CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 95 میوان

بۆردوومانی پێگەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان

بورھان شێخ ڕەئوف: بەرەبەیانییەکی زووی ڕۆژی سێ شەمە ٢٥/٤/ ٢٠١٧ چەندین سرب لە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بنکەو بارەگاکانی پێشمەرگە لە چیای شەنگال وشەرڤانان لە چیای قەرەچووغ لە ڕۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج ئەگەر لە ڕابردوودا بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە قەندیل و شوێنەکانی تر کردبێتە ئامانج بە بیانووی چالاکی و پرۆسیسە چەکداری و سەربازی و سیاسیەکانی ئەو حزبە لە باکووری کوردستان ئەوا ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەی تورکیای لە ٢٥/نیسان ماناو مەدلوولی خۆیە ھەیە دەکرێت لە سەری بووەستین .
ئەم بنکەو بارەگانەی کە بەر ئەو ھێرشە کەوتن جگە لە وێستگەی کارەبا وەکو ژێرخانی ئابووری , بنکەکان ئەو بارەگانەن کە لە ڕابردوو ئێستاش بنکەی دواوەوە ی بەرەی شەڕی تیرۆر و داعشن لە کاتێکدا پاساوی تورکیا بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەوەیە کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان و دەڵێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەرازووی ھێزی گۆڕی,بەڵام دەکرێت بڵێین ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەرازووی ھێز لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا دەگۆڕێت چونکە ئەم پێگەو بنکانە بەرەی جەنگی تیرۆرو داعشن نەک تورکیا .
لەلایەکی ترەوە دەکرێت بپرسین ئەگەر ھێزی یەپەژە ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای شەنگالن و بۆ بەرگری لە ئێزدییەکان , خۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان ھێزیکی ترەو لە سەر خاک و ماڵی خۆیانن ئەوانتان بۆ کردۆتە ئامانج ؟
لە ھەمان کاتدا ئەگەر سەرۆکی نوێ ی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لە داوی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لە خانشیخون لە سوریا یەکسەر ھەڵوێستی دەربڕی و ٥٩ ڕۆکیتی ئاڕاستەی بنکە ی ھەوایی شعێرات کرد کە کۆمەڵێک مەسج و و مەبەستی خۆی ھەبوو بۆ ناوچەکەو جیھانیش ئەوا ئەردۆگانیش بەم ئۆپەراسیۆنە ھەواییە بۆ سەر جەنگاوەرانی کورد لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان کە ھاوپەیمانی نزیکی ئەمریکاو دۆستی تاقانەو نزیکی ئەون لە ناوچەکەدا ئەمیش مەسج و بروسکەی خۆی دەنێرێت , ھەوڵدەدەین لە خوارەوە زیاتر تیشکی بخەینەسەر :-
پێویستە ئەوەش بخەینە ڕوو کە بنکەو بارەگاکانی شەڕڤانان لە خۆرئاوا زۆر نزیکەلە بارەگاو بنکەی ڕاوێژکارە ئەمریکییە کان
ھەرچەندە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکی داھاتوودا ئەردۆگان سەردانی ئەمریکا بکات وادیارە پێش سەردانەکەی ئەم مەسجانەی ناردووە کە خوازیارە ئەمریکا واز بھێنێت لە کۆمەکی یەکینەکانی پاراستنی گەل و پەیەدە لە سوریا ئەو دۆسیە ڕادەستی ئەو تورکیا بکات وجا ئیتر لە ژێر ناوی ناوچەی ئارام یان ھەر ناوێکی تردا بێت لەلایەکی ترەوە خوازیارە کە ئەو پەیوەندی و ھاریکارییە سەربازییانەی ئێستا لە مەیدانی شەڕی تیرۆر دا ھەیە نەگۆڕێت بۆ بواری سیاسی وباسی سیستمی فیدراڵی بۆ باکووری سوریا نەکرێت و پەیەدەش بخرێتە ناو لیستی تیرۆرەوە چونکە باڵی پەکەکە لە سوریا .
لە بەرامبەریشدا ئەردۆگان ھەر چەندە پێشتر زۆر جار لە ھەڵوێست و بڕیارەکانی پاشگەز بووەتەوە دوورنیە ئەمێستاش جارێکی تر دەستبەرداری ھاوکاری کۆمەک گروپە تیرۆریستەکان بێت و بگەڕێتەوە ژێر باڵی ئەمریکا .
لەلایەکی ترەوە نامەیەکە بۆ پەیە دەو پەکەکە کە پێیان دەڵێت ناتوانن بێ ڕەزامەندی تورکیا کۆمەک و پشتیوانی بە دەست بھێنن وئەو کۆمەک و ھاوکاریانەی ئەمریکا بۆ ئێوە جگە لە بواری سەربازی ناچێتە خانەی ھەڵسووکەوتی سیاسی و فەرمیەوە جگە لە دیفاکتۆیەکی کاتی گرنگیەکی ئەوتۆی نیە .
لەلایەکی ترەوە بە ڕووسەکان دەڵێت دەتوانم بچمەوە ناو باوەشی ئەمریکا وەکو سەردەمی جەنگی ساردو کۆمەک و یارمەتیەکانی ڕووسیا بۆ شکست بە کودەتاکەی ١٥ تەمووزی ساڵی ڕابردوو بەس نەبوون بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ھاوپەیمانی سیاسی بەڵکو ھەر سیکتەری ئابووری گرتەوە , وادیارە بوو ڕق و کینەی ھاوبەشیان بۆ ئەوروپا نەیتوانی درێژە بە ھاوپەیمانیەکەیان بدات چونکە ڕووسەکان لە سووریا نەیانھێشت لە ناوچەی باب زیاتر تورکیا پێشڕەوی بکات لە کاتێکدا ئەوان تورکیا حەزیان لەوەبوو ڕۆژئاوای کوردستان ھەمووی داگیربکەن .
ماوەتەوە بپرسین ئەرێ ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیان کە ھێشتا شەڕی داعش تەواو نەبووە بەم شێوە ھەڵسووکەوت لە گەڵ کوردا دەکەن کە ھاوپەیمان و ھاوبەشی سەرەکی بوون لە شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا کە لە سەر زمانی خۆیانەوە لە بەرزترین ئاستدا دانیان پیدا ناوە , ئایا ئێستا ئیتر یارو نەیار ھەقیان نیە بپرسن ئەرێ کورد کەرەسە بوو یان ھاوبەش لەم جەنگەدا ؟