CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 75 میوان

(( ئەنفال و لێبووردەیی ))لە یادی ٢٩ ساڵەیدا

بورھان شێخ ڕەئوف: لەیادی جینۆسایدی ئەنفالدا وێڕای ڕێزو نەوازش بۆ گیانی قوربانیانی ئەو کارەساتە پڕ ئێش و ئازارو سوێیە پێم خۆشە ئەمجارە چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر ئەو تراجیدیا مەزنەی ھاوڵاتیانی خۆم لە لایەک و وەکو یەکێکیش کە لە ڕووبەرێکی زۆری شوێنی قەومانی کارەساتەکە شاھید بووم وبە چاوی خۆم زۆریم بینی ھەر لە ڕاکردن و ھەڵاتنی خەڵکی گوندەکانی ناوچەی قەرەداغ بۆ لای ئێمە لە بناری سەنگاو دوای کیمیابارانکردنی سێوسێنان دواتر شاڵاوی ئەنفال بۆ گوندەکانمان و تۆپپباران و بۆمبابارانکردنی گوندی داماوو خانووی قوڕ بە ڕۆکێتی فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی فاشتی ڕەگەزپەرستی بەعس ئیتر بزانن ئەو خانووانە ھەندێک جار ڕەشەبای بەھێزی سەنگاو دەی ڕمانن دەبێت ڕۆکێت و ناپاڵم چی لێ بکات ؟
بەڵێ شاھیدبووم کە ماڵ و حاڵی خۆمان و ھەموو ھاو وڵاتیانی ئەو دەڤەرە مان چۆن جێھێشت ئەوەی لە سەدان ساڵ خەڵکی ھەژارو و سڤیل و دوور لە سیاسەت و بێبەش لە ھەموو مافێکی سەرەتایی تەنانەت لە ئاستێکی بەرزی نزیک بە تەواو نەخوێندەوارو و قایل بە ژیانێکی سادەی مەمرەو مەژی کە بە یەکیانەوە نابوو چ لە مەڕوماڵات و جۆگەو کانی و کەرەسەو پێداویستیەکانی ژیانی لادێ کە ئێستا لێرەدا بواری ئەوە نابێت یەک بە یەک بیانژمێرم کە ئەوانە فەرھەنگێکن بۆ خۆیان و دەکرێت شارەزایانی ئەو بوارە بە دوادچوون وکۆکردنەوەی تەواویان بۆ بکەن .
ھەر ئەو کاتەو لە گەرمەی ڕووداوەکاندا بیرم لە زۆر شت و زارەوەی سیاسی سەردەمی شۆڕش دەکردەوە بە تایبەتی خەباتی چینایەتی کە ھەندێک لایەن و ڕێکخراوی چەپی ئەوکات بانگەشەیان بۆ دەکرد ھەر ئەوکاتیش ھەبوون دەیان وت با خەباتی چینایەتی بۆ دوای ڕزگاری نیشتمانی دوابخرێت , بەڵێ کە بینیم شۆڤێنیەکانی بەعس پەلاماری گوندنشینەکانی کوردستانیان دەدا نەیان دەگووت کێ ئاغایە و کێ جووتیارە کێ دەوڵەموندەو کێ ھەژارە بە بێ جیاوازی خەڵکیان بردو قڕ و کیمیاباران و .....تد کرد.
بەڵێ ئەو کارەساتە ئەو مەرگەساتە ئەو تراجیدیا ئەو خەمە ئەو ئازارە بەسوێیە تا ئێستاش ھەر دەکوولێتەوەو لە بیرناچێتەوە ئەگەرچی سەرکردە وپلان دڕێژەرە سەرەکیەکانی بە سزای خۆیان گەیشتن وەکو سەدام و عەلی کیمیاوی بەڵام چەندین پەندو دیاردەی بۆ جێھێشتین دەکرێت بە وردی لە سەریان بووەستین بۆ نەوەکانی داھاتوو مایەی شانازی و کارتی فشاری بەھێز و ڕووی گەشەی گەلی زۆرلێکراوی کورد بن .
ئەنفال ولێبووردەیی کورد
ھەر لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی ئازار کە ھەموو داموو دەزگا کانی حکومەتی ئیحتیلالی بەعس ڕووخان ھەموو سەرباز و پلەدارەکانی ئەوسای سوپای عێراق کە خۆیان دا بە دەستی جەماوەری ڕاپەڕیوو ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بەو پەڕی ڕێزەوە ھەڵسووکەوتیان لە گەڵ کراو ئازادکران و کەس لە گوڵێک کاڵتری پێ نەوتن جگە لە یاساوڵی دەزگا داپلۆسێنەرەکانی ئەمن کە خەڵکیان زۆر ئازار دابوو ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە ھەنگاوێکی عەقڵانی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی ئەوسا بوو کە بڕیاری لێبووردنی لە ھەموو ئەو کوردانەی کە چەکیان بۆ ڕژێم ھەڵگرت بوو بە مەرجێک دژایەتی ڕاپەڕینی گەل نەکەن کە ئەمەش ئاکامی باشی ھەبوو لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی ھەموو کوردستانی باشوور بە کەرکویشەوە ئازاد کرا ھەر تایبەت بەو باسە ھەندێک جار ئێستاش عەرەبەکانی عێراق کەباسی ڕیشەکێش کردنی بەعس دەکەن و باسی ململانێکانی خۆیان دەکەن تایبەت بەوکەیسەو ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراقدا باسی ئەو ھەنگاوەی کورد دەکەن وەکو نموونەیەکی سەرکەوتوو .
بۆیە ھەر تایبەت بە لێبووردەیی پێویستە ئەو بڵێین کارەساتی گەورە لێبووردن و لێبووردەیی گەورەی وەکو خۆی گەرەکە باوەکو جووەکان نەکەین کە د.ئازاد حمە لە کتێبی مانڤێستی دژە گەندەڵی دەڵێت ((جووەکان لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ھۆلۆکۆستەوە ھۆلۆکۆستی تریان ئەنجام دەدا بەرەنجامیش لە بری ئەوەی ببنە فاکتەرێک بۆ بنەبڕکردنی ھۆلۆکۆست بوون بە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ھۆلۆکۆستی پێچەوانە )).
ڕەگەزپەرستی و جینۆساید
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی زۆرێک لەو جینۆسایدو قڕکرن و سڕینەوانەی یەکتر بدەینەوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ھەموو ئەو پرۆسانە لە نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی کوێرانەو تەنانەت ئاینیش سەرچاوەی گردوەو کارەسات و جینۆسایدی بەرھەم ھێناوە ھەرلە قەتڵوعامی ئەرمەنەوە بە دەستی تورکە عوسمانیەکان و قڕکردنی جووەکان بە دەستی نازیە نەژادی ئاری پەرستەکان و ئەنفالی کورد بە دەستی بەعسیە عروبیەکانی عێراق و ھێرشی سربەکان بۆ سەر بۆسنیەکان و زۆر نموونەی تر لە ئەفریقیاو ئاسیاو ئەمریکای لاتین و شوێنی تریش ھەن کە گەواھیدەری ئەم ڕاستیەن .
لە ھەموو ئەو تاوانانەوە بەو ئاکامە دەگەین کە ناسیونالیزمی کوێرانەو توندڕەو ڕێخۆشکەرن بۆ جینۆسایدو لەناوبردنی بە کۆمەڵ و ھەروەھا لەو شوێن وناوچانەش ڕوودەدا کە ئتنیک و تاقم و پێکھاتەی جیاجیای تێدایە بە نموونە ڕوداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی عێراق و سوریا و سەرھەڵدانی تیرۆری داعش و چارەسەر نەکرنی کێشەو قەیرانەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین زەمینەی لە بارو گونجاون بۆجینۆسایدو قڕکردنی مەترسیدارتر, ئەمەش نەک بەم پێکھاتانەی ئێستاو بەم چین و تاقمە سیاسیانە و چارەسەر ناکرێت بەڵکو ھەوڵ و کۆششی ڕاستەقینەی نێو دەوڵەتی گەرەکە .
