CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 102 میوان

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

به‌ندی عه‌لی .. 2012

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

بمکات به‌هاڕێی باڕه‌ش و

هه‌وره‌ گرژو مۆنه‌کانیشم خۆشبوێ

شیوه‌نی بارانه‌که‌شی په‌ستم نه‌کا

به‌په‌یکه‌ری ئێسکی مرۆڤه‌کانیشی

نامۆ نه‌بم

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

چیتر ، گوڵه‌سووره‌کانی

ڕه‌نگی خوێن و

چراکانیش بۆنکڕوزی

باڵی په‌پووله‌کان نه‌گرن

نێشتمانێ ، زێده‌ ساکار

نه‌خار ڕۆڵی گوڵ ببینێ و

نه‌گوڵیش .. خار

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

پێکی ناخم سه‌رلێو نه‌کا

له‌باده‌ی خه‌م

خۆم له‌قومی دورگه‌یه‌کی فه‌رامۆش و

به‌خومی خومخانه‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی

خۆش کراوم

به‌قومێ خه‌م به‌دمه‌ست ئه‌بم

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

هێنده‌ ماڵیم بکا به‌خۆی

ته‌نانه‌ت گه‌ر قه‌فه‌زیش بێ

بۆ مه‌شقی باڵه‌فڕکێ نه‌بێ

جێی نه‌هێڵم

من مه‌لێکی زێده‌ ماندووم

له‌قه‌ده‌ری هه‌رده‌م فڕین

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

جانتای سه‌فه‌ر

هه‌ر له‌مۆزه‌خانه‌کانیا دانرابێ

به‌شانی مۆمیایه‌که‌وه‌

وه‌ک دوا نه‌وه‌ی

په‌ڕه‌نده‌یه‌کی کۆچه‌ریی

عه‌یامی چاخه‌ به‌ردینه‌

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

پڕ بێ له‌بۆنی گوڵ و نان

نانی گه‌رمی تازه‌ برژاو

شووشه‌ عه‌تری عیزه‌تیش پڕ

هه‌ر به‌گه‌ردنی یارانا بپرژێت و

دڵۆپێکی لێ نه‌ڕژا بێته‌ ژێر پێڵاو

 

بۆ نیشتمانێ ئه‌گه‌ڕێم

مانگه‌شه‌وی

شاهیدی ڕازی یاران و

ده‌لیلی شه‌وڕه‌وی حه‌ز بێ

به‌ره‌و جێ ژوان

نه‌ک .. ڕه‌قیبێکی له‌نده‌هوور

کێ نیشمانێکی وه‌ها پێده‌زانێ

تاقیامه‌ت

منه‌تباری ئه‌بم ئه‌گه‌ر نێشانمدا

به‌رله‌وه‌ی دوا قافڵه‌ی ته‌مه‌ن

به‌م بیابانه‌ی غوربه‌تا

بکا .. عبوور