CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 53 میوان

ڤالانتین

ئەمساڵ بەتاسەوە نیم بۆ ئەم شەوە

عەشق لێرە نیە ئێستا !

دە بڕۆ... گوڵم ناوێ.

پێم نا بە دڵی خۆما و دڵی گوڵفرۆشێکم شکاند

سەیرە!

من دڵی گوڵفرۆشێک دەشکێنم

 

 

هەموویان پێدەکەنن و من مات

سەیر نیە

ڤالانتینە و من هەزاران میل لە عەشقەوە دوورم

 

ئەم جێگایە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم

دەڕۆم بۆ ئەوپەڕی شار

حەزم لە چۆڵەوانییە

کەنارێکی ئەم دەریاچەیە ئەوێیە

ئێرە سەکۆی سەدان ژووان و هەزاران ماچە

سوکناییە . .

لەپڕ دڵم پڕ ئەبێت لە تەنگی

دەبینم هەموو شتێ وەک خۆی ماوە

تەنها تۆ نەبیت .. لێرە نیت

 

بەملاولادا دەکەوم

چیتر ئەم نۆشینی مەیە  دادم نادات

هەموو شتێ وەکو خۆی دەبینم

سوکنایی نیە . .

هەموو شوێنەکان ماوون

تەنها تۆ لە شوێنەکاندا نیت

 

لە بن درەختێکی بەفر لێنیشتوودا ڕادەوەستم

کەمێک ئاسودەیی،

بەبینینی دایکی هەزاران گەڵای شەهید

ئەو لەبەفر سەرپۆشێکی چنیوە و ڕوو لەخودا

بۆ پێبەخشینی هەزاران هەزار گەڵای تر لە خودا دەپاڕێتەوە

ئەویش وەک منە

خۆ ئەویش ئەمشەو بێ گەڵایە

هاوینی ڕابردووبوو هەریەکەمان ئاواییەک بووین لە عەشق

ئەو ئاوەدان بوو بە گەڵا

من باوەشم پڕبوو لە چرا.

 

هێشتا شەراب لەبنی شوشەکەی دەستمدا شەپۆل دەدات

هەرچی گۆرانی دنیا هەیە هاتوونەوە بیرم

ئەوانەی پێکەوە دەمان چڕین

بەدەنگێکی ناخۆش گۆرانی دەڵێم

گۆرانی دەڵێیت

دەنگمان تێکەڵ دەبێت

تۆ لێرەیت

دەنگی من ناخۆشە

دەنگی تۆ زۆر خۆشە

گۆرانی دەڵیین ،

من دەکەوم

تۆ هەڵمدەسێنیتەوە

دەستم دەگریت

من ئاوم لێدەچۆڕیت و تۆ نور

ڤالانتینە و من گوڵم پێنیە

دیاریم پێنیە

هیچم پێنیە

خڵتەی ئەم شرابە نەبێت

لەگەڵ بەفراوی سەرو سنگمدا تەڵخ بوون لە بنی ئەم شوشەیەدا

 

ئەمە تۆیت .. بەڵێ تۆیت

داگیرساو .. درەوشاوە .. جوان .. جوانترین

هەموو شتە وونبووەکان دەدۆزمەوە

ڕێگاکە .. شارەکە .. ئاوەدانی...

گوڵفرۆشەکەم دۆزیەوە

قوربان گوڵێکم بەرێ

یەک گوڵیشی پێنەماوە و بەیەک ووشەیش وەڵامی من ناداتەوە.

بۆ گوڵ دەگەڕێم

گوڵێ چییە بەپێوە نەماوە

شەوە و درەنگە و ڤالانتینە و ئەو خەڵکە هەموو خەیاڵ

گوڵێ چییە بە گەشی نەماوە

هەرچی گوڵە لەم درەنگ شەوەدا بەدیار ماچەکانەوە سیس بوون

هەر منم گوڵم پێنیە بیدەم بەتۆ

دەکەومەوە

چاوەڕوانم بەرزم بکەیتەوە دیسان

تۆ لێرە نەماویت

لەبەردەم دەرگای ژوورەکەمدا کەوتووم،

تەنها تەنها

شەکەتیم لێدەچۆڕێ

ئێستە دەزانم ئەم بێتۆییە لەم ڤالانتینەدا چەند بە ئازارە

سەرخۆشم و کلیلەکەم کێلونەکەی لێ وون بووە

دەیدۆزمەوە

دێمە ژوورەوە

لەسەر چەرپاکەم .. دەنوسم و دەگریم و دەنوسم و دەگریم و دەنوسم و دەگریم و دەگریم و ......... دەگریم

تا بەیانی .

ڤالانتینە و ئەمڕۆ بە تاسەوە نیم بۆ ئەمڕۆ

ئەمڕۆ گوڵ ناکڕم گوڵی چی!

تۆ لێرە نیت.

هێمن ڕەئووف

www.hemnrauf.kurdblogger.com

12.02.2010