CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 139 میوان

مام جەلال و تورکیا

بورھان شێخ ڕەئوف
مام جەلال ئەو سەرکردەیەی نزیکەی نیو سەدە زیاترە کارەکتەرێکی چالاک و دیار و بوێر و ئازاو دیبلۆماتێکی بەتواناو سەلیقە بوو جێ پەنجەی لە سەر زۆربەی ڕوداوو گۆڕانکارییەکانی باشووری کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بە گشتی دیارە .
ئَێستا کە مام جەلال لە ڕۆژی ٣/١٠ /٢٠١٧ لە دوای تەمەنێکی درێژی پڕ ھەورازو نشێو بۆ دواجار ماڵئاوایی لە کورد و کوردستان کرد لە ڕووی فیزیکیەوە ,بەڵام پەیامە کەی و مێژووە پڕ خەبات وچالاکیەکانی کە دەکرێت بکرێنە چرای ڕووناکی ئایندە و کەڵکیان لێوەربگیرێت نەوە دوای نەوە .
مام جەلال ئەو پیاوەی کە ڕۆژنامە نووس و نووسەر بوو لە ھەمان کاتدا پشت و پەنای ڕۆژنامە نووسان و ئەھلی قەڵەم و ھونەر بوو ئەو خاوەنی ئەو وتەیەی کە ئەگەر ھەرکەسێک ڕەخنەی لە من و حزبەکەم ھەبوو با لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بینووسێت کە زمانحاڵی حزبەکەی بوو .
ئەو پشت و پەنای ژنان و کەمینتە نەتەوەییەکانی کوردستان بوو ھەر لە تورکمان و کریستیان و یەزیدی وتەنانەت کوردانی کاکەیی و ھەورامی و ئەوانی تریش .
لە ھەمانکاتدا مام جەلال خاوەنی پەیوەندیی توندو تۆڵ بوو لە گەڵ ھەموو ڕەوتە جیاوازاەکان ھەرلە سۆسیالیست ئینتەرناسیونالیستەو بگرە کە بووە جێگری سەرۆکی گشتی ئەو ڕێکخراوە تا دەگاتە پەیوەندییە کانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کە خاوەنی باشترین پەیوەندی بوو ھەروەکو لەم ڕۆژانەی پرسەکەیدا دەرکەوت ئێرانیەکان بە وەزیری دەرەوە بەشداری مەراسیمەکەی بوون چەندین لێدوان و ھەڵسەنگاندنی بەرزیان بۆ کەسایەتی مام جەلال دەربڕی لە زۆر ئاستی جیاجیاوە .
ئەوەی مەبەستمە زیاتر لەم وتارە کورتەدا باسی لێوەبکەم پەیوەندییە کانی کوردی باشوورە بە دەوڵەتی تورکیاوە , کۆماری تورکیا ی ئەتاتورک نکووڵی لە بوونی کورد کردووە لە ھەموو کوردستانی گەورەدا ھەرچەندە لە سەردەمی حوکمڕانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جۆرێک لە ڕێکەوتن لە نێوان میرنیشینە کوردەکان و دەوڵەتی ناوبراودا ھەبووە کە باج و سەرباز بدەن بە دەوڵەت لە کاتی جەنگدا بەڵام ئیتر زۆر دەستیان لەکاروباری ڕۆژانە میرنیشینەکاندا وەرنەداوە .
بەڵام ئیدی لەوساوە ھیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و فەرمی لە نێوان کوردی باشوور و دەوڵەتی تورکیادا نەبووە تا لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی ئازاری ئەو ساڵە مام جەلال توانی پەیوەندی لە گەڵ تورگۆت ئۆزال ی سەرکۆماری ئەوسای تورکیا ڕێکبخات و بەم ھەنگاوە بە ستەڵەکێکی ھەشتا ساڵی مێژوویی نێوان کۆماری تورکیا و کوردی باشوور تووایەوە .
بەڵێ لە ڕۆژی ھەینی ١٤/٦/١٩٩١ لە کۆشکی چانقایە بۆ یەکەم جار سەرکردەیەکی کوردی عێراق مام جەلال کە ھەریەک لە بەرھەم ساڵەح و سەرچڵ قەزاز یاوەری بوون لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا تورگۆت ئۆزال دیدارێکیان ئەنجامدا .
ھەر دەربارەی ئەم کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنەو لە بەرگرنگی ئەو بابەتە پێمخۆشە پەرەگرافێک لە کتێبی شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا لەنووسینی جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورک بخەمەڕوو کەباسی ئەو کۆبوونەوە دەکات :
پێش ئەوەی بچێتە لای سەرکۆماری تورکیا یەکمان بینی مام جەلال زۆر بێ ئۆقرە بوو , وەکو منداڵ پڕ جۆش و خرۆش بوو بەردەوام بە عەرەبی دەیگوت ڕۆژێکی مێژووییە . خۆمم پێڕانەگیرا , وتم مام جەلال !لە تەمەنتدا ئەمە یەکەمجار نییە کە سەرۆکی دەوڵەت یان کەسێکی مێژوویی ببینی لە ماوتستۆنگەوە بگرە تا جەمال عەبدولناسر لە گیڤاراوا تا حافز ئەسەدو رەفسنجانی لە گەڵ ھەموویاندا بوویت ماوەیەکی کەم بەر لە ئێستا لە گەڵ سەدام حوسێن لە بەغدا لە سەر مێزی دانوستان دانیشتووی ئەوە چیتە بۆ وا بێ ئۆقرەی ؟
تاڵەبانی وتی : ئەمە لە ھیچ شتێکی دیکە و لە ھیچیان ناچێت ئەوەی کورد نەبێت بەئاسانی لە گرنگی دیداری کەسێکی وەک من لە گەڵ سەرکۆمارێکی تورکیا تێناگات !
ھەر لە ھەمان بابەتدا نووسەر باسی ھاوسەنگی یەکانی ناو تورکیا دەکات کە ئەوکات سەرکۆمار لە حزبێک بوو سەرەک وەزیران لە حزبێکی تر ھەر نزیک بوونەوەیەک لە کورد ھەڵای لە سەر دروست دەکرا و بڤە بوو دەڵێت مام جەلال پێشنیاری بۆ ئۆزال کرد بۆ ئەوەی لەو کێشەو ھەڵاو بەزمانە بە دووربێت وتی بە ناوی شاندی ئۆپۆزەسیۆنی عێراقەو ە من و مەسعود بەرزانی بانگھێشتی تورکیا بکە .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ڕەوانشاد مام جەلال ئەندازیاری پەیوەندییەکانی کوردستانی باشوورو دەوڵەتی تورکیا بووە زۆر بە وردی لە ڕۆڵ و پێگەی تورکیا ڕوانیوە بەو پێیەی تورکیا ئەندامی پەیمانی ناتۆ بووە و بۆ نزیک بوونەوەی زیاتر لە ئەمریکا, تورکیا دەلاقەو دەرگایەکی گرنگ بووەو ھەروەکو دواتریش دەرکەوت کلیلی واشنتۆن لە تورکیای ئەوساوە بۆکورد کرایەوە ,لە ھەمانکاتدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی مام جەلال لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکووریش بکەین کە ئەوەش ڕاستییەکە نکووڵی لێناکرێت .