CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 138 میوان

کۆتایی عەلی عەبدوڵا ساڵەح

عەلی عەبدوڵا ساڵەح ئەو سەرۆکەی یەمەن کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەی کرد لە تەمەنی ٣٦ ساڵیەوە کە لە سەربازێکی پلەنزمەوە چووە ڕیزەکانی سوپای یەمەنەوە بێ ئەوەی قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکات، تا ساڵی ١٩٩٠ سەرۆکی یەمەنی باکوور بوو لەوە بە دواشەوە دوای یەکگرتنی ھەردوو بەشی یەمەن بووە سەرۆکی ھەموو یەمەنی یەکگرتوو ٣٣ ساڵ بە ھاوپەیمانی و فرتو فێڵ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەی کرد.

عەلی عەبدوڵا ساڵەح ھەر لە خۆەوە ئەو سیاسەتی ھەڵگەڕانەوەو بێ پەیمانی و پابەند نەبوون بە پرنسیبەکانی ڕێککەوتن و ھاوپەیمانیەوەی بەسەردا نەبڕابوو، بەڵکو میدیای عەرەبی بەوە ناویان دەھێنا کە سەما لەسەر سەری مار دەکات و ئەمریکیەکان بە کەسێکی زۆر نامۆ نەگونجاو ناوزەدیان دەکرد و دواجاریش گۆڤاری ( زە ئەتلانتیک ) تازەترین ناو و ناوبانگی نوێ سینەماییان پێوەنا ئەویش ( فرانک ئەندروود ) ی ڕۆژھەڵاتی ناوینە کەئەویش پاڵەوانی زنجیرە درامای سیاسی ئەمریکی (ھاوس ئۆڤ کاردز ) وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو پاڵەوانی فلیمە بۆ ئەو ڕێکار و ڕەفتارە نالەبەرو نابەجێ و نا مۆراڵانەی کە بەکاری ھێناوە لە گەڵ دۆست و دوژمن و یارونەیارەکانی دا .

ئەگەر ئاوڕێک لە ژیاننامەی ساڵەح بدەینەوە زۆرێک لەو شتانەی کەلەسەرى وترا بە پراکتیک جێبەجێی کردووە، سەرەتا لەگەڵ بەشی باشووری یەمەن کە پێشتر دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بە ناوی کۆماری دیموکراتی گەلی یەمەن و یەکیان گرتەوە و دواتر لێیان ھەڵگەڕایەوە و یەمەنی باشووری داگیرکرد و سەرکردەکانی وەدەرنا، لەگەڵ ئەم حوسییانەی ئێستا کاتی خۆی باوکی ئەم سەرکردەی ئێستای حوسییەکانی کوشت و شەڕی لە گەڵدا کردن و دواتر ھاوپەیمانی لەگەڵ کردن وا سێ ساڵە وەکو کودەتایەک سەنعای پایتەختی یەمەنیان داگیرکردووە و وا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی تر لەگەڵ ئەمانیشدا ھاوپەیمانێتیەکەیان تێکچوو و دواتر سەریان خواردوو وەکو ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان لە میدیاکانی جیھانەوە کوژراو لاشەکەی شێوێندراو بوو بە قوربانی ھەموو ئەو بێباری و بێپەیمانی و فرت و فێڵە، لەلایەکی تریشەوە لە ساڵانی پێشووتردا ھاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیەدا کرد و دواتر دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی لە ٢٠١١ لە نەخۆشخانەکانی ئەوێ چارەسەری بۆ کرا، بەڵام دواتر لەوانیش ھەڵگەڕایەوە بوو بە دوژمنیان .

بەڵێ عەلی عەبدوڵا ساڵەح وێڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ لە ژێر فشاری جەماوەر و خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی کە لە تونسەوە دەستی پێکردو دواتر لیبیا و میسرو سوریا و یەمەنیشی گرتەوە دەستی لەکار کێشایەوە بۆ جێگرەکەی عەبد ڕەبە مەنسور ھادی کە لە باشوورییەکانی یەمەن بوو، بەڵام وەکو سەرۆکی پارتی کۆنگرەی گشتی گەلی یەمەن مایەوە و دەستی بەسەر سوپاو ھێزەکانی گاردی کۆماریدا گرتبوو لە ڕێگەی کوڕ و برازاکانیەوە کاریگەری لە سەر ڕوداوەکانی ئەو وڵاتەھەر مابوو، دواتر بەریەککەوتن وھەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ دەستەڵات بە فۆرمێکی تر کە بەرژەوەندی خۆی بنامەڵەکەی بپارێزێت وادەرکەوت لەو ھەوڵەشدا سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا و ڕوداوەکان بە جۆرێک ڕۆیشتن کە دڵخوازی ئەو نەبوو .

ماوەتەو بڵێن ساڵەح یش یەکێکی ترە لەو بنەماڵە و مۆدێلانەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کە بە خوێن دەسەڵاتیان وەردەگرتووە و ھەر بەخوێنیش دەستبەردای دەبن و تاکە شتێک کە سوودی ھەبێت بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو ئەوەیە کەئەم مۆدێلانە ببن بە پەند و وانەی بە سوود بۆ ھەموو ئەوانەی تا ئێستاش مەستی کورسی و دەستەڵاتن، بابزانن مێژوو زوو زوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و بە تایبەتی لەم ناوچەگەرم و چەقی ململانێ ی ڕۆژھەڵاتی ناوین .