CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 36 میوان

قەسیدەیەکی سپی مرد

لە(مینونشن)....هاوڕێ ڕەش

کاتژمێر

پێنج و چل هەشت دەقیقەبوو

لە وێستگەی شەمەندەفەر بەرەو

مەغریبێکی بی سپێدەو

سپێدەیەکی بێ کازیوەو

کازیوەیەکی بێ هەناسە

سەفەرم کرد

ئەودەم لای من

کات خۆی وەستابوو

دەمژمێر ڕقی لە ڕۆیشتنی بوو

دەریا لە شڵپەی وەرەز بوو

خۆر نیازی ئاوابوونی نەبوو

ئەوکاتە

من بە جانتایەکی سپی

ملپێچیکی سپی

فانیلەیەکی شپی

و

ناخیکی سپی

بەرەو

مینونش کەوتمە ڕێ

مینونشن

نیشتیمانێک لە سپیەتی

ئاوێک لە سپیەتی

ئاڵایەک لە سپیەتی

سەیر بوو

هەموو شتەکان سپی بوون

چونکە ئەیان زانی

دوای سپیەتی

تاریکی

خاکی گێلاسەکان

ئەکێڵێ

و

ڕیحانەکان بە تارمایی

شەو

ئەسپێرێ..

بۆیە هەموو شتەکان

بە خەندە دەستیان پێ ئەکرد

وەک ئەوەی

کۆتایی خەندەکان

دەستپێکی سەدەیەک

لە گریان بێ ؟؟!!

کە مینونشن

بە لێوە شونەکردووەکەی

باوەشی بۆ ماندوویەتی

پەنجەکانم کردەوە

مەچەکی دەستم سەرمای نەبوو

سنگم پڕ لە غەمێکی توڕە و

ژانێکی ئەبەدی نەبوو

باوەشم بێدی نوستنی

هیچ کەس و

سەرم هاوسەری هیچ

سەرینێک نەبوو

لەگەڵ تۆدا

لەوێ وڵاتی ئەشقم

بەش کرد

لەگەڵ تۆدا

لەوێ

سێوی وەفام

کەرت کرد..

کە جوان بوو

ئەو شەوەی

کە ئاسمان

یەکەمین ماچی

ڕێگای خۆی

کردە دیاری سنەوبەرەکان

جوان بوو

کە پایز بڕیاریدا کۆتایی بێ

لە کوشتن و ئەنفال کردنی

گەڵاکان..

جوان بوو کە بەفر

لە یاخی بوونی ئاسمان

توڕە بوو نەبووە هەوێی

بارانی خەزان...!!!!

ئێستا

نە من گەڕیدەیەکی دوای نیگایەکتم

و نە شار دەرگاکانی کراوەن

ئێستا نە شەقام بیرت ئەکا

ونە سپیەتی

من

تۆ ئەناسێتەوە

ئێستا نە تۆ بەهارێکی بی دەزگیرانی

نە پایز قەرەجێکی ڕەدوونەکەووتووە

ئێستا نە کەنار

ئاشق بە تۆیەو

نە باڵندەکان

سیمات ئەدوێنن

................

تۆ ئێستا بەدوای

چلورە پەمەییەکانی

هاویندا

بەدوای کراسە کریستاڵەکانی

کۆشکێک لە ئەرخەوانی

تۆ ئێستا بەدوای

ڕیواسیکی ناسک و

هەنارێکی مزر و

سێوێکی فەریک ناگەڕێی و

تۆ ئێستا

پڕ نیت لە ئەشق

ئەشقیش چیتر تۆ ناکاتەوە

بە ڕێبواری خۆی

تۆ ئێستا چیتر پەناهەندە نیت

لە دڵی منا

ئاخر تۆ ئێستا چیتر

چاوەڕوانی سپیەتی من ناکەی

چیتر

لەگەڵ قەسیدەکەی مندا

نزای

فەنابوون لەگەڵ رۆژدا ناکەی

چونکە تۆ

من و قەسیدەکەم و

هەنارەکەمت

دۆڕان

هەر تۆ من و شعر و

سپیەتیت

فرۆشت بە خەزان.....

........................

هاوڕێ ڕەش