی ئەم ھەنگاوانە بکەویت: پێش ئەوەی دەست بکەیت بە مکیاج کردنەکە پێستی دەموچاووت جوان پاکبکەرەوە. بۆ ئەوەشی باش دڵنیابیت لە پاککردنەوەی، پاککەرەوەی دەموچاو بەکاربھێنە کە لەشێوەی ئاوێکی شلدایەو لە بازاڕەکاندا دەستدەکەوێت ئەمەش یارمەتیدەرێکە بۆ ڕزگاربوون لە ھەموو پیسییەکی دەموچاو یان بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی مکیاج کە پێشتر کراوە. ڕێگەی بەکارھێنانی ئەم پاککەرەوانە بۆ دەموچاو بەمشێوە دەبێت: چەند دڵۆپێک لەو پاککەرەوانە بخەرە سەر پارچەیەک لۆکەو پاشان دەموچاوی پێ پاککەرەوە. پاش پاککردنەوەی جێل یان کرێمی تەڕکردن بەکاربھێنە بۆ گەشاندنەوەی و قەترەیەکی لێبخەرە سەر دەستت و دەموچاوی پێتەڕ بکە بەو شێوەیەی لە خوارەوەی دەموچاو دەست پێبکە بەرەو سەرەوە. پاش پاککردنەوەکە دەتوانیت جۆرە کرێمێک بەکاربھێنیت پێیدەڵێن (Concealer) کە بۆ شاردنەوەی خاڵە ڕەنگاویەکان و ھەر پەڵیەک بە دەموچاوەوە. وە ئەم کرێمەش ئەوجۆرە ڕەنگەی ھەڵبژێرە کە کاڵترە لە ڕەنگی پێستی ئاسایی خۆت، لەکاتی بەکارھێنانیدا ڕەچاوی ئەوە بکە کرێمەکە نەخەیتە سەر پەڵەکان بەڵکولە خوار پەڵەکەو خاڵە ڕەنگاویەکانەوە دابنێیت کە دەتەوێت بیانشاریتەوە، واتە ئەگەر کرێمەکەت خستە سەر پەڵەکە ئەوە زیاتر ڕەنگەکەی تۆختر دەکات بۆیە دەبێت لە خوار پەڵەکەوە دابنرێت. کە کرێمەکەشت دانا بە پارچە لۆکەیەک بڵاوی بکەرەوە بەو ئاراستەیەی لە خوارەوە کرێمەکە بەریت بەرەو سەرەوە تا وەک ڕەنگی ئاسایی خۆت تێکەڵ بە پەڵەکە ببێت. پاشان جۆرێک لە کرێمی ئەساس (Foundation) بەکاربھێنە کە ڕەنگی لە ڕەنگی پێستی دەموچاوتەوە نزیکە. پاشان بە نەرمی بڵاوەی پێ بکەو دەستی جوانی پێدا بھێنە بەرەو سەرەوەو بەرەو دەرەوەی سنووری دەموچاوت تاوەکو لە گەڵ ڕەنگی پێستەکەت یەکسان دەبێت و نەرمیدەکاتەوە. تۆزێکی کەم لەو کرێمە بدە لە سەر لێوت، تۆزێکیش لەسەر ھێڵی بەیەکگەیشتنی قژەکەت بەناو چەوانتەوە. ھەروەھا تۆزێکیش بەکاربھێنە لەسەر خواروی چەناگەت، بەڵام مەیگەیەنە ملت و بەسەریەوە بڵاوەی پێبکە. کاتێک مکیاجی ئاڵکردنی گۆنا (blusher) بەکاردەھێنرێ بەردەوام بیری ئەوەت ھەبێت بەرەو سەرەوەی گۆنات بەکاری بھێنیت بەو ئاراستەیەی دەگاتە دەرەوەی سنووری دەموچاوت. لەکاتی دانانی میکیاج بۆ پشتی چاو واتە سێبەری چاو (eye shadow) دەبێت لەسەر سوچی ناوەوەی چاو دەست پێبکەیت و بەرەو دەرەوە بیبەیت. مکیاجێکی تر کە ھەر بۆ پشتی چاو بەکاردێت بەڵام ڕەنگێکی ڕوونتر بێت لەوەی پێشووتر لە خوارووی برۆکان دابنرێت. ھەمیشە لە یادتت بێت کە دوو ڕەنگ لە مکیاجی پشتی چاو بەکاربھێنیت، یەکێکی تێرو ئەویتر پلەیەک ڕوونتر. لەکاتی چاو ڕەشکردندا چ بە فڵچە بوو یان بە قەڵەم، ھێڵێکی باریک بکە بە درێژایی برژانەکانت تا بتوانرێت نزیک بێت لە ڕەگەکانی. بۆ دروستکردنی شێوەیەکی جوان دەتوانیت چەند خاڵێکی کاڵ بکەیت لە سەر ھێڵی پرژانەکانی خوارەوە. ئێستا دەتوانیت مەسکەرە بەکاربھێنیت بۆ پرژانەکان تا بەشێوەیەکی پڕو جوان ڕەنگێکی دیارو بەدەر بکەوێت. دەست بکە بە ڕەنگکردنی پرژانەکانی سەرەوە بە بەکارھێنانی فڵچەی مەسکەرەو لە پرژانەکانی دەرەوەی چاو دەست پێبکە پاشان وردە وردە بۆ ناوەوەی چاو. کاتێک چینی یەکەم وشک دەبێتەوە چینێکیتری لێبدە تاکو زیاتر پرژانەکان ئەستوور ببن و درێژتر دەربکەون. پاشان پرژانەکانی خوارەوە ڕەنگ بکە، ھەمیشە سەیری سەرەوە بکە کاتێک مەسکەرە بەکاردەھێنیت بۆ پرژانەکانی سەرەوەو، سەیری خوارەوە بکە کاتێک پرژانەکانی خوارەوە ڕەنگدەکەیت.

