CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 130 میوان

سعودیە و ئەمریکا خاڵی ھاوبەش

بورھان شێخ ڕەئوف
لە بیرمانە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ دەی گووت عەرەبستانی سعودیە دادوەرانە ھەڵسووکەوت لە گەڵ ئەمریکادا ناکات لە بەرئەوەی ئەمریکا خەرجی و توانایەکی دارایی زۆر بەکاردەبات لە پاراستنی ئاسایشی عەرەبستانی سعودیە بۆیە خوازیار بوو ئەرکەکانی بەجێبھێنێت لەبەرامبەر ئەو بارە قورسەی کە ئەمریکا چووەتە ژێری بۆ پاراستنی سەروماڵی عەرەبستان بەرامبەر ھەڕەشەی نەیارەکانی .
بە تایبەتی کە لە سەردەمی ئۆبامادا کۆنگریس یاسای جاستا یان دەرکرد بۆ داوای قەرەبوو سزا لە تەقینەوەکانی ١١ سپتەمبەری ٢٠٠١ لە ئەمریکا چونکە ١٤ کەس لە ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستیەکە کە ١٩ کەس بوون سعوودی بوون بەڵام ئۆباما یاساکەی واژۆ نەکرد .
بەڵام ئەوەی بینرا ترامپ ی کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ترامپ ی ئێستای سەرۆک و نیشتەجێ ی کۆشکی سپی نیە چونکە وا یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ عەرەبستانی سعوودیەیە بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی کە پێشووتر دابووی چاوەڕوانی بەریەککەوتن وململانێ ی لێدەکرا؟, کەچی بینیمان گەورەترین کۆبوونەوەو کەڕنەڤاڵی بۆ ڕێکخرا نەک ھەر لە گەڵ پاشای عەرەبستان بەڵکو لە گەڵ سەرکردەکانی کەنداو و زۆر وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی تری گرنگ .
بەڵام دەکرێت بپرسین سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر چیدا ئەم ھەڵگەڕانەوە گەورەی لە ھەڵوێستەکانی دا کردووە بەرامبەر بە عەرەبستانی سعوودیە ؟
ئەوەی کە دەرئەنجام بە دەست دەکەوێت لە دوای گەڕان و شرۆڤە بە سەرچاوە کانی ھەواڵ و لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتدا ئەوەیە کە ئەمریکا خوازیارە کۆمەڵێک داخوازی و دەستکەوتی چەورو گرنگ بە دەستبھێنێت لە سعوودیە کە بوارەکانی گەشەپێدان وەبەرھێنانە بە پشتیوانی عەرەبستان کە ژێرخانی ئەو وڵاتە نوێ بکاتەوەو ملیۆنان ھەلی کار دابین بکات بۆ ھاوڵاتیانی ئەمریکی کە بێکارن ئێستا ئەمەش لە ڕێگای تەرخانکردنی زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی لەلایەن حکومەتی سعوودیەو ە بۆ وەبەرھێنان لە ژێرخانی ناوخۆی ئەمریکا سەرەڕای گرێبەستی ١٠٠ ملیار دۆلاری کڕینی چەک و ھەروەھا باس لە گرێبەستێکی تر دەکرێت بە بەھای زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلار لە ماوەی دەساڵی داھاتوودا کە ئەمەش گوژمەیەکی باشی پارەیە بۆ گەنجینەی ئەمریکا ,جگە لەوەی ترامپ دەتوانێت لە ئیماراتی عەرەبی وڵاتەکانی تری کەنداو داھاتی زیاتری دەست بکەوێت .
لایەنێکی تری گرنگ کە ترامپ کاری لە سەر دەکات لەم سەردان و بادانەوەدا ئەوەیە کاراکردنەوەو گێڕانەوەی ڕۆڵی ئەمریکایەلە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا کە ئیدارەی پێشوو لە دووساڵی ڕابردوودا زۆر پاشەکشەی کردبوو و بواری بۆ ڕوسیا وڵاتانی تر چۆڵ کرد بوو ڕۆڵ بگێڕن ,ترامپ بەڵێنی دابوو شکۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەمریکا ئەمەش بە پارەو توانای دارایی دەکرێت چاودێرانی دۆخی ناوچەکە لەو بڕوایەدان ئەمریکا بە نیازی ئەوەیە تێچووی ھەر دەستوەردانێک لە ڕووداوەکانی ناوچەکەو شەڕی تیرۆر بخاتە ئەستۆی سعوودیە.
ئەمانەو جگە لە بووژانەوەی پیشەسازی چەک و بەرگری کەمکردنەوەی ڕۆڵی دامەزراوە ئایینی و مەزھەبیەکان لە سعوودیەو بە گەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیل و ئاسایی کردنەوە ی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل .
ھەروەکو ئاشکرایە سیاسەت و دان وسان ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە دەبێت وەڵامی ئەوەش بدۆزینەوە دەبێت عەرەبستانی سعوودیە لەبەرامبەر ئەم ھەموو( دان ) ەدا چ بسەنێت ؟
بەکورتی ئەوەمان دەست دەکەوێت بۆ ئەو وەڵامی ئەو پرسیارە کە پڕچەککردن و ھاریکاری سەربازییە لە گەڵ ئەمریکا کە سەرچاوەی گرنگی چەک و تەقەمەنیی بۆ سعوودیە و ڕاھێنان و ئامادەکارییە کانی سوپاکەی پشت بە ئەمریکا دەبەستێت ,فاکتەرێکی تر پاراستن و پشتیوانی سعوودیە لە کۆڕو کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەمریکاوە کە خاوەنی مافی ڤیتۆیە لە ھەر لێپێچینەوەو سزایەکی نێودەوڵەتی .
خاڵێکی تری گرنگ کە عەرەبستان زۆر پێویستی پێیەتی پشتیوانی سیاسەت و بۆچوونەکانیەتی لە قەیرانەکانی یەمەن و سوریا جگە لە زامنکردنی پشتیوانی بۆ جێنیشینی جێنشینی شا (محمد ی کوڕی شا سەلمان ) کە جێگەی باوکی بگرێتەوە لە داھاتوودا .
لەوانە گرنگتر و ستراتیجی تر بۆ عەرەبستانی سعوودی بەرگرتن لە فراوانبوونی ھەژموونی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە ئەمە خاڵی ھاوبەشی نێوان ئەمریکاو عەرەبستانە کە بووە ھۆی زیاتر نزیک بوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لە یەکتر و لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا عەرەبستان لە ھەوڵی ئەوەدا بووە خۆی وەکو پێشڕەوی وڵاتانی ئیسلامی پیشان بدات و کاری جدی بۆ کردووە .