CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 116 میوان

خودی { نادیە موراد } شۆڕشێک بوو ..

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

( نادیە موراد ) .. ئەو کیژە 21 ساڵەی بووە سونبولی ئازایەتی و خۆراگری و پێداگری لەسەر مافەکانی ژنان، بە تایبەت ژنان و کچانی ئێزیدی، ئەم کیژە بەتوانا و باوەڕ بەخۆبووە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی چیڕۆکی هەڵهاتنی لەدەست داعش و قایل نەبونی بە کۆیلەتی و کڕینی و پاش تێربوونی ئارەزووی چەپەڵ و نەخۆشیان لە جەستە پیرۆزەکەی جارێکیتر فرۆشتنەوەی وەک کاڵایەکی هەرزان بەها و تاووتوێ پێکردنی لە نێوان ریشدارەکانی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامیدا و بەخشینی وەک دیاری بە چەتەوڵە دەروون نەخۆشەکانیتر، ( نادیە ) بووە نموونەیەکیتری هەموو ئەو ژنە ئازاو بوێرانەی لە دیرۆک و مێژووی مرۆڤایەتی و قۆناغەکانی گۆڕانکاریدا باڵادەست بوون لە سەلماندنی جەسووری و توانای بەرەنگاربوونەوە .
ئەوەی ( نادیە موراد )ی کچە ئێزیدی کردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییدا، گەرچی بێ پشت و پەناش بوو، پڕاوپڕ شۆڕشێک بوو بۆ ئازادی، شۆڕشێک لە بەرەنگاربوونەوە و خۆنەدان بەدەستەوە، بۆ واقیعە تاڵەکانی ژیان، دژ بە کۆیلەکردن و رسواکردنی حوکمی شمشێرە کولەکانی نەزانی و تاریکستانی هزر و وەحشگەری.
( نادیە ) دەنگێکی رەسەن و جەستەیەکی پاکژ بوو بەرامبەر بە ئازار و چەوساندنەوە و دەستدرێژی و پەلاماردان بۆ سەر ژنان، ( نادیە )ی دەنگ دلێر، هەر بە هەڵهاتن و رزگار بوونی لەدەستپیسە چڵکنەکانی داعش نەوەستایەوە و خۆی ئامادە و تەرخانکرد ببێتە باڵیۆزی ژنان و کچانی ئێزیدی تر، ئەوانەی هێشتا لە ژێر دەست و لەناو زیندانەکانی دەوڵەتی خەلافەدان و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.
( نادیە موراد ) هەر دوای گرتن و فڕاندنی لە دێی ( کۆجۆن - سەر بە شنگال ) بۆ بازاڕەکانی موسڵ لەگەڵ 150 پاکیزەی تر و بەر لەوانیش 1000 ئێزیدی دیکەی فڕێنراو لەوێ بوون، ئەم خاتوونە نەترسە، پاش ئەوەی لە پرۆسەیەکی جەسوورانەدا توانی لە دەست داعش هەڵبێت .. لە وڵاتی ئەڵمانیا وەک پەنابەر گیرسایەوە و ژیانی ئازادی و دابینبوونی مافەکانی لە ئەوروپا رای نەوەستان و کەوتە دەستپێکردن بە پرۆسەی خەباتی راستەقینەیی بۆ رزگارکردنی کچان و ژنانی پاکیزەی تر لە دەست داعش، کەوتە گەشتی مرۆڤدۆستانە .. بووە دەنگێک کە کەس نەیدەتوانی گوێی لێنەگرێت، مەگەر ئەوانەی تا تەپڵی سەریان لە بەرژەوەند پەرستی و ناپاکیدا نوقم بوون، چووە میسر، چووە کوێت، ویستی بچێتە سعودیە کە سەنتەری دەسەڵاتداری ئیسلامییە بەتەنیا پاش چەند جارێک لە