ئامادەبووانى ئێستا 144 میوان

دەمیرتاش زیندانت باش

بورھان شێخ ڕەئوف
خۆم بە خەمسارد دەزانم دوای زیاتر لە ٧٢ سەعات لە و تاوانە گەورەی دەرھەق بە سەلاحەدین دەمیرتاش و ھاوڕێکانی کرا کۆمینت و نووسینم ھەبێت ئەوەش بە دەر لە خواستی خۆم لە ناوچەیەکی دوورەدەست و بێ خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت بووم لە م وڵاتە .
لە وتاری پێشووترم من ھەستم بە مەترسی دۆخەکە کردبوولە تورکیاو باکووری کوردستان کە بە ناونیشانی ((ئەردۆغان تورکیا بەرەوکوێ دەبات ؟ )) بوو .
وا دوای ئەوە چەند ڕۆژێکی کەمی پێچوو حکومەتەکەی ئاکپارتی دوای دەستگیرکردنی گولتان کاشناکی سەرۆکی شارەوانی ھەڵبژێراوی ئامەد و پێشتریش سەرۆک شارەوانیەھەڵبژێراوەکانی تری کورد پەلاماری سەلاحەدین دەمیرتاشی سەرۆکی ھەدەپ فیوگان یوگسکداغ و ھاوسەرۆک و ھاوڕێکانیان دا ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمانە ئەندانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەن و دیمیرتاش خۆی خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە بە تەنھا .
بەڵێ لە بیرمانە زۆر دوور نیە ئەو ڕۆژەی ١٥ تەمووزی ئەمساڵ کە کودەتاکە لە تورکیا ڕوویدا ھادەپ و پارتە ئۆپۆزەسیۆنەکان چۆن پشتیوانی شەرعیەت و حکومەتیان کردوو دژ بە کودەتا وەستانەوە کەچی ئێستا ئەردۆگان و حزبەکەی وا پاداشتیان دەدەنەوەو سەرەڕای ئەوەی بن علی یڵدرمی سەرۆک وەزیران ھەر ئەو ڕۆژە وتی سوپاسی ھەموو حزبە ئۆپۆزەسیۆنەکان دەکەم بۆ ھەڵوێستیان .
ئەوەی من لەم ھەنگاو کردەوانەی ئەردۆگان دەیخوێنمەوە دوای ئەوەیە کە ئەردۆگان بەم ھەموو ترس و تۆقاندن و زیندان وبەرتەسکردنەوەی دیموکراسی درێژەدانەی بە حوکمی تاکڕەوانەی خۆی و بەردەوامی دان بە درووشمی یەک وڵات و یەک ئاڵا و ڕەوتی عوسمانی نوێ و گەڕانەوەی سەروەرییەکانی خەلافەتی عوسمانی ئەمەش دوای پاکتاوکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن ,تاکە ھێزی کارای ئۆپۆزەسیۆن و ڕابەری سەرسەخت ھەدەپ و دەمیرتاش بوون بەرامبەر بە ئەردۆگان بۆیە کرانە ئامانج .
لەلایەکی ترەوە دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی کورد و سەرۆک شارەوانیە ھەڵبژێراوەکانی خەڵک لە باکووری کوردستان کۆتایی ھێنانە بە ژیانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا وداخستنی دەرگای یەکێتی ئەوروپایە بە ڕووی تورکیادا چونکە زۆرسیاسەتمەدارو لایەنی تورکیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ڕێگەی ئەوروپا لە ئامەدەوە دەستپێدەکات .
لە ھەمانکاتدا قووڵکردنەوەی قەیران و ناکۆکیەکانی ئەو وڵاتەیە و دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی تری تووندو تیژیو بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی ئەو وڵاتەیە لە شەڕێکی ناڕەواو نەخوازراوو ھەروەکو لە سەرەتاکانیدا دەرکەوت دابەزینی نرخی لیرەی تورکی .
لە ھەموو ئەوانەش گرنگتر ئەگەر دوو ڕەوت لە کوردستانی باکووردا ھەبێت ڕەوتێکیان لایەنگری و پەیڕەوی خەباتی چەکداری و گەریلایی بکات کە خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دا ببینێتەوە و ڕەوتەکەی تریش ئەو پارتانە بوون کەلە چەند ساڵی ڕابردوودا مۆڵەتیان وەرگرت ولایەنگری خەباتی مەدەنی شارستانی بوون و دواتر بە ھەر بیانوویەک دادەخران و قەدەغە دەکران کە دواترینیان ھەدەپە بوو وا ئێستا ھاوسەرۆک وپەرلەمانتارو سەرۆک شارەوانیەکانی زیندانی دەکرێن ئیتربەم ھەنگاوەی ئەکەپە ھیچ بوارێک بۆ خەباتی مەدەنی و یاسایی نامێنێتەوە شەرعیەت و ڕەوایی دەدات بە باڵی چەکدارو و دەکرێت کورد لە باکوور وەکو بە ھێزترین کارتی فشارو دیبلۆماسی لە کۆڕو کۆمەڵی نێو دەوڵەتی کەڵکی لێببینێت و وەبەری بھێنێت بۆ کۆکردنەوەی سۆزوھاوکاری گەلانی تر .
لە کۆتاییدا ئەگەر ژیانی سەلاحەدین دەمیرتاش بێنینە پێش چاو دەبینین تا تەمەنی ١٥ ساڵی نەیزانیوە کوردە بە ھۆی یاساو ڕێساکانی تورکیاوە کە ئەمە گەورەترین تاوانە لە قەتلوعامی ئەرمەن کەمترنیە دەرھەق بە گەلی کورد کراوە بەڵام ئێستا دەمیرتاش تروسکەی ھیوای ھەموو ماڵێکی کوردە و دڵنیام زیندان ناتوانێت خواست و ئاواتەکانی دەمیرتاش و کورد لاواز بکات بۆیە دەڵێم زیندانت باش ھەی دەمیرتاش .