CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 93 میوان

عەفرین لە سات و سەودای وڵاتاندا

بورھان شێخ ڕەئوف
ئێستا عەفرین سەردێڕی ھەواڵە گەرم گوڕەکانی زۆرێک لە میدیاکانی ناوچەکەو جیھانە ئێستا عەفرین و ھەموو گوندەکانی کە (٣٥٠) گوندی ھەیە گۆڕەپانی ئامانجی شەڕێکی داسەپاوو نەخوازراوە بە بیانووی ئەوەی ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیستراتیجی دەوڵەتی تورکیا .
عەفرین دەکەوێتەلای سەروی باکوری ڕۆژئاوای سوریاوە و ڕووباری عەفرین تێیدا تێپەڕ دەبێت و شارۆچکەی ئەعزاز دەکەوێتە خۆرئاواییەوەو و شاری حەلەبی ئیستراتیجی و پایتەختی ئابوری سوریا دەکەوێتە باشوورییەوە ھەروەھا لە ڕووی کارگێڕیشەوە سەربە ئەوێیە,ھەروەھا لە باشووری ڕۆژئاواشەوە شاری ئەدلیبە واتە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا لە باکوورو ڕۆژئاواوە .
عەفرین ناوچەیەکی شاخاوی جوانە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٣٨٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە واتە لەسەدا دووی ڕووبەری خاکی سوریا پێکدەھێنێت و لە ڕووی جوگرافیەوە لە ناوچەو کانتۆنەکانی تری خۆسەری بەڕێوەبەری دوورەو بە یەک ناگەن و لە ناوچە کوردنشینەکانی ترەوە تاڕادەیەک دوورە .
عەفرین لە دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی سوریا ڕاستەوخۆ لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلی و یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە پارێزگاری لێدەکریت و بنکەو پێگەو سەنگەری بەھێزی بەرگری بۆ دابین کراوە کە بە ھەزاران شەڕڤان مەزەندە دەکرێت و ھەندێک سەرچاوە باس لە زیاتر لە (٥٠) ھەزار کەس دەکەن بۆ یە پێناچێت ئەو شەڕە وا بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە .
عەفرین ھەرچەندە شارێکە لە سەر کەناری دەریا نیە بەڵام نزیکترین خاڵ و پێگەی کوردە لە دەریایی سپی ناوەڕاستەوە بۆ داھاتووی دامەزراندنی ھەر قەوارەیەکی کوردی و تەنھا ترس و نیگەرانی دەوڵەتی تورکیاش ھەر لەم گریمانەیە بۆیە وا بەھێز توانای گەورەی سەربازی پێشکەوتوو سیستمی ڕۆکیتی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و ھاتۆتە مەیدان و وەکو سەرۆک کۆماری تورکیا ئەرۆدۆگان دەڵێت نەک ھەر عەفرین بەڵکو تا سنوورەکانی عێراقیش دەڕۆین .
ھەموو ئەم لەشکرکێشی و پەلامارو ئۆپەراسیۆنانە لەناوچەیەکدایە کە سەقامگیرترین شوێنی سوریاو لەھەمانکاتدا گونجاوترین پەیوەندی ھەیە لە نێوان ھەموو پێکھاتە ئتنیکیە جیاوەزەکاندا .
بەڵێ لە کاتێکدا ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدەرێت یەکینەکانی پاراستنی گەل باشترین پەیوەندی و ھەماھەنگیان لە گەڵ ھێزە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەلایەک ڕوسیا لەلایەکی ترەوە ھەیە تاکار گەیشتە ئەوەی ڕوسیا خەڵاتی فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل سیبان حەمۆ بکا بە مەدالیای قارەمانی لە پلەی باڵا لە سوتشی .
بەڵام ئیستا دەبیستین و دەبینین وا ھێزەکانی ڕوسیا بنکە و بارەگاکانیان چۆڵ دەکەن لە عەفرین لە کاتێکدا عەفرین ئارامترین و سەقامگیرترین شارە لە ھەموو سوریادا پێچەوانەی ھەموو ئەو پاساو و لێدوانانەی تورکیا و ئەردۆگان کە دەڵێن عەفرین ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیستراتیجی تورکیاو ھێزی تیرۆریستی داعشی لێ یە لە کاتێکدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەموومان شاھیدی ئەو ڕاستییەین کە ھێزە تیرۆریستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر لە سەر سنوورەکانی تورکیا بوون دەوڵەتی ئەکەپەو ئەردۆگان ھیچ ڕۆژێک ئەم نیگەرانی و ترسەیان پیشانی کەس نەدا .
ئەوەی جارێکی تر گومانی مێژوویی کورد لە ڕووسەکان زیندوو دەکاتەوە دوای کۆماری کوردستان لە مھاباد ساڵی ١٩٤٦ ھەڵکردنی چرای سەوزی ڕووسیایە بۆ تورکیای ئەردۆگان کە پەلاماری عەفرین و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان بدات لە بەرامبەردا بەشداربوونی ئەنقەرە و ھێزە وابەستەکانی لە ئۆپۆزەسیۆنی سوریا لە کۆنگرەی ئەستانە کە مۆسکۆ سەرکردایەتی دەکات .

ئێستا خێرە لە شارێکی وا ئارام و سەقامگیر و بێ کێشەدا ئۆپەراسێونێکی وا زەبەلاح ئەنجام بدرێت و پەلاماری خەڵکی سڤیل و بێتاوان بدرێت ,ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە جەنگی عەفرین نەک گۆڕینی نەخشەی ھاوپەیمانێتیەکان لە سوریا بەڵکو نەخشەی ھاوپەیمانێتی لە ناوچەکەش دەگۆڕێت بە تایبەتی ھاوپەیمانێتی چوار قۆڵی لە نێوان تورکیا و ئێران و ڕوسیا و سوریاو بە تایبەتی مانەوەی ئەسەد وھەوڵدان جێگیرکردنەوەی .
ماوەتەوە بڵێین ئایا گەلی کورد جگە لە عەزم و ئیرادەی پۆڵایینی شەڕڤانەکانی لە شەڕێکی وا نابەرابەردا چ شتێکی ھەیە ؟
یان ھەر وتە کۆنەکەی جاران بڵێینەوە کورد جگە لە چیاکان دۆستی تری نیە .