CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 116 میوان

دکتۆر بۆ وای بەسەرهات!؟

(محەمەد ئیسماعیل)
دوایی بڵاو بوونەوی چەند گرتە ڤیدیۆییەکی دکتۆر فەرهاد لە بەرامبەر دادگای هەولێر لە ماڵپەڕو لەلاپەڕەی فەیسبوك و ئنستگرامەکانی خەڵکانێکی زۆر، هەرکەسەو بەشێوازێك باسیان لێوە کرد، هەندێکیان ڕەخنەی زۆر توند و ووشەی نەشیاویان لەسەری نوسیون، هەندێك لە هاوڕیانیش پێیان وایە د. فەرهاد کەسێکی زۆر ڕۆشنبیرە فەلسەفەیەکی تایبەتی خۆی هەیە لەژیانیدا کەسێکی ئازادە هێشتا ئاستی کۆمەڵگای کوردی و هونەرمەند و سیاسیەکانیش زۆریان ماوە بگەنە ئاستی تێگەیشتنی فەرهاد پیرباڵ. ئەم دوو ڕا جیاوازانەش تازە نیە ماوەی چەند ساڵانێکە زۆر جار بەرچاومان کەوتوە دەیخوێنین ودەیبیستین.
د. فەرهاد یەکێکە لەو ڕۆشنبیرو شاعیرە دیارانەی کوردستان گومانم لەوەدا نییە کاری باش و داهێنانی نەکردبێت چ لە بواری شیعر، کاری وەرگێری زمانی فەڕەنسی ، شارەزاییەکی زۆر باش لە مێژووی ئەدەب و هونەردا، بەتابەتی ئەو قۆناغانەی کە لە فەرەنسا خەریکی خوێندن بوو هەتا دوای گەڕانەوەشی بۆ کوردستان لە ،١٩٩٤
هەر ئەوکاتانە بوو لە شەری ناوخۆی کوردستان سالی ١٩٩٥، منیش یەکێك بووم لە گرووپی ٤٩ کەسەکە گوایا ویسمان خۆمان بسوتێنین لە کۆبونەوەیەکماندا گووتمان چی بکەین کاریگەردەبین بۆ ڕاگرتنی شەر؟! ئیتر هەرکەسێك ڕایەکی تایبەتی خۆی هەبوو من بۆخۆم گوتم ئێمە تەنها دەتوانین بە چاڵاکی هونەریەکانمان پڕۆتێست وئیدانەی شەڕانگێزەکان بکەین ، لەڕاستیدا مەسەلەی ئەم خۆسوتاندنە بیرۆکەی دکتۆر فەرهاد بوو، گوتی خۆمان بسوتێنین هەرهەمووان بەدەنگێکی بەرزەوە سوتاندنی چی بابە، گوتی یەک دەقە! خۆ بەراستی خۆمان ناسوتێنین ئێمەش درۆیەك لەگەڵ سیاسیەکان دەکەین با بزانین تا چ رادەیەك ژیانمان بەلایانەوە گرنگی هەیە، گوتی هەر ئەوان درۆمان لەگەل بکەن؟! با ئێمەش درۆیەکیان لەگەڵ بکەین. ئیتر بە کۆی دەنگی گشتی ڕازی بووین بەو نمایشەی کە دکتۆر فەرهاد بۆ ئێمەی دایڕشت، هەرچەندە چەند کەسانێك چوونە دەرەوە رازی نەبوون بەم بیرۆکەیەوە، من وچەند کەسانێك پێمان باش بوو بە چاڵاکی هونەری هەوڵێ ڕاگرتنی شەر بدەین، ئیدی بەو شەرتەوە بەشداریمان کرد گوتیان ئێمە چاوەڕێی بەرقیەی کاك مەسعود مام جەلال دەبین ئەگەر ڕازیبوون بە داواکاریەکانمان ئەوە هەردەچینە بەردەم جەماوەر موژدەی خۆشیان پێ دەدەین، ئەگەر داواکاریەکانمان لە هەر کام حیزبەوە نەهێننە جێ ئەوە ئیمەش بە چاڵاکیە هونەریەکانمان ئیدانەیان دەکەین،، دەلێین ئێمە خۆمان ناسوتێنین بە چاڵاکیە هونەریەکانمان، بە شیعر خوێندەنەومان پێیان دەڵێین ژیانی ئێمە وگەنجانی ووڵات بەلاتانەوە هیچ قیمەتێکی نییە، ئێمەش گوتمان باشە.
