سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / “نانی پیرۆز” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی “دهۆک”ی بەدەستهێنا

“نانی پیرۆز” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی “دهۆک”ی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک”ی بەدەستهێنا.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و دەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، بە ئامادەبوونی “توورەج ئەسڵانی” بەرهەمهێنەر و “ئیلاهە نەوبەخت” بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە کوردییە، لە بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک” و لە دوو سانسی جیاوازدا لە هۆڵی سینەمایی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و لە لایەن ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و ڕەخنەگرانی سینەمایی و هەروەها بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بەدەستبێنێت.

 

خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە ستافی “نانی پیرۆز” وەکوو بەرهەمهێنەری هاوبەش وەرگرت و لە وتەیەکی کورتدا گوتی: ڕۆحی ڕەوانشاد “ڕەحیم زەبیحی” شاد بێت و بە سپاس لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، “نانی پیرۆز” دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گەورە و گرینگەکانی “ئیدفا” IDFA، “هات داکس” Hot Docs و “زاگڕێب داکس” ZagrebDox ئێمە ئەمڕۆ لە دهۆکین. شوێنێک کە پێگە و جێگای نمایشی ئەم فیلمە بوو؛ لەڕاستیدا شوێنێک کە زمانی دایکیی کەسایەتییەکانی “نانی پیرۆز”ە و ئەم بەڵگەفیلمە بەم زمانە خوڵقێندراوە.

 

گوتیشی: زۆر خۆشحاڵین کە “نانی پیرۆز” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک”ی وەرگرت و بەختەوەرین لەوەی کە ئەم فێستیڤاڵە، ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە تیایدا ژیانی ڕاستەقینەی کۆڵبەرەکان بخرێتەڕوو و بتوانین دەنگی کۆڵبەرە بێدەنگەکانیش ببیستین.

 

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بریتین بوون لە: “تەلال دێرکی” Talal Derki دەرهێنەر لە ڕۆژئاوا، خاتوو “باوی یاسین” Bavi Yasin دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەلژیکا و “شەماڵ سەبری” Shamal Sabri بەرهەمهێنەری سەربەخۆ و بەرپرسی نووسینگەی ئەنستیتۆی ئەڵمانی “گۆتە” لە هەرێمی کوردستان.

 

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە سەرۆکایەتی “ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر” و بە دەرهێنانی هونەری “شەوکەت ئەمین کورکی” بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

 

هەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، بە نمایشی 94 بەرهەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، 5 بەڵگەفیلم و 9 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، واتە: 6 فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 12 کورتە فیلم، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، واتە: 8 فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و 7 کورتە فیلم، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، واتە: 17 کورتە فیلم، بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان” 8 فیلمی بڵندی سینەمایی و بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەمای کوردستان” 4 فیلمی بڵندی سینەمایی لە ڕۆژانی 15 تا 22ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز”.

دەربارەی Mansour Jahani