CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 198 میوان

چەقبستوویی و واقوڕمانی هەرێمێک

دانا هەڵەبجەیی
لاهای/19.09.2016
(1) میدیا و ئاڵودە بوون
لە ناو کایەی سیاسیی کوردی باشوردا، دیاردەی زۆربڵێی و دووبارەکردنەوەی واژە و گوزارشتە سوواوەکان، بووتە مۆدەیەکی بێزاربەخش هەم بۆ میللەت و هەم بۆ خودی سیاسییە کاربەدەستەکان. لەشکرێک لە خۆهەلقورتێنەر و خۆدەرخەر بەناو لیکۆڵەری سیاسی و ڕاڤەکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و میدیایی و تەنانەت داراییش، ڕۆژانە و شەوانە لە تەلەڤزێون و ڕادیو و ڕۆژنامەکان، دیدی و گوێی میللەتیان هەراسان کردووە، ئەمە جگە لە هەرا و بەزمی سۆسیالمیدیا، کە توێژنەوە و ناساندنێکی تایبەتیی و پسپۆرانەی ئەوێت بۆ چوونە ناو ووردەکارییەکان و ئەرک و مافەکانی.
ئەمانە تا ئێستا جگە لە شیکردنەوەی ڕوداوەکان و پەرچەکرداری خێرای ڕەوشە هەنووکیەکان، نە نەخشە ڕێگا و نە چارەسەری نزیک و دوور، یا کورت و درێژیان بە دیاری نەهێناوە بۆ کورد و ئەم دۆخە چەقبەستووەی باشووری کوردستان؛ ئەگەر وانییە، ئەی بۆ لە شوێنی خۆمان و لەو شوینەی کە داپچڕاوین، تەقەڵێکی گرێبەندی ڕووی نەداوە؟.
لەم بژاردە خۆدەرخەردا، هەندێک ڕووخساری دەبارە و سەدبارە ئەبینین، کە لە یاریگای حیزبییەکانی خۆیان نایەنە دەرەوە و لە بازنەیەکی داخراوی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەیان ئەسووڕێنەوە، لەوە ناخوشتریش ئەوەیە کە ناسنامە و تایتڵی حیزبی لە خۆیان داماڵییوە و بە ناوی کەسییەتی سەربەخۆ ئاخافتن ئەکەن و خۆیان ئەناسێنن.
ئایا دیاردەی ئالودەبوون بە تی ڤی و کەناڵە ئاسمانییەکانی بەناو سەربەخۆ و سەربەوی، وە بە لایڤکردنی ڕوداوە سیاسی و جڤاتییەکانی ناوخۆ و دەرخۆ، یەکەم؛خۆ گەیاندنە بە کۆمەڵگە پێشکەوتووە ئازادەکان، یاخود دووەم؛ پلانێکە بۆ سەرمەستی و ڕامکردنی ئاوەز و هۆشی کوردە بۆ ئاراستەکردنیان بۆ ئامانجە نادیارەکان؟. ئەوەی من هەستم پێکردووە و خودی سەروفەساڵی شاشەکانیش، خاڵی دووەم ئەیانگرێتەوە.
لەم بێنە وبەردەی میدیاکان و سواخدانی دیوارە هەڵوەریوەکانی سیستەمە ناقۆڵاکەی حکومەتدا لە لایەن مووچەخۆرانی حیزب، جگە لە ترش و خوێکردن و زەریفسازی ناشیرینییەکانیان و پاکسازی پۆخەڵەکانیان، بەردێک ناخەنە سەر بەردی کەلاوە داڕماوەکەی دیواری حکومەتی هەرێم، یا ڕوونتر بڵێم ( حکومەتی حیزبیی هەرێم).
(میدیاکان)جگە لە کارکرکردن بۆ واقوڕمان و داجەقاندنی دەمی میللەت، هیچ پلانێکی دیکەی نییە،. ئایا ئێستا و بەرلەم قەیرانە ئابووری و سیاسی و جڤاکییەی هەرێم، کام پرۆگرامی هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد بە ڕێخسبوو؟ کام پرۆگرامی پەروەردەیی زانستی و کۆمەڵایەتی ئاراستەکراو بۆ مناڵ و لاو و تاکی کورد نیشان دراوە؟، کام بەرنامەی هۆشیاریی نەتەوەیی و کولتووری لە گۆڕیدا هەیە؟، کام پرۆگرامی چاوکردنەوە و مرۆڤسازی و تواناسازی بۆ لاوان ئەبینرێت؟، کام بەرنامەی تایبەت بە مێژووی نەتەوەیی و کولتوریی و شارستانیی کورد پێشکەش کراوە؟، کوا ئاماژەکانی زانست و فەلسەفە و ڕۆشنبییری و فێربوون،،، لە تی ڤی هەرێمدا؟.
ئەگەر تیڤییەکان پۆلێن بکرێن، ئەمانەی تێدا بەرجەستە ئەبیت:
1- حیزبیی پەتی، کار بۆ پێرۆزکردن و گەمژاندنی میللەت ئەکات لە بەرژەوندی حیزبەکەی خۆی بە تەنیا.
