ئاکۆ عارف : لە ھاوکێشەی یارییەکانی تۆپی پێدا تیپی یانەکانی ئەڵمانیا لە بایرن میونخ و بایەر لیفەرکوزن و بروسیادۆرتمۆند ەوە تاکۆڵن و ھامبۆرگ ھتد وەکو تریش ھەڵبژاردەی ووڵاتەکەیان لە یارییەکانی مۆندیال و یۆرۆ وە تا جامی کیشوەرەکان و یاریزانەکانی ئەو ووڵاتەش لە بیکنباوەر وکلینزمان و ماتیۆس و رود فولرەوە تا بالاک و پۆدۆلسکی و ئۆزێل و کلۆزەو گۆمێز و شتایگەر سوارچاکی مەیدان و پاڵەوانی گۆرەپان و جەمسەرێکی سەرەکی و دیاری ھەمووکێبڕکێکانبون ، ئێستاش ئەوەتا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەوروپاش یانەی بایرن میونخ ی دەوڵەمەند بە تواناکانی ئارین رۆبن و فرانک ریبێری و گۆمێز وگەلە ئەستێرەکانی تر ھاوشێوەی بۆندس لیگا لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا بەدەر لە ھەر تیپێکی ھاو ووڵاتی خۆی ، بە گڕوتینی نوێ و ئازایەتیەکی لە ڕادەبەدەر دەرکەوتۆتەوەو ئەسپی زین کراوی خۆی بەدەم چڕینی ئاوازی سەرکەوتن ی ھاندەرانییەوە بەڕێدەکات ، زۆرێک لە چاودێرانیش بۆ ئەمساڵ بایرن میونخ یان بەبەرشەو ریاڵ ی نوێ پێناسەکردووە یاخود بە ھاوشانی ئەو دوو یانە بەھێزەیان داناوە .
یانەی بایرن میونخ ئەگەر لەسەر ئاستی خولی ناوخۆی یانەکانی ووڵاتەکەی نوێنەرایەتی شارێک یاخود ناوچەیەک یان ھاندەرانی خۆی بکات ، ئەوە لە دەرەوەی ووڵاتەکەی لەھەر پاڵەوانێتی و خول و جامێکی یانەکاندا نوێنەرایەتی کۆی کایەی وەرزشی ئەڵمانیا دەکات ، ئەگەر (( مانشافت )) لەسەر ئاستی ھەڵبژاردەکانی جیھان ناسنامە و نوێنەری ئەڵمانیا بێت ، ئەوە ڕەنگە بایرن میونخ لەسەر ئاستی تیپی یانەکانی ئەوروپا بە یاریزانانی نا ئەڵمانیشە وە یەکەم ھیوا و نوێنەری ئەوانبێت ، بۆیە بۆ ئەمجارەش ھەر وەک رابردوو خەڵکی وەرزش دۆستی ئەو ووڵاتە لە بەرلین و نۆرنبێرگ و کۆڵن و بۆن و ھەرشار و ناوچەیەکی تریش بن بەدەر لە ھەرتیپێکی تر باوەڕیان بەوەیە کە بایرن میونخ جامی خولی یانە پاڵەوانەکانیان بۆ دەباتەوە .
خوێندنەوە بۆ ئێستای بایرن میونخ قورس نیە بەڵام ئاسانیش نیە !، خۆ وەکو ئاماژەمان پێداوە ئەگەر ئەڵمانەکان رەگەز و جەمسەرێکی سەرەکی تەواوی خول و پاڵەوانێتیەکان بن ئەوە لەم ساتەوەختەدا بایرن میونخ وەک یانەیەک زیاتر ئەو قسەیەی پشت راستکردۆتەوە و بەدیوە گەشەکەی تۆپی پێدا ھاوکێشەکانی ھێندەی تر ئاڵۆزاندوەو بەھاو جوانی و نرخی زیاتری بەیارییەکان داوەتەوە .
ئاستی بەرزی بایرن میونخ لە ئەمساڵدا وەک یانەیەک ، وەک ئاستی بەرزی ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٩٤ مانشافت دەبینم ، ھەرچەندە ئەویان ھەڵبژاردەی نیشتمانی و ئەمیان یانەیەکی خاوەن یاریزانی بێگانەیە بەڵام پێموایە بایرن سەرلەنوێ باسکی پۆڵاینی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەسەر مێزی گرەو و لەلاکێشەی یارییەکاندا وەک ھێزێکی لەشکان نەھاتوو بە ئامادەبوونی نوێوە بەجیھان نیشان دەداتەوە .
گرنگ نیە بایرن میونخ ئەمساڵ یش دەدۆرێت یان دەباتەوە بەڵکوئەوەی گرنگە و ئەوەی ئەوان ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانی تۆپی پێوە ھەتا ئەمرۆ پێمان دەڵێن ئەوەیە کە تا ئەم ساتەش ( کۆڵدان ) لەفەرھەنگی ئەوندا بوونی نیە ، ئەمەش وانەیەکی گرنگە کە ھەمووان بەتایبەتی ئێمە لە کوردستان چاوی لێبکەین .
بایرن میونخ لەسەر ڕیتمی مانشافت
- Ako arif




