CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 84 میوان

داعشی دوای عێراق و عێراقی دوای داعش

بورھان شێخ ڕەئوف: ئەگەر چی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام لە ساڵی ٢٠١٤ لە مزگەوتی نوری لە شاری موسڵ ڕاگەیەنرا لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتەکەوە وا ئێستا لە دوای پووکانەوەی ئەو دەوڵەتە و لە دەستدانی زۆربەی ڕووبەرەکانی بندەسەڵاتیان لە عێراق و بەرتەسک بوونەوەی دەسەڵاتی ڕەشیان لە چەند شارۆچکەو گوندێکدا لە عێراق و لە شامیش لە ڕەقە لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکراتدا لە شەڕێکی قورسدان و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە قاڵب دەدرێن .
بۆیە لە عێراقدا لەمەودوا ھیچ بنەمایەکی ئەو دەوڵەتە وەحشیگەرییە نامێنێت چونکە نە خاک و نە خەڵکیان لە بندەستدا نامێنێت و بەڵکو دەبنەوە بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکەی جاران وخۆیان لە گەڵ بارودۆخی نوێدا ڕا دەھێنن .
ئەوەی ڕوون و ئاشکراو بەڵگە نەویستە ئەوەیە کە ھێزەکانی عێراق بە پشتیوانی ھاوپەیمانان بست بە بستی خاکی عێراق پاک دەکەنەوە لەو ھێزە تیرۆریست و وەحشیگەرە کە سێ ساڵی ڕابردوو ھەموومان شاھیدی تاوان و حەماقەتەکانیان بووین . بەڵام ئەوەی قورسەو کاری جدی و ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو لایەکی ناوخۆ ودەرەکی گەرەکە ئەو بیرو مێشک و ھزرو بۆچوونان کە ھەڵگری بیری توند ئاژۆیی ئەو زەمینە لە بارو بە پیتەن کە تووندڕەوی بەرھەم دێنن چۆن و بەچی ڕیگایەک بەریان لێدەگیرێت ؟
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت ئەمڕۆ داعش ھەر لە عێراق و سوریا خاوەنی پێگەو گۆڕەپانی ململانی َ نەبووە بەڵکو ھەر لە باکوری ئەفریقیا لە میسرەو تاوەکو مۆریتانیا بوونی ھەیە جگە لە بوونی باڵێکی بەھێز لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بە تایبەتی لە فلیپین و ھەروەھا جگە لەوەی کە شانەی تریان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیا ھەیە .
چارەنووسی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش
ئەوەی جێگەی ترسی زۆرێک لە وڵاتانە چارەنووسی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامیە لە دوای ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەیان چونکە ئەو چەکدارانە لەزۆر کونج و کەلەبەری دنیاوە کۆببوونەوە ھاتبوونە عێراق و شام ئێستا مەترسی ئەوە ھەیە و پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەوانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی پێشووی خۆیان و لەوێ دەست بکەنەوە بە کارو چالاکی تیرۆریستی ھەروەکو پێشتر لە زۆر جێگەدا باسی کراوە کە سەدان لەوانە خاوەنی ناسنامەی ئەوروپی و بە تایبەتی فەرەنسی بوو ن.
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین ھەندێک لە شارەزایان و لێکۆڵەرانی بیری تووندڕەوی باسی ئەوە دەکەن کە ھەندێک لەو چەکدارانە پووچەڵی ئەو بیرو بۆچوونانەیان بۆ دەرکەوتووە دەکرێت ڕابھێنرێنەوە بۆ کاری ئاسایی ژیانی تایبەتی خۆیان .
عێراقی دوای داعش
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و بگرە سەرسووڕمانیشە ھەڵوێستی حکومەتی عێراقە بۆ ناوچە ئازاداکراوەکان لە دەستی داعش و ھەموو عێراقیش چونکە ھیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕاگەیەنراو یان ئامادەکراوی نیە بۆیان بەڵکو ئەوە وڵاتانی ئیقلیمی و دراوسێ ی عێراقن زیاتر چاویان لەو ناوچانەیەو لە ھەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی دوای نەمانی داعشن .
لە ھەمانکاتدا ئەوەی شایانی ھەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە زۆرێک لە چاودێرانیش لەسەری ھاوڕان ئەوەیە کە ململانێ ئتنیکی و تائیفیەکانی ناوچەکە ئێستا لە ساڵی ٢٠١٤ ی کاتی سەرھەڵدانی داعش زیاتر لە برەو گەشەدان بۆیە بە دووری نازانن کە ململانێ لە سەر دەستکەوتەکان لە نێوان وڵاتانی ئیقلیمی ببێتە فاکتەرێک بۆ دوورکەوتنەو لە شەڕی تیرۆر و داعش .
ھەروەکو دیارە ئەو وڵاتانەی لە سەر گۆڕەپانی عێراق و شام ڕۆڵ و کاریگەرییان ھەیە لە ھەوڵی ئەوەدان کە فراوانترین ڕووبەری خاکی ئازادکراو لە دەستی داعش بخەنە بندەستی خۆیان بۆ نمونە ئێران عێراق وەکو باخچەیەکی پشتەوەی ماڵەکەی خۆی دەبینێت و تورکیا چاوی لە ولایەتی موسڵەو بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکاش لە ھەوڵی کەمکردنەوە و دانانی سنوورە بۆ ھەژموون و دەستێوەردانی ئێرانە لە عێراق و سوریا بۆیە وردە وردە ململانێکان زیاتر دەردەکەون ئەگەر جاران لە ژێر پەردەی شەڕی تیرۆر و داعشدا شاراوە بوون .
ماوەتەوە بڵێین کوردیش ئێستا کە بە ماڵێکی شێواو قەیرانگەلێکی جدی و نیگەرانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سست بوون وپەککەوتنی پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمەکەدا چاوی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی وەکو لایەکی براوە و بەشداربوویەکی جەنگی تیرۆر بەتەمای غەنیمەو دەستکەوتی ئەو جەنگەیە کە بەشداربوویەکی کاراو کاریگەربوو لە سێ ساڵی ڕابردووداو قوربانی گەورەو زەبەلاحی بۆبەخشی .
شیعەش وەکو پێکھاتەیەکی سەردەستە و براوەی شەڕەکە ئێستا خۆی بە سەرکەوتوو دەژمێرێ و خوازیاری عێراقێکی سنتراڵ و بە ھێزە بە ھەمان ڕیتمی پێشوو دەڕوات و بە تایبەتی کە ئێستا خاوەنی ھێزی تائیفی حشدی شەعبیە خۆیەتی .
سوونەش لە دۆخێکدایە کە ئیرەیی پێ نابرێت چاوەڕوانی مەرحەمەتی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانێتی کە بە ھانایانەوە بێنەوە پێگەو جێگەی لە دەستچوویان بۆ بگێڕنەوە .