ئەگەر حەز بکەیت برۆکانت ڕەنگ بکەیت دەتوانیت فڵچەی ڕەنگکردن بەکاربھێنیت بەڵام زۆر بەوردی و بەکاڵی. بۆ ڕەنگکردنی لێوەکان سەرەتا سنوورەکانی بۆ دیاری بکە بە بەکارھێنانی قەڵەمی تایبەت (lip liner)، سەرەتا لە لێوی سەرەوە دەست پێبکەو ھێڵی دیاریکردنی لێوەکە لە ناوەڕاستەوە بکێشە تا ھەردوو سوچی لێوت. بۆ دیاریکردنی سنووری لێوی خوارەوە بەیەکجار ھێڵەکە بکێشە بە لێواری لێوەکەدا. پاشان سوراوی لێوەکەی لێبدەو دەشتوانیت لە دوای ئەوە دەرمانێک بەکاربھێنیت کە ڕەنگ زیاتر بداتەوەو (لماع)بێت. پۆدرە: بەکارھێنانی پۆدرە دواھەمین قۆناغی مکیاجە. باشتر وایە جۆرێک لە (ئەساس) بەکاربھێنرێت کە لەنێوان وشک و شلدایە (Wet /Dry Foundation) چونکە پۆدرە لەیەک کاتدا کرێمی ئەساسەو پۆدرەشە. بۆ لابردنی ھەر زیادەیەک پارچە لۆکەیەکی بچووک بەکاربھێنە بۆ ھەڵمژینی و لابردنی. گرنگترین سوودی پۆدرە ئەوەیە بریقەداری کە بەھۆی مکیاجەکەوە دروستبووە ناھێڵێت و دەموچاو، بۆ زیاترین ماوە، زیاتر گەشاوەو ڕوون دەھێڵێتەوە.

لە گۆڤاری ماڵ بڵاوبووەتەوە

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

اترك تعليقاً