CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 144 میوان

ئەمریکا گەڕایەوە بۆ عێراق

بورھان شێخ ڕەئوف
باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی دا بەڵێنی بە دەنگدەرانی دابوو کە ئەگەر سەرکەوتن بە دەست بھێنێت ئەوا یەکسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکێشێتەوە و ھەر بەڕاستیش وایکرد و ئاکامەکەیمان بینی عێراق چی بەسەرداھات .
بەڵێ ئەمریکا لە ژێر فشاری ھێزە تیرۆریستیەکان و دەستێوەردانی گەلێک لایەن و وڵاتی ناوچەکە لە عێراق زۆر بە پەلە و بە پەلە قاژە کشایەوە وەکو دیارییەکی جوان پێشکەش بە خەڵکی تر کرا , وەکو وەزیری دەرەوەی پێشووتری عەرەبستان ئەمیر سعود ئەلفیسەل وتی کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە ,بەڵام دەکرێت بپرسین ئەو فاکتەرانە چین وایان لە ئەمریکا کرد جارێکی تر لە پەنجەرەو خۆی بکاتەوە بە عێراقدا ؟
عێراق جگە لە پێگە ئیستراتیجی و گرنگەکەی بۆ ئەمریکا گرنگی ئابوری و سیاسی وئەمنیشی ھەیە و لە ھەمانکاتدا لە دوای پێشڕەوییەکانی ئێران لە ناوچەکە بە گشتی و فراوان بوونی ڕووبەری ھەژموون و دەستەڵاتی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی وەکو سوریاو یەمەن و لوبنان و بەحرێن و عێراق بە تایبەتی لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١ کە ھەموو تێچووی پرۆسەکە و قوربانیەکانی ئەمریکا چووە ژێری و ئێستا خەڵکی تر بەرووبوومەکە ی بخۆن ئەمە خاڵێکی قورس و پڕ ئازارە بۆیان .
لەلایەکی ترەوە گەراِنەوەی ڕوسیا بۆ ناوچەکە و بە تایبەتی لە سوریا و ھەوڵدانی جارێکی تر پێگەی خۆی قایم بکات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی سارد بۆ یەکەم جار مایەی نیگەرانیە بۆ ئەمریکا ,
ھەروەھا پێویستیەکانی شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعش وای دەخواست ئەمریکا جارێکی تر بە ھێزەوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و بە تایبەتی پاش ئەوەی زۆرێک لە شرۆڤەکاران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە سەرھەڵدانی داعش ئاکامی زوو کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق .
ھێزەکانی ئەمریکا لە کوێ جێگیرکراون قەبارەیان چەندە لە عێراقدا ئێستا ؟
ھەرچەندە ئەمریکا لە دوای ڕوداوەکانی مانگی حوزیرانی ٢٠١٤ ھەنگاو بە نگاو پچڕ پچڕ ھێزەکانی ھێنایەوە بۆ عێراق یەکەمجار ١٧٠ سەربازی ھێناو دواتر تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ کردی بە ١٥٥٠ سەرباز کە ئەرکەکانیان پێشکەشکردنی ڕاوێژو ئامۆژگاری بوو بۆ ھێزە ئەمنیەکانی عێراق , دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ دا ھێزە سەربازییەکانیان گەیشتە ٤ ھەزار کە پێکھاتبوون لە ڕاھێنەرو ڕاوێژکاری سەربازی و ئەمنی و تەکنیکارو, دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ دا قەوارەی ھێزەکان زیادکرا تا گەیشتە ٦ ھەزار کەس جگە لەوەی نزیکی ١٨٠٠ کەسی لە باڵوێزخانەی ئەمریکان لە بەغدادکە ئەمانە کارو ئەرکی تایبەتی و نھێنی بە جێ دێنن و ناچنە ڕیزی ھێزە جەنگاوەرەکانەوە .
لە ئێستاشدا ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە ئەمریکا ھێزی زیاتر رەوانەی عێراق بکات دوای ئەوەی دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزیری بەرگری کە ھەرکات پێویست بوو بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس ھێزە ڕەوانەی عێراق و سوریا بکات .
ھێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە زۆر بنکەو پێگە و بارەگا لە باکوورو ناوەڕاست خۆرئاوای عێراق جێگیر بوون لەوانە بنکەی تاجی و بنکە فڕۆکاخانە ی بەغدادی نێودەوڵەتی و بنکەی عێن ئەسەد وبنکەی حەبانیەو بنکەی بەلەدو بنکەی سپایکەر و بنکەی گیارە کە تازە لە دەستی داعش ڕزگارکراوە ئەمانەو بنکەی تریشیان لە نزیکی حەماعەلیل و بەنداوی موسڵ ھەیەو جگە لە سەربازگەی تر لە ھەرێمی کوردستان لە ھەولێرو سلێمانی و دھۆک .
ئەرک و ئامانجی ئەم ھێزانە لە عێراق ھەروەکو پێشتر ئاماژەم پێدا جگە بەرگرتن بە ھەژموونی ئێران ڕاوێژو ڕاھێنانی ھێزە چەکدارەکانی عێراقەو پشتیوانی کردنیانە لە کاتی پێویستدا و ھەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان لە داعش .
لە کۆتاییدا نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت کە بوونی ئەم ھێزانە ڕووبەڕووی زۆرێک لە کۆسپ و تەگەرەی گەورە دەبێتەوە لە دوای شەڕی داعش ئەویش ھێزەکانی حەشدی شەعبی شیعەیە کە پێکھاتوون لە سرایا السلام و عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتیبەکانی حزبو ئەڵا و ئەمانە لەو بڕوایەدان کە ئەمانە ھێزی داگیرکەرن و نابێت بمێننەوە لە عێراق جارێکی تر بەڵام لە ھەمان کاتدا تەنھا کوردو ھەندێک ھێزی سوونە لایەنگری مانەوەی ئەو ھێزانەن لە عێراق .