CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 48 میوان

خه‌می گه‌وره

به‌ندی عه‌لی .. 2010

ته‌مه‌ن ڕوو له‌کڕێوه‌یه‌

سوپای به‌فریش ، هێدی هێدی

خاکی ڕیشم داگیر ئه‌کاو په‌نجه‌کانم

وه‌کو چۆله‌که‌ پاساری هه‌ڵکوڕماون

ته‌نانه‌ت پیاڵه‌ چایه‌کیان پێناگیرێ

به‌ڵام تۆ بێ خه‌مبه‌ ئازیز

ئه‌وه‌ی ته‌نیا پێیانه‌وه گیرئه‌مێنێ

یه‌خه‌ی تۆیه‌و مه‌گه‌ر مه‌رگ

به‌زۆر لێیان ڕاپسکێنێ

به‌ره‌و ئێواره‌ی عومر ئه‌ڕۆم

ترێ ڕه‌شکه‌ی چاوه‌کانم به‌م زووانه‌

ئه‌بنه‌ مێووژ

باوه‌جو من له‌مناڵیه‌وه‌ شه‌وکوێرم و

به‌تاریکی چاوم تراویلکه‌ ئه‌کا

به‌ڵام تۆ بێ خه‌مبه‌ ئازیز

بۆ بینینت ، پێویستم به‌دیده‌ نیه

له‌روحمدا هه‌ڵمگرتووی

عومری لاویم له‌هه‌ورازا سه‌رفکردو

له‌لوتکه‌شا

نه‌رمه‌شه‌ماڵێکی به‌خت یارم نه‌بوو

پشتم بوو به‌چه‌مه‌ی گۆچان

هه‌ردوو لاقم هێنده‌ ماندوون

ده‌ترسێم ئێستاکه‌ که‌وا

به‌ره‌و نشێوی عومر ئه‌ڕۆم

تینیان نه‌بێ ، هه‌ڵم بگرن

به‌ره‌و دوایین ژوانی تۆ

ئه‌مه‌ خه‌می گه‌وره‌ی منه‌

!!.. نه‌وه‌ک مردن