CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 84 میوان

بەھاری عەرەبی لەیادی حەوت ساڵەیدا

بورھان شێخ ڕەئوف
لەدوای حەوت ساڵ لە شۆڕشی تونس ئەو شۆڕشەی کە چەخماخەکەی لەوێوە بووە بزوسکەی شۆڕشێکی گەورە کە بەشێکی گەورەو گرنگی نیشتمانی عەرەبی گرتەوە بە میسری قیبلەی عروبەو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و جێگەی ھیواو ئومێد, ئەگەر نەجدو حجاز کە مەکەو مەدینەی لێیە قیبلەی ڕۆحی نەتەوە بێت ئەوا میسر قیبلەی سیاسی و ھزری نەتەوەیی عەرەبە و ڕێبەرایەتی ھەموو شەڕەکانی نەتەوەی عەرەبی کردووە لە گەڵ ئیