CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 34 میوان

ئه‌نفال له‌ چاوی ئاسماندا

 

ئاسمــــانم چیدی فرمێسك داناکا

نه‌وه‌ک خۆڵی ســه‌ر لاشه‌م ڕاماڵێ

شه‌پۆلیش هه‌رگیز که‌نار ماچ ناکا

نه‌كــــــــا له‌ ناڵه‌م، ده‌ریا بناڵێ

ڕۆحم وا لــــه‌ ژێر تاشه‌ به‌ردێکدا

نه‌ ئــــاشنای خۆم، نه‌ هی‌ زمانم

بیابان ماڵمه‌ و، جێم بۆ ڕاده‌خــا

گه‌رچی تێم ناگا، له‌«ئه‌نفال»انم

خـــودا ده‌مێکه‌ سه‌ری هــه‌ڵگرتووه‌

چیدی بیابان ناکــــا بـــــــه‌ ماڵی

به‌هـــاریش ڕه‌نگی پاییزی گرتووه‌

کـــــه‌ مه‌رگ ژیانی لـه‌ بن ڕاماڵی

خه‌ڵه‌فاندن بوو، ‌یا ویژدان مردن

سوورخانه‌ و چاڵ و زیندانه‌ ماڵم

به‌‌ ڕاستیتانه‌ یان سوحبه‌ت کـردن

بكـــــوژانی من، بران یان زاڵم؟!

سه‌ر‌چۆپی مه‌رگ‌و شه‌وانی سوورم

ده‌سڕێ گرتوویه‌‌‌ لـــه‌ ڕه‌نگی ئاڵام

باوکــــــــانی ڕۆحی و كڕیاره‌‌کانم

ده‌که‌ن به‌ پاره،‌ بست بستی باڵام!

که‌ خودا و سروشت شه‌رمه‌زارت بێ

كــــام په‌ری، دادی تۆی مرۆڤ بدا؟

گـــــه‌ر ئاینی تۆ، کوشتنی من بێ

له‌‌کام دوورگه‌دا، ده‌گه‌ن به‌ خودا؟

ناوم ئه‌نفاله‌ شـــــانازیی مێژوو

تاجی زێڕینی کــوردی دابه‌شبوو

زاکیره‌ی چیا، نه‌خشـــه‌ی وڵاتم

هوشیارکه‌ره‌وه‌ی ویژدانی مردوو

ناوم ئه‌نفاله‌‌ یه‌ک هاوتام هه‌یه‌

له‌ داوێنیدا هــــــــه‌ڵده‌کا هه‌تاو

هه‌ناسه‌ی‌سێوه، ئه‌م ‌هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

ـــ په‌لكه‌زێڕینه‌‌ی ئاسمانی ساو

 

ده‌ی‌ وه‌رن ڕابن لــــه‌ پێناوماندا

بمانناسێنن بـــــــه‌ دنیا و یاران

نه‌كــا‌ غه‌فڵه‌تی دووباره‌ی مێژوو

تووشمان كاته‌وه‌‌ کیمیایی باران*

 

 

24- 03 –2007