CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 113 میوان

پاشەکشەی دیموکراسی لە تورکیا

بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەر باسی دیموکراسی لە تورکیادا دەکەین ئەوەی ڕوون و بەڵگە نەویستە ئەوەیە کە پرۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتەدا تایبەت بووە بە نەتەوەی سەردەست و فەرمانڕەوا واتە تەنھا تورک زمانەکان مافە دیموکراتیەکانیان پەیڕەو کردوەو گەلانی تری ئەو وڵاتە کە لە کوردو ئەرمەن و شەرکەس و عەلەوی ....تد ھیچ ماف و لێپرسراوێتیەکیان بەرنەکەوتووە لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی تورکیادا مەگەر نکووڵیان لە بن و بنەچەی خۆیان کردبێت .
بەڵێ لە دوای شکستھێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا و سەرھەڵدانی شەڕو پێکادان لە شارەکانی باکووری کوردستان لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای داگیرکەری تورک وھێزە سەرکوتگەرەکانی ھەروەھا لە دوای شکستی کودەتاکەی ١٥ ی تەمووزی ئەمساڵ ٢٠١٦ تورکیا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ئازدیخوازان و ھەموو ڕەوتە ئۆپۆزەسیۆنەکان ھەرلە بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵاگویلەنەوە تاوەکو ھێزە چەپ و نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکان .
لەو شەڕەدا کە ناو شارەکانی باکووری کوردستان گۆڕپانی بوون ھەر لە سووری ئامەد و جەزیرەو شرناخ و زۆر شوێنی تر کە زۆر شوێن لە گەڵ خاکدا یەکسانکران و ھەموو جۆرە چەکێکی قورسی تێدا بەکا ھێنرا بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە .
ئێستا ئەو وڵاتە باڵی ڕەشی نائومێدی و ڕەشبینی زاڵە بەسەریدا لە دوای پەرەسەندنی چالاکیە سەربازییەکانی گەریلاکانی (pkk ) کە لەسەرەتای سەرھەڵدانیەوە لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تائێستا بەم گوژم وتاوە پەرەی نەسەندووە .
لەلایەکی ترەوە بە ھۆی تێوەگلانی حکومەتەکەی ئاک پارتی و ئەردۆگان لە شەڕەکانی عێراق و سوریا و پاشەکشەی کەرتی گەشت و گوزار کە داھاتی سەرەکی ئەو وڵاتەیە , داڕمانی بەھای لیرەی تورکی بە دوای خۆیدا ھێناوە .
سەرە ڕای ھەموو ئەوانە کێشەی کورد تا ئێستا گەورەترین وگرنگترین و سامناکترین کێشەیە کە ئەردۆگان و ئاکپارتی بە عەقڵێکی دۆگماو کۆن و بەسەرچووە و کە ڕێگەی سەربازیو چارەسەری ئەمنیە دەخوازن یەکلایی بکەنەوە کە ئەوەش مەحاڵەو ئەزموونەکانی سەد ساڵی ڕابردوو ئەوەیان سەلماند کە بەو شێوازە کورد لە ناو نابرێت و بەبێ چارەسەرێکی دیموکراسیو عادیلانە ئاشتیو ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتن لە تورکیادا بەدی نایەت .
بەڵام وەکو دەبینین حکومەتەکەی بنعلی یڵدرم و ئەردۆگان دەست بۆ ھێڵی سوور دەبەن و دیموکراسی پێشێل دەکەن و سەرکردەو نوێنەرە ھەڵبژێراوەکانی کورد لە باکووری کوردستان ڕاپێچی زیندانەکان دەکەن کە بەم ھەنگاوەیان قەیرانەکان قووڵتر و لاپەڕەیەکی تری خوێناوی دەخەنە سەر لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی تورکیا .