داواکردن ڤیزەیان نەدایە، یەک بەیەک وڵاتانی ئەوروپا گەڕا.. چووە میلان و لەوێ لەبەردەم کەرنەڤاڵی مافی مرۆڤدا چیرۆکەکانی نێودەوڵەتی خەلافەی دەگێرایەوە، چاوەکانی دەبڕیە ئەو بۆشاییانەی کە دەبێت پڕ بکرێنەوە و داعش و هاوشێوەکانیان لە چەرخی پێشکەوتن و دیموکراسیەتدا تەراتێنی تێدا دەکەن، هاواری دەکرد، دەپاڕایەوە لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی، سەربڕینی ئێزیدیەکان بوەستێنن، بازرگانیکردن بە ژنانەوە بوەستێنن، ئەم پاکیزەیە، گەیشتبووە ئەو بڕوایەی لەسەر و هەڵپە پیسەکانیانەوە بۆ جەستە پیرۆزەکانی ژنانی ئێزیدی کە دەرهاویشتەی بیر و باوەڕیان بوو .. بەم کارە چەپەڵەیان دەیانەوێت وڵات لە خەڵکی نا موسڵمان پاک کەنەوە و وەک حەڵال سەیری ماڵ و موڵک و سامانیان دەکردین و مرۆڤەکانیشمان پاش کوشتار و سەربڕینی زۆربەی خەڵکی ئێزیدی وەک بارمتەی جەنگ و سەبایا و غوڵام دەگیران و لە نێوان خۆیاندا دابەشیان دەکردین و پاشان دەفرۆشراینەوە و دەستدرێژیان بۆسەر جەستەمان دەکرد و دەکراینە کەنیزەک .
( نادیە موراد ) بووە مێژوو .. بووە شۆڕش، بووە دەنگ و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش، چیتر نەیتوانی بێ هەڵوێست بمێنێتەوە بەرامبەر دەنگ و هەوڵەکانی ئەم پاکیزەیە و پێشوازیان لێکرد و پشتگیریان کرد و کردیانە باڵێۆزی ( نیاز پاکی ) نەتەوە یەکگرتووەکان.
چیرۆکی ژیانی ( نادیە موراد ) سەرتاپای گۆڤار و رۆژنامە و میدیاکانی جیهانی گرتبۆوە، کەچی کەمتەرخەمی لە حکومەت و میدیاکانی کوردستانەوە دەبینرا. ( نادیە موراد ) چون خۆی ئازارەکانی چەشتبوو، بۆیە بەتەنیا کۆڵی نەدەدا و وڵات بە وڵات دەگەڕاو پەیوەندی بە پەرلەمانی وڵاتان و رێکخراوە مرۆییەکانەوە دەکرد، کەچی وڵات هەر بێدەنگ بوو، حکومەت هەر بێدەنگ بوو، میدیاکان هەر بێدەنگ بوون، نەک هەر ئەمانەش دەویسترا وەک هەموو کەیسەکانیتری دۆزی کورد بە حزبی بکرێت و کەیسەکە لە بەرژەوەندی حزبدا بەکاربێت، کاتێکیش نەتەوە یەکگرتووەکان ( نادیە موراد )یان کردە ( باڵیۆزی نیاز پاکی )و بووە کەسایەتییەکی دیار لە جیهاندا، ئەو دەم پێشبرکێی خوتبەدان و هەڵوێست فرۆشتنەوە و پشتگیری لە بەرپرسانی کوردستانەوە کەوتە میدیاکانەوە .. ئاخر ( نادیە موراد )ی کورد دەیزانی بۆ وایان بەسەر هاتووە، دەیزانی بە ئێستەشەوە ئەو بەرپرس و هێزانەی هەڵهاتن و ئێزیدیەکانیان وەک پاروویەکی ئامادە دەرخواردی داعشدا .. هیچ لێپیچینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکراوە، هەر بۆیە خودی خۆی هەوڵی دەداو بەرەنگاری بەرهەڵستییەکان دەبۆوە، ( نادیە موراد ) و هەموو ئێزیدیەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ناهەقیان نیە گومان بکەن.