CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 121 میوان

قەتەر وڵاتە بچکۆلەکە بەڵام

بورھان شێخ ڕەئوف
قەتەر ئەو وڵاتەیە کە کەناڵی جەزیرەی تێدا دەمەزراو لەسەر دەستی دەستەیەکی زۆر شارەزاو پرۆفیشنال لە ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی جیھانی عەرەبی کە مۆدێلێکی نوێ بوو لەناو میدیای عەرەبیدا کە ڕاو بیرو بۆچوونی جیاواز و دژبەیەک پیشانی بینەرانی عەرەب بدات و باسی کێشەو ململانێکانی وڵاتانی عەرەبی بکات جگە لە قەتەر .

لە لایەکی ترەوە ھاوڵاتیانی قەتەر خاوەنی بەرزترین داھاتی ساڵانەن کە بۆھەرتاکێک نزیکەی ١٣٠ھەزار دۆلاری ئەمریکیە و خاوەنی زیاتر لە ٣٠ ھەزار ملیاردێرە کە بە پلەی دووەم دێت لە سەر ئاستی جیھان , خاوەنی باشترین سیستمی خوێندن و فێرکردنە لەسەر ئاستی عەرەبی یەکەمەو لە سەرئاستی جیھان چوارم , لە ڕووی تەندرووستیەوە لە پلەی یەکەم دێت لە جیھانی عەرەبدا و شەشەم لە سەرئاستی جیھان و ھەموو ھاوڵاتیەکی قەتەری لە دەرەوەی وڵاتیش بەخۆڕایی چارەسەریان بۆ دەکرێت واتە لە سەر حسابی حکومەت .
ئەمانەو زۆر دەستکەوت و ئیمتیازاتی تر کە ھاوڵاتیانی قەتەر لێ ی سوودمەندن تەنانەت لە ھەموو باج و خەراجێکی حکومی بەخشراون و ئاوو کارەبا بە خۆڕاییە .
قەتەر وڵاتێکی بچکۆلە بە ڕووبەر کەم سەر بە ژمارەی دانیشتووان و لاواز لە بواری تەکنۆلۆجیاو پیشەسازی سەربازی بۆ یە ناچارە کە بە دوای ھاوپەیمانی سەربازی و بازرگانی و دبلۆماسی گەورەدا بگەڕێت لەسەر ئاستی تەرازووی ھاوکێشە جیھانی ناوچەییەکان بۆ پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی , بۆیە ھەر لەھەمان فۆرمدایە کە بنکەی عێدید کە بنکە ھێزەکانی ناوەندی ئەمریکا لە ناوچەکە لەقەتەرەو بنکەی ھێزی شاھانەی ئاسمانی بەریتانیاش ھەر لەوێیە و جگە لە بەشێک لەھێزی دەریایی ئەمریکاش .
لە ئێستاشدا میسرو ھەندێک لە وڵاتانی کەنداو ھەموو پەیوەندییەکانیان لە گەڵ قەتەر بچڕاند ئەمە وەکو ڕاگەیاندنی باری جەنگە لە گەڵ ئەو وڵاتەدا و باس لە وەدەکرێت ئەمریکا بنکەی عێدید بگوێزێتەوە و لە دوای سەردانەکەی ترامپ بۆ عەرەبستانی سعوودیە دوای ئەو لێداوانەی بەناو کاربەدەستانی قەتەر بڵاوکرانەوەو وترا ھاککەران نووسیویانە ئەوان بێئاگان لێ ی بەڵام وادیارە ڕووداوەکان بە ئاکارێکی تر دەڕۆن و ھەر بۆیە ئەم پێشھاتانە جۆرێک لە ترس و بیمی بڵاوکردەوە لەناو ھاوڵاتیانی قەتەر و لە ڕووی ئابووریشەوە ئەو وڵاتە تووشی زیانێکی گەورە بوو بە ھۆی دابەزینی نرخی پشک و کاغەزە داراییەکانی قەتەر کە باس لە بڕی ٧ ملیار دۆلار زیاتر دەکرێت .
ھۆی چیە ئەم سزا توندەی قەتەر؟
بیانوو پاساوی ئەو وڵاتانە ئەوەیە بۆ ئەم ھەنگاوەیان دژبە قەتەر کە تۆمەتباری دەکەن بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان و کۆمەک و ھاوکارییەکانی قەتەر بۆ ئیخوان مسلمین و کەناڵی جەزیرەز تاقم و گروھە تیرۆریستیەکان و پەیوەندییە توندو تۆڵەکانی لە گەڵ ئێران .
ھەر بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ھەڵوێست و ڕۆڵی قەتەر لە ناوچەکەدا پێمباشە ھەڵوێست و بۆچوونی ھەندێک لە کاراکتەرەکانی ناوچەکە لەسەر قەتەر باس بکەم لەوانە ئیسرائیل کەلە زاری یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی پێشووی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کە دەڵێت قەتەر یاریزانێکی زۆر ئاڵۆزو جێ مشتومڕە کە کە کۆمەک و ھاوکاری یارو نەیارەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات .
تورکیاش لە زاری سەرۆکۆمارەکەیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی ئەم سزایانە دژ بە قەتەر دروست نین و لە جێگەی خۆیدا نیە لەھەمانکاتدا ڕۆژنامەی یەنی شەفەق ی تورکی نزیک لە ئەردۆگان ڕۆژی سێ شەمەی ڕابردوو لە وتارێکدا نووسیویەتی ئەم قەیرانەی بۆ قەتەر خوڵقێنراوە ئامانج لێ ی تورکیایە ھەروەھا زیاتر دەڕوا لەسەری و دەڵێت ئەمە لێدانی تورکیایە لە ڕیگەی قەتەرەوە کە مەبەستیانە کێشەو قەیرانی دارایی قورسی بۆ بخوڵقێنن و تاک و تەریکی بکەنەوە , لە ھەمان کاتدا تورکیا بوونی محمد دحلان ی فەلەستینی لە ئیمارات بە ھەڕەشە بۆسەر خۆی دەزانێت بە یەکێک لە نەخشە داڕێژەرانی کودەتاکەی ١٥ تەمووزی ساڵی ڕابردووی دەزانێت .
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەم لێدوانانەی ئەردۆگان و ڕۆژنامە کانی نزیک لەخۆی ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە قەتەرو تورکیا خاڵی ھاوبەشی کۆمەکی گرووھە تیرۆریستیەکان کۆیان دەکاتەوە .
بەڵام ڕای وڵاتانی تری کەنداو عەرەبستان و ئیمارات و بەحرین و میسریش ھەمان ئەو بۆچوونانە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.
ماوەتەوە بڵێین لەکاتی گواستنەوەی بنکە عێدیدی ئەمریکا لە قەتەر دوور نیە بەریتانیا کە لە یەکێتی ئەوروپا پاشەکشەی کردووە ئەو بۆشاییەی ئەمریکا بۆ قەتەر پڕ بکاتەوە لە ھەمان کاتدا فەرەنساش کە گلەییان ھەیە دەربارەی لێدوانەکانی ترامپ کە وتبووی ئەوروپیەکان ئیلتزامە داراییەکانیان بەرامبەر بە پەیمانی ناتۆ بە جێ نەھێناوە دوور نیە ئەوانیش فەرەنسییەکان پێگەی خۆیان لە قەتەر بەھێزبکەن .