2- سەلەفییەت و داعشییەت و گێلاندن، لە کەناڵە ئیسلامییەکان ئاشکرایە، وە دوورخستنەوەی تاکی کورد لە هەموو کوردبوونیەک و کوردستانیی بوونیەکەی و بە پێرۆز راگرتنی کەلتووری عەرەبیی بیابانی و بەدەویی، ئامانجی سەرەکییانە.
3- زنجیرەی تورکی و گۆرانی تورکی و شمەکی تورکی، وە تەنانەت کولتوری تورکی ئامانجی سەرەکی زۆر کەناڵی ناو هەوڵێرە. لە زنجیرە نواندنەکانیشدا، هەمیشە بێ ئومیدی و بێ باوەڕی بە یەکتری و ناخی شەڕانگیزی وتۆڵە و کینەسازی، ئامانجی زۆربەی ئەڵقە تورکییەکانە.
4- کەناڵی تایبەتی سیاسیی و هەواڵیی کە تەنیا کار بۆ دەوڵەتێکی تایبەتی دراوسێ ئەکات، کە دوژمنکاری و سیخوڕی و دژایەتی ئاشکرای پارچەکانی تری کوردستان ئەکات، بە تایبەتی باکووری کوردستان.
5- هەندێک کەناڵ کار بۆ سەرقاڵکردن و خەڵەفاندن و گێژاندنی کورد و بێ ئاستکردنی هۆشیاریی تاکی کورد ئەکات، کە ئەمانەش هەمان سیاسەتی گەوجاندن دەکات کە بە پلانی حیزبیی و دەوڵەتێکی دراوسێ بە ڕێوە ئەچێت.
6- کەناڵێش هەیە بە ناوی سەربەخۆ پەخش ئەکرێت، ئەمانیش لە دواڕۆژدا وەک جۆگە ئەڕژێنە رووباری بەرژەوەندی هێزێکی دیارییکراوەوە.
ئاڵودەبوون و سەرقاڵبوون، خوگرتن، دەستەپاچەبوون، گەمژاندن، ئاستنزمکردن، بێ ئومێدبوون، سەرلێشیواندن، کینە و ڕقاندن، دەمارگیرکردن،ناکوردبوون، خۆبەکەماندن، خافڵاندن، خورافاندن، جاهیلاندن، شێواندن، حیزباندن و گێلاندنی هاوڵاتی، ئامانج و ستراتیژی کەناڵەکانی تی ڤی یە،. پێێ بزانیت یا نەزانیت، بە هۆشیاری بێت یا ناهۆشیاری، ئەگەر بینەریان بیت.
کەواتە لە کوردستان میدیایەک، تیڤییەک، ڕادیۆییەک و ڕۆژنامەیەک نییە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، وە کار بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکات و سیاسیەتی فەرمی حکومەت پەخش بکات لە سیکتەرە جیاوازەکانی ژیانی هاوڵاتییاندا. هەرچی هەیە یا حیزبییە یا هێزییە. کەواتە ئەوەی ئاراستە و هەواڵ و هۆشیاریی خەڵکی لە گیرفاندایە، حکومەتی هەرێمێک نییە کە پێی ئەڵێن کوردستان.
وە ئەمەش ئاماژایە بۆ ئەوەی کە کوردستان تائێستا شوێنیک نییە کە ڕواڵەتی سیستەمی دەوڵەتداری تێدا بێت، ئەمە میدیا و ڕاگەیاندنەکەی، ئەوسا ئابووری و داراییەکەشی دیارە کە هاوڵاتییانی بە چی دەردێک گەیاندووە.
بە کورتی و کرمانجی ئەمەوێت ئەوە بڵێم، لەم ڕوومەڵخەزانەی تیڤییەکاندا، ناتوانرێت کێشە کەڵەکەبوو و دۆزە ئاڵۆز و قەیرانە قەبەکانی کوردستان، چارە بکرێت یان ڕێچکەی کۆتایی پێهێنانی بۆ بدۆزرێتەوە.
تەلەڤزێۆن و میدیا و سۆسیال میدیا بۆی هەیە تریبۆنێکی باش بێت بۆ ڕادەربڕین و لە دەرگادانی هەندێک بابەت، بەڵام هەرگیز نەبووە بە سەنتەرێک بۆ پلاندان و توێژینە و نووسینەوەی چارەکردنی کێشەکان، بە تایبەتی لە بواری سیاسی و ئابووری و دارایی و بەڕێوەبردندا، کە حکومەت تیایدا تەمەڵی خۆی بێ شەرمانە سەلماندووە.
هەربۆیە تا میدیایەکی نیشتمانی و نەتەوەی لە ئاردا نەبێت، وەک هەموو وڵاتانی جیهان و ئەم پاشاگەردانییەی ئێستای ڕاگەیاندن و میدیای کوردی بەتایبەتی کەناڵە تەلەفزێۆنەکان، ئەوا ئەو ئەنجامەی ئەبێت کە ئێستا هەیەتی، هەر وەک سیتەرەکانی دیکە میللەتەکەمان تووشی داڕمان و سەرلێشواندنی کولتووری و زانیاری و جڤاتی و نەتەوەیی ئەبێت.