ئامادەبووانى ئێستا 140 میوان

پرۆژەی ھاوپەیمانی شیعەبۆ ئاشتەوایی نیشتمانی

بورھان شێخ ڕەئوف
ڕۆژی ٤/٢/ ٢٠١٧ شاندێکی ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعە) بە سەرۆکایەتی سەید عەمارحەکیم لە ھەولێر لە گەڵ لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە جگە لە بزوتنەوەی گۆران .
ھەروەکو ئاشکرایە لە چەند مانگی پێش ئێستاوە لە دوای سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بە سەر داعشدا لە زۆر ێک لەو شوێنانەی کە دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ماوەی ڕابردوودا داگیری کردبوون , ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە کە گەورەترین قەوارەی سیاسی ناو پەرلەمانی عێراقەو لە دوای ٢٠٠٣ ئەوان حوکمڕانی عێراق دەکەن پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی عێراق وەکو دەڵێن بیرۆکەی پڕۆژەکە لە لایەن سەید عەمار حەکیم ەوە گەڵاڵەکراوەو دواتر بووەتە پڕۆژەی ھاوپەیمانی ناوبراو .
شایانی وتنە عەمار حەکیم بەوە ناسراوە کە زیاتر لە کورد نزیکەو بە حوکمی پێگەی بنەماڵەکەیان کە باپیری سەید موحسین حەکیم کە یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانی شیعەی عێراق بوو کاتی خۆی فتوای حەرامکردنی شەڕی کوردو پێشمەرگەی داوە و لە ماوەی ١٤ ساڵەی ڕابردوویشدا خۆیشی ھیچ لێدوان وڕەفتارێکی نێگەتیفی بەرامبەر بە کورد نەبووە .
بۆ ئێستا ئەم پرۆژە پێشنیار دەکرێ ؟
ھەروەکو دیارە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا وەکو وڵاتێکی یەکگرتوو بوونی نەماوە و وەکو دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاش لە کاتی بانگەشەکاندا ئاماژەی پێداوە و ھەندێک لە چاودێرانی بارودۆخی عێراق لەو بڕوایەدان لەوانەیە لەتکردنی عێراق لە پێکەوە گرێدانی ئاسانتر بێت لە بەر ئەو کەلێن و درزو نەمانی متمانەو خوێن ڕشتن و پەراوێز خستنەی پێکھاتەکانی تر لە لایەن شیعەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆیە ئێستا ھاوپەیمانی شیعە ھەروەکو لە سەرەتای ڕەشنووسی پڕۆژەکەیاندا نووسیویانە ئامانج لێ ی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە وەکو وڵاتێکی دیموکراسی یەکگرتوو فیدراڵی بەھێز کە ئەمەش شتێکی تازەی تێدا نیە جگە لە دووبارەکردنەوەی مادەکانی دەستووری عێراق کە ڕیفراندۆمی لە سەر کراو نزیکی لە سەدا ھەشتای خەڵکی عێراق بە بەڵی دەنگی بۆ دا بەڵام جێبەجێ نەکرا .
ئێستا کە شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەڕوات و کوردو سونەو کەمە نەتەوە ئتنیکەکانیش ئەجندای جیاوازیان ھەیە بۆ دوای شەڕەکە کە کورد ئەگەر چی گیرۆدەی قەیران کێشەو ململانێ ی ناوخۆیی ھەیەو ماڵێکی شێواوی ھەیە بەڵام باس لە ڕاپرسی و سەربەخۆیی دەکەن ھیچ نەبێت زۆربەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم ئازادکراوەو لە بندەستی پێشمەرگەدایەودەبێت جێگیر بکرێت لە سەر ھەرێم .
لەلایەکی ترەوە سوونەکان لە ھەوڵی دامەزراندنی ھەرێمێکی سەربەخۆیانن لە پارێزگاکانی خۆیان و کەمینە نەتەوەکانی تریش لە دەشتی نەینەوا دەخوازن ھەرێمێکیان ھەبێت کە لە دەستووری عێراقدا ڕێپێدراوە .
ماوەتەوە ئەوەی کە ئەجندای ھاوپەیمانی شیعەیە ھەرچەندە ئەوانیش ئێستا کێشەو ناکۆکی زۆر لە نێوانیاندا سەری ھەڵداوە ھەروەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە مەبەستیانە عێراق وەکو وڵاتێکی سێنتراڵ و بەھێز بمێنێتەوە خۆیان باڵادەست بن تێیدا بەڵام ئەوەی لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا ھەرچەندە لە سەرەتاوە لە گەڵ کوردا ھەنگاوی باشیان نا و دەستووریان نووسی عێراقیانە بنیاتناوە بەڵام دواتر لە خولی دووەمی کابینەکەی مالیکی کۆتایی بە و ھاوپەیمانێتیە گرنگە ھات و دەست بۆ زۆرھێڵی سوور براو ئەگەر کوردیش ھەندێک لەو بەرپرسیارێتیەی بەربکەوێت ئەوا پشکی شێر بەر کاربەدەستانی شیعە دەکەوێت لەبەرئەوەی ئەوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەدەستەوە بووە لە ١٤ ساڵە ڕابردووی حوکمڕانی عێراق .