CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 99 میوان

کاتی تیماری برینەکان ھاتووە

بورھان شێخ ڕەئوف
لە ماڵپەڕی ساسە پۆست بابەتێکم خوێندەوە لە ژێر ناونیشانی ھەشت لە گەورەترین و کاریگەرترین وتاری سیاسی لە مێژووی نوێ دا .
ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام وتارەکەی نیلسۆن ماندیلا بووکە یەکێک بوو لەوانە ھەرچەندە وتارەکانی تر ھی حەوت کەسایەتی مێژوویی و جیھانی و گرنگ بوون لەوانە مارتن لۆسەر کینگ وجۆرج و اشنتۆن و وینستۆن چرچڵ و جەمال عەبدولناسرو غاندی و جۆن کینیدی و نیکیتا خرتشۆف , کە ھەریەکەلەوانە لە چرکە ساتێکی مێژوویی گرنگدا ئەو وتارانەیان پێشکەش کردووە بەڵام من بە باشم زانی ناونیشانی وتارەکەی ماندێلا بکەم بە ناونیشانی وتارەکەی خۆم کە ئەو ڕستەیەی سەرەوەیە (کاتی تیماری برینەکان ھاتووە) .
ھەرچەندە بەپێویستی نازانم لێرەدا ماندێلای مەزن بە خوێنەران بناسێنم چونکە ئەو ٢٧ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەریەکەوە لە پێناو ئازادی و یەکسانی و دژ بە ڕژێمی ئاپارتاید بەسەر برد و ئەو وتارەی کە بە یەکێک لەو ھەشت وتارە سیاسی یەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە پۆلین کراوە کە زۆر بە ھێمنی و بە شکۆەوە ھەست و سۆزی خۆی بۆ ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئەفریقیای باشوور دەربڕی , دوای ئەو ماوە درێژەی زیندان ھیچ پەنای بۆ تۆڵەو ڕق و کینە نەبرد و ھەر بڕوای بە پێکەوە ژیان و لێبووردەیی ھەبوو , بەڵێ لە ئاھەنگی دەستبەکاربوونی وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری ڕەش پێست لەو وتارەدا وتی :-
ماندێلا ڕووی دەمی لە ھەموو ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بە بێ جیاوازی سەرەتای سەردەمێکی نوێ ی ڕاگەیاند و وتی جارێکی تر ھەرگیزاو ھەرگیز, ھەرگیز نابێت لەم وڵاتە جوانەدا سەرکوتکردن و چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ڕووبدات و دەمی تیماری برینەکان ھاتووە.
مەبەستی من لەم پێشەکی و وتە جوان و ناوازەو دەگمەنانەی ماندێلای مەزن وەکو ئەزموو نێکی جوانی گەلان و کەڵک و پەند وەرگرتنە لێ ی بۆ ئەزموونی ئێستایباشووری کوردستان و قەیرانە قورس و گورچکبڕەکانی .
.
باشووری کوردستان کە زۆرترین قوربانی و خوێناویترینی ڕووداوەکان ھەر لە شۆڕشی ئەیلول و ناکۆکیەکانی ھەناوی ئەو شۆڕشەو ھەرەسھێنانی و ڕاگواستنی گوندەکان و سەرھەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ و گفتوگۆ لە گەڵ ڕژێمی سەدام لە ساڵی ١٩٨٤ و شکستھێنانی گفتوگۆ و دواتر ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە , دواتر ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و وەدەرنانی بەعس و کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان و دواتر گەڕانەوەو گفتوگۆی بەرەی کوردستانی و بەعس و ناوچەی ئارام و دژە فڕین و و پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو ڕووداوانەن کە دەریاییەک خوێن و فرمێسکیان لەگەڵ خۆیاندا ڕێژاوە .
لە ئێستادا کە گۆڕانکاری و ئاکامەکانی شەڕی تیرۆرو داعش بەرەو کۆتایی دەڕوات کورد قوربانی گەورەی دا لەو شەڕەدا و پێگەیەکی گرنگی بۆخۆی بە دەستھێنا بە گەواھی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەوروپاو ئەمریکا بەڵام لە ڕووی ناوخۆیی نێو ماڵی کوردەوە ھەرگیز لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەی ئێستا ماڵەکەی شێواو و پرژ و بڵاوو بێ بەرنامە نەبووە بۆ پێشھات و دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە .
بۆیەجێ ی خۆیەتی لە کاربەدەستانی وڵات بپرسین ئەرێ کاتی تیماری برین و دەردو کۆڤانەکانی کورد و کوردستان نەھاتووە ؟
ئایا خوێنی ھەموو شەھیدان و قوربانییەکانی ئەنفال و بەرزانییەکان و ھەڵەبجە و وێرانکردن و ڕاگواستنی زیاتر لە ٥ ھەزار گوندو شارۆچکە بەس نین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم دەردانە بکەن و کۆڵ لە ململانێ ی ناڕەواو یەکتر سڕینەوە بدەن ؟
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە یاسا سەروەر بێت و دامودەزگاکانی دەوڵەت کاراو چوست وچالاک بن ؟
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە شەفافیەت لە دۆسیەکانی نەوت وغازو بەڕیۆەبردنی دامودەزگاکانی وڵاتدا بەرقەرارو پیادە بکرێت ؟
کاتی ئەوە نەھاتووە کاڵابەقەد باڵا و پیاوی گونجاو لە شوێنی گونجاو دابنرێت ؟
تۆ بڵێ ی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەم لایەنانەی کوردستان لە ناکۆکی و نێوان ڕەش پێست و سپی پێستەکانی باشووری ئەفریقیا وڕژێمی ئاپارتاید گەورەتربێت .
ئایا سەرکردەکانی کورد کامیان ئەو شەرەفەو ئەو تاجی سەروەرییە لە سەری خۆیان دەنێن ئەمجارە کۆتایی بەم لاپەڕە شوومەی ناکۆکی و بنبەست دێنن ؟