گرنگ! بەرقیەی هەردوو سەرۆك حیزبی یەکێتی و پارتی گەیشتە دەستمان لە بارەگای زەحمەتکێشان هی مام جەلاڵ ڕۆژێك پێشتر بەڵام هی کاك مەسعود بە یەک سەعات بەر لە ڕێپێوانەکەمان، هەردوو سەرکرەی پارتی ویەکێتی بەبێ قەید وشەرت رازی بوون بە ڕاگرتنی شەر، زۆر بەباشی دێتە یادم هەر هەموومان دڵخۆش بووین بە بەرقیەکانی هەردوو سەرکردە، بریاری خۆمان دا گوتمان ئێمە هەردەچینە بەردەم پارێزگا لەبەر ئەوەی جەماوەرێکی زۆر ئامادە بوونە پێویستە موژدەی ڕاگرتنی شەری براکوژی بەگەینینە جەماوەر.چوین ئیتر لەبەر نەبوونی کارەبا کارنەکردنی مایك وسەماعە دەنگمان نەدەگەیشتە گوێ جەماوەر، زۆر هاوارمان کرد و گوتمان ئەی خەڵکینە ئیدی شەر نەما ، بەڵام کەس گوێی لەدەنگمان نەدەبوو لەبەر زۆری جەماوەر وکەس بەکەس نەبوو خەڵكانێك هەبوون ئاگرکوژێنەرەوەیان لەگەڵ خۆی هێنابوو وایان دەزانی بەفعلی خۆمان دەسوتێنین، خەڵکانێکی زۆر فرمێسکیان بۆ ئێمە ئەڕشت بە هەموو دەنگیانەوە هاواریان دەکرد خۆتان مەسوتێنن هەرایەکی وابوو من بەش بە حاڵی خۆم شتی وەهام نەبینیبوو بە ژیانی خۆم خەڵکانێکیش ئامادە ببوون بەمەبەستی ئەوەی بمانبینن کە چۆن گڕ دەگرین ودەسوتێین.
ئیترهەر لەوکاتەوبوو ( perception)ی واتا بیرکردنەوەی دکتۆر فەرهاد لەسەر خودی خۆی گۆڕا!، بۆ؟ وا هەستی کرد بەو بیرۆکەیەو توانی کاریگەربێتە سەر ڕای ٤٨ هونەرەند ، ڕشنبیرو نوسەرانی کورد لەگەل خۆی ٤٩، هەروەها وای زانی بە توانا ڕۆشنبیریەکەی خۆی دەتوانێت بیرکردنەوەو و هزری گەنج بگۆڕێت، بەڵێ شەری ناوخۆی ئەوکاتە هەڵێکی باش بوو بۆ د. فەرهاد تازە لە فەرەنساوە گەڕابوو لە ڕۆژی بڕیاردانمان لەسەر خۆسوتاندنەکە لە پێش پارێزگای هەولێر کە بینی بە سەدان هەزار لە جەماوەر کۆببونەوە هیچ کاتێك بەم زۆریە جەماوەر کۆنەببون بۆ هیچ چالاکیەکی نیشتیمانش، وا دیاربوو د. فەرهاد هەستی کرد لەو ڕۆژەوە توانی خۆی ئیسپات بکا وەك نوسەرێک و ڕوناك بیرێکی بەوەفا بۆ میللەتی کورد وایزانی دەتوانێت قەڕاردانی سیاسیەکان بگۆڕێت لەبەر ئەوەی بەفعلی بەرقیەی شەڕ ڕاگرتیان گەیشتە دەستمان، بەلام بەداخەوە کە خاوەن وەعدەکەی خۆیان نەبوون هەردوو سەرکردە شەڕیان ڕانەگرت ، شەڕ هەر بەردەوام بوو، ئیتر بە کورتی پێتان بڵێم ئەو ڕۆژە رەشەبوو دکتۆر فەرهادی گەیاندە ئەوڕۆژەی ئێستامان لە ناوەڕاستی شەقام خۆی رووت دەکا هاواردەکا جنێودەدا ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت لەبەر کەمتەرخەمیەکانی بەرپرسانی ووڵات.
