CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 47 میوان

ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی شه‌ونم

حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

(ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی حه‌رفی

ناوی عاشقانی دنیا،

خۆشم ده‌وێی.)*

ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی گه‌رای

 

ماسیی گۆم و چه‌م و زه‌ریا،

 

خۆشم ده‌وێی.

*

هێنده‌ی ژماره‌ی شه‌ونم و

ده‌نکه‌لم و

نمه‌ی باران،

خۆشم ده‌وێی.

ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی چڵ و

په‌ڕه‌ی گوڵ و

گه‌ڵای داران،

خۆشم ده‌وێی.

*

به‌غیلی به‌ هه‌تاو ده‌به‌م

که‌ به‌ تیرۆژی زێڕینی

داتده‌پۆشێ،

به‌ ئه‌ستێره‌یش‌

که‌ له‌ چاوه‌ گه‌شه‌کانت

پێک ده‌نۆشێ.

*

دڵم له‌ مانگیش پاک نییه‌

که‌ به‌ تریفه‌ی زیوینی

ده‌تدوێنێ،

له‌ شه‌ماڵیش به‌دگومانم

که‌ جار جار قژت دادێنێ.

*

(گوێم پێش چاوم شه‌یدات بووه‌،)**

له‌و ساته‌وه‌ی

یه‌که‌م چرپه‌تم بیستووه‌،

خۆشویستنێ خۆشم ده‌وێی،

نه‌ مه‌م هێنده‌ خاتوو زینی،

نه‌ فه‌رهاد هێنده‌ شیرینی،

خۆش ویستووه‌.

*

منێ که‌ زه‌نگۆڵه‌ی دڵم

هه‌ر بۆ عیشقی تۆ لێ بدا،

منێ که‌ هه‌ر تیشکی چاوت

ئومێدی ژینم پێ بدا،

منێ که‌ هه‌ر یه‌که‌م بینین

له‌ عه‌رشی ئه‌وینی تۆدا

نووشتامه‌وه‌،

گه‌ر دڵ ئاوێنه‌ی دڵ بووایه‌

ده‌هاتی به‌ هانامه‌وه‌.

*

(*) گۆرانیی (قد الحروف)ی أصالة که‌ تێکسته‌که‌ی (أمیر عبدالمجید) نووسیویه‌تی.

(**) والأذن تعشق قبل العین أحیانا. (بشار بن برد)