CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 123 میوان

کێ تیرۆریستە بە ڕاستی

بورھان شێخ ڕەئوف: ئەوەی مایەی نیگەرانی و قایل بوون نیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووی شەڕی تیرۆرو ململانێ ئتنیکی و تائیفیەکانی ناوچەکەدا کە کورد فاکتەری ئەکتیف و گەشی مرۆڤایەتی بوو تێیدا چ لە باشوورو چ لە ڕوژئاوا بە گەواھی زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەمریکاو ئەوروپا کەچی ئەردۆگانی سوڵتانی نوێ ی عوسمانی بێ دوودڵی سڵەمینەوە بە موناسەبەو بێ موناسەبە شەڕڤانان و گەریلاکانی کورد بە تیرۆریست ناو دەبات و دەخوازێت کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش وا بڵێن و دڵی ئەو شاد بکەن .
ھەر بۆیە لە مانگی ڕابردوو پێگەو بنکەکانی شەڕڤانان و پێشمەرگەی لە چیای شنگال و چیای قەرەچووغ ی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و قوربانیش ھەبوو لە کاتێکدا ئەو پێگانە بەرەی دواوەی شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعش بوون .
بەڵێ ئەمانە لە کاتێکدا ڕوویاندا کە بەبەرچاوی ھەموو جیھانەوە ئەردۆگان و ئاکەپە لە ماوەی ڕابردووی ئەو جەنگەدا تورکیایان کردە ڕێڕەوێکی ئارام و ئاسان بۆ کۆکردنەوەی ھەموو تیرۆریستان لە ھەموو کون و قوژبنێکی دنیاوەو ڕەوانەکردنیان بۆ عێراق و سوریا کە لە ڕاپۆرتێکی تازەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دا ھاتووە کەباس لە کۆمەک و ھاریکارییەکانی ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات بۆ داعش و گروھە تیرۆریستیەکانی تر لە سوریا و عێراق و ھەروەھا باس لە بازرگانی نەوت وگرێبەستی چەورو پڕ لە قازانجی خەیاڵی خۆی و خانەوادەکەی دەکات و ھەروەھا ڕاپۆرتێکی تریش لە سەنتەری بەگژاچوونەوەی تیرۆری ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەوە داوە ئەردۆگان کارئاسانی کردووە بۆ ئەوەی ٢٥ ھەزار تیرۆریستی بێگانە پەیوەست بن بە ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە لە ھەمان کاتدا ڕێنمایی بە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش وھەواڵگری تورکیا داوە کە ھیچ ڕێگری و کێشەیەکیان بۆ نەخوڵقێنن تەنانەت ھەندێک جار کارمەندەکانی دەزگای ھەواڵگری تورکیا ھاوڕێ و ڕابەری یان بوون تا شوێنی مەبەست .
لەلایەکی ترەوە ڕاپۆرتەکە باسی کۆمەک و ھاوکاری ھەندێک لە یەکینەکانی ھەواڵگری تورکیا دەکات کە چەک و تەقەمەنی یان داوە بە گروپە تیرۆریستیەکان بە داعش و ئەلقاعیدەشەو ئەمەش کاتێک ئاشکرا بوو کە سێ بارھەڵگری گەورە بە چەک و تەقەمەنی و چارەسەری پزیشکی و داودەرمان لە شاری ئەزەنە لە سنووری باشووری تورکیا دەستیان بە سەردا گیرا .
لە ھەمان کاتدا ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ( CAR) کە ڕێکخراوێکی توێژینەوەیە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی دارایی دەکات لە چەکی کلاسیکی کە چۆن گەیووەتە دەستی داعش و ناوچەکانی ململانێ لەمانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٦ دا ,تورکیایان بە گەورەترین پشت و پەناو یارمەتیدەری داعش داناوەو کە چەک و تەقەمەنی و خۆراک و داودەرمانیان بۆ دابین دەکات و گەورترین ڕایەڵەی پەیوەندی بازرگانی یان لە وڵاتەدا دروست کردووە بۆ عێراق و شام .
جگە لەوەش دەرگای ھەموو نەخۆشخانەو ناوەندە فریاگوزارییە تەندروستیەکانی تورکیا ئاوەڵابووە بۆ ئەندامانی داعش و قاعیدەو گروپە تیرۆریستیەکانی تر بە بێ بەرامبەر وەکو احمد یایلا نووسەری وتارەکە باسی دەکات کە خۆی لە ساڵی ٢٠١٣ کە بەڕێوەبەری بەشی بەگژاچوونەوەی تیرۆر بووە لە ئاسایشی باشووری تورکیا دواتر دەستی لەکارکێشاوەتەوە .
لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری (pew) ئەمریکی کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامیداوە گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی کە ٧ ملیۆن ھاوڵاتی تورکیا ھاوسۆزو لایەنگری لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) دەکەن .
ئەکرێت بپرسین ھەموو ئەمانە ئاکامی چین ؟
ھەروەکو زۆرێک لە ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوانان و نووسەرانی ئاگاداری کاروباری تورکیا ئاماژەی بۆ دەکەن وتارو ھەڵوێستە ئایینی و مەزھەبیەکانی ئەردۆگان وپارتی داد و گەش (( ئاکەپەیە )) کە ھەمووی ھاندانە بۆ تووند ئاژۆییی ئاینی و ئتنیکی ھەروەکو بینیمان لە ساڵی ڕابردوو چۆن پۆلیسێکی تورکی پەلاماری باڵوێزی ڕوسیای دا لە ئەنقەرەو کوشتی لەبەرچاوی کامێراکان سەرەڕای ئەوەی گروھە توندە ڕەوکان ھەروەکو دەڵێن چوار قوتابخانەیان ھەیە لە ئەنقەرەی پایتەخت و خاوەنی چەندین خێوەتگەو بنکەو بارەگای ڕاھێنان کە پێشتر دەزگا ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان ئاشکرایانکرد پێش ئەوەی ئەردۆگان ھەموویان دابخات .
ھەموو ئەو یارمەتی کۆمەکانە وایان لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) کرد کە ببێتە ھێزێک سڵ لە ھیچ شتێک نەکات و جۆرەھا شێوازو ڕێگای نوێ دابھێنێت بۆ کوشتن و بڕین و سووتاندنی خەڵک و دیل بە زیندوییەتی لە عێراق و شام کە بێگومان ئۆباڵی ھەموو ئەوانە لە ملی ئەو پشتیوانانەیە .
ماوەتەوە بڵێین لە دوای شکستی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ ئەمریکا و بەشدارینەکردنی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا ترامپ لە عەرەبستانی سعوودیە لە گەڵ زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ئەردۆگان بەرەو کوێ دەبات ئایا بەرەو ھاوپەیمانیەتییەکی تری ئیسلامی لە گەڵ ئێران ناڕوات کە بەراییەکەی وەدەرکەوت لە کاتی پیرۆزبایی کردنی لە حسن رۆحانی وەکو سەرۆکی دووبارە ھەڵبژێراوی ئێران ؟