ئەنفال و نەزمی دووجەمسەری جیھان
ئەنفال لە کاتێکدا ئەنجامدرا لە ساڵی ((١٩٨٨ ))عێراق و ئێران لە جەنگێکی ھەشت ساڵەدا بوون و شەڕی ساردی نێوان ھەردوو جەمسەری ململانێ لەجیھان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاران لەو پەڕی کێبڕکێ و لە دواترلە ساڵی ١٩٩١ بە بەرژەوەندی ئەمریکا یەکلایی بووەوە یەکێتی سۆڤیەت ھەڵوەشایەوەو کە ئەمە باسێکی ترە و لێرەدا بواری باس کردنی نیە,ئەوەی مەبەستم بوو لە سایەی ئەو نەزمەدا کە ھەموو وڵاتانی جیھانیان لە نێوان ھەژموونی خۆیان بەشکردبوو ئیتر ھەر تاوان و جینۆسایدێکیش بکرایە بە کاروباری ناوخۆی وڵاتان وەسف دەکرا ھەر ھەڵوێست وکاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو تاوانانە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەدەنراو کڕوکپی لێدەکرا کە ئەنفالیش لە ئاوا بارودۆخێکدا جێبەجێکرا .
پێویستە ئەوەش بڵێین کە زۆربەی ئەو جینۆسایدو قڕکردنانەی کە ئەنجام دراون یان وڵاتی گەورەی وەکو ئەڵمانیا خۆی ئەنجامی داوە یان وڵاتی گەورەی وەکو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خۆی قەتڵوعامی ئەرمەنەکانی کردووە یان بە بێدەنگی و چاو نووقاندن و پشتیوانی ئەوان کراوە . بۆیە دەخوازێ نەزمی نوێ ی جیھان نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوە ناحکومیەکان حزبە گەورەکانی جیھان چالاکوانان ناوەندەکانی لێکۆلینەوە و کاربۆ ئەوە بکەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پابەند بکەن بە پاراستنی ھەموو کەمینە نەتەوەیی ئتنیکیەکان بە یاساو میکانیزمی گونجاو .
ھەرچەندە ئەنفال ئەو مەرگەساتە پڕ ئێشە بووە ماک و ھەوێنی راپەڕین دوای سێ ساڵ بەڵام مەخابن ڕاپەڕینیش سەرەڕای دەستکەوتەکانی (( گەندەڵی)) لە ھەناویدا سەری ھەڵدا کە دزێوترین دیاردەیە و ھەروەکو عەبادی لە دیداری سلێمانی زانکۆی ئەمریکی دا وتی گەندەڵی لە تیرۆر مەترسیدارترە بەڵی منیش دەزانم مەترسیدارترە بەڵام بۆ دۆکومینت کردنی ئەو دیاردەیە ناوی دەبەم سەرۆک وەزیرانی ھەرێمیش پێش چەند ساڵێک وتی گەندەڵی بووە بە کەلتوور ئەمە مەترسیەکانە ئەمە بێدەستەڵاتی و پەند وەرنەگرتنە لە مووسیبەتەکان بۆیە ئەگەر تازووە خەمی ئەو دیاردەیە نەخۆن گەندەڵی لە ھەموو مەینەت و تاڵییەکانی مێژووی کورد زیاتر ئێستاو داھاتووی کورد دادەڕزێنێت چونکە گەندەڵی ھەموو بەھا و پرنسیپ و پیرۆزییەکانی گەل و نیشتمان لەکەدارو شەرمەزار دەکات چونکە پێچەوانەی ھەموویانە گەندەڵی .
ماوەتەوە بڵێم سەرنج و تێبینی زۆر گرنگ و وردم ماوە بیڵێم لەسەر ئەم کارەساتە نەتەوەیی و مێژووییە بەڵام ئێستا نەکات و نە کۆمەڵگای کوردی و نە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گونجاو نیە با بمێنن و بەو ھیواییەی لە داھاتوودالە کەشێکی لەبارتردا قسەی لەسەر بکەین .