داوەتی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان دەکرێ بەکەیفی خۆی جنێو و قسەی نەشیاو دەکات هیچ حیسابێك بۆ منداڵ, ژن هەرزەکاران خوشك و داپیر وباوکە پیرانی کۆمەڵگا ناکات کە هەمو قیەمێکی ئینسانی مەدەنی وڕۆشنبیر ڕەتی ئەم جۆرە ئەلفازانە دەکەن، من لەگەڵ ئەوەدانیم کە زۆر لە هاوڕێیان دکتۆر فەرهاد ڕادەبەدەر بە زیرەکی دەزانن پێم وایە پێویست بەو مەدحانە ناکات د. فەرهاد.
دەبوایە لەلایەن ڕۆژنامە نوسانەوە میدیاکارانەوە زووتر هەست بەو نا جێگیریەی د. فەرهادیان بکردایە هەموو شت لەبەر چاو دیارە دکتۆر فەرهاد ماوەیەکی درێژە باری دەروونی نەخۆشە.
هەرچەندە هاوڕێیەکی دێرینمە بەڵام بە ئەرکی خۆمی دەزان ڕەخنەی لێ بگرم، بەمدواییە لەبەر هەڵسوکەوتە ناماقوڵەکانی ئەو کەسایەتییە جارانی لای من نەما، ڕەنگە ئەوش زوڵمێک بێت کە وای پێ دەڵێم، بەڵام بۆمن بەو حاڵەیەوە کە دکتۆر فەرهاد تیایەتی ناتوانم چێژ لە کارە داهێنانیەکانی بکەم لەبەر ئەوەی هیچ کارێکی داهێنانی نیە ئێستا لەگەڵ ڕێزم بۆ نوسینەکۆنەکانی کاتی گەنجی و بڕوانامەکەشی. بەڕاستی زۆر بەزەییم پێدێ ئەم جۆرە گرتە ڤیدیۆیانەی دەبینم لە یوتوب و ماڵپەڕەکاندا، پێم باشە ڕۆژنامە نوسان ومیدیاکاران هیچ نەچنەلای لەبەر ئەوەی ووتەکانی لە ماڵپەڕە ئەلکترۆنیەکاندا بڵاودەبێتەوە بەڕاستی رەزالەتە هیچی تر نا.
من پێم خۆشنییە منداڵ و گەنجانمان پێی پێبکەنن یان کاریگەربن بە هەڵسووکەوتە ناماقوڵەکانی بەکوێرانە لاسایی بکەن وابزانن ئەوە جۆرێکە لە زیرەکی وەک (فەلسەفەی فەرهادیزم) وەری بگرن.
هیوادارم کەسوکاری دووری بکەن لەمیدیا، بۆماوەەیەکی درێژ لەژێر چاودێری دکتۆری نەفسیدا معالەجە بکرێت،، هیوای چابوونەوەی بۆ دەخوازم لە ئایندەدا دکتۆر فەرهاد بە ڕاست ودرووستی ببینم چیژ لە نوسینەکانی وەربگرم. لەگەڵ ڕێزو سلاوم بۆی چاوی ماچ دەکەم.