ئامادەبووانى ئێستا 127 میوان

کوردستانی ئەمڕۆ

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا
نیشتیمان .. ووڵات .. خاکی باوباپیران .. کوردستان .. ووڵاتی یەکەم .. ئەو ناو نیشانەیە کە زۆر کەس لەباوەش و خەیاڵیدا دەژین وە زۆر کەسیش خۆیان بەخاوەنی نازانن..
من بەزەیم دێتەوە بەو مرۆڤانەی کەلە شەقامەکان و کێڵگە بێ بارانەکان و دیوارە ڕووخاوەکان و بێ ناسنامەکاندا ئاوارە دەبنەوە و دەبێتە بیرۆکەی ئەوەی کە مرۆڤێکی بێ باوك و دایکن .. ئەو مرۆڤانەی کە ڕقیان لەهەموو بەردێکی ئەم ووڵاتەیە .. تەنانەت دژی ژیانی خۆیانن .. نیشتیمانی دایك بۆتە دۆزەخ بۆیان ، لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان ، ووڵاتی برسێتی و داگیرکردن و حوکمڕانی و توندوتیژی و نۆکەری و سوزانی و میلیشیایی و هتد . گەورەتر ئەوەیە خۆی بەخاوەنی نازانێت ..
لە قوتابخانەی سەرەتایی ئەو وانەیە دەوترایەوە کە دەڵێت (( خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دڵگیرو شیرینە )) کەچی ئێستا دەڵێن با بڕوخێت ووڵات و نیشتیمان . وانەکان سەرخوار بوونەوە بۆ تف ونەعلەت .. ئەو ڤایرۆسە پەتایە لەهەموو ڤایرۆسەکانی دونیا کوشندە ترە . کێ بەرپرسیارە لەو ڕووداوانەی دوایی ووڵات کە ئەو مرۆڤانە باوەڕیان پێ نەماوە ، زۆر مرۆڤ پەشیمانن لە ڕابردووی خۆیان وە وازیان لە نیشتیمان پەروەری و نیشتیمان بوون بەتایبەت کاتێك دەبن بە نۆکەری ووڵاتەکەی خۆیان ، زمانیان گۆڕاوە هەڵسوکەوتیان و تەنانەت بە ئەبو فلان ناودارن ؟؟ لە ووتەکانیدا ئەوەندەی عێراقی یە یان عەرەبی یە کوردی نی یە ! مرۆڤانێك ئاڵای ووڵاتێک ڕەت بکەنەوە . مرۆڤانێك لە ئێستاوە دژی دەستکەوتەکانی نیشتیمانن .
کوردستانی ئەمڕۆ .. بۆ هەندێك باشەکەوت کردنە ، بۆ هەندێکی تر زیندانێکی تاریکە .. کەلتوورێك تەنها لە ووڵاتەکەی خۆمدا بخوێنرێتەوە .. زمانی گووڵ بۆتە دڕك .. مل شکاندنی یەکتری .. کام یاسا .. یاسایی میزاج .. ئێمە ووڵات نین و ووڵاتین .. مامۆستایین کەچی مامۆستاش نین .. دیبلۆماتین و دیبلۆماتیش نین .. هەموو ئەو خەباتەی کە کراوە وا خەریکە خۆمان ڕسوایی دەکەین و بە ڕەزیلی نمایشی دەکەین .. ڤایرۆس دەبێت چارەسەر بکرێت .. بەڵام دەبێت ڤایرۆسە هاوردەکان بن بڕ بکرێت .. یان ئەوەتا هەموو لەشی ووڵاتی بێ ووڵات دەگرێتەوە.