CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 43 میوان

ئه‌و ئه‌ڵێت...

كه‌ژاڵ ئیسماعیل

ئه‌و پێم ئه‌ڵێت:
بگه‌ڕێوه
ته‌نها ساتێک له‌ بۆنی هاتنی هه‌ناسه‌تم
پێببه‌خشه..
بۆمن به‌سه ده‌رکه‌وتنت
ته‌نها نیگایه‌کت ڕۆح ئه‌به‌خشێ
به‌ژووره‌که‌م و
خه‌نده‌یه‌کت
هه‌رچی گوڵی ئه‌م ده‌وره‌یه
ده‌یانهێنێته سه‌ما..
منیش ئه‌ڵێم:
له‌ئێستاوه خۆم ساز ئه‌که‌م
چاکه‌تێکی په‌مه‌یی ئه‌سێنم و
ڕه‌فته‌یه‌کی په‌مه‌یی
سووراوێکی په‌مه‌یش ئه‌نێمه جانتاکه‌مه‌وه
تا کاتی گه‌ڕانه‌وه‌م
ببمه ژنێکی په‌مه‌یی و
له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنما
چه‌پکێ گوڵی په‌مه‌ییم بۆ بێنه
با ببینه دوو شێتی په‌مه‌یی!
من پێی ئه‌ڵێم:
ده‌تۆ وه‌ره
بمنێره ناو چاوی چه‌پی دڵته‌وه ‌و
بمکه به ته‌وئه‌می ڕۆحی خۆت
که‌ تۆ هاتی
له‌م شاره شیعر ئه‌بارێت
بۆنی بارانی هاتنی هه‌ناسه‌ت
ته‌نهاییم پڕ ئه‌کات و
ده‌ریا پڕ ئه‌بێت له‌تۆ
ئه‌و ئه‌ڵێت:
پێش هاتنم
کراسێکی شین ئه‌سێنم و
ملپێچێکی شین و
موستیله‌یه‌کی پیرۆزه‌یی شینیش
ئه‌نێمه په‌نجه‌م
تاکاتی گه‌یشتنم
ببمه پیاوێکی شین و
له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنما وه‌ك دوو شێتی شین
هه‌ناسه‌مان تێکه‌ڵ باران ئه‌که‌ین.

• • •

هۆله‌ندا، 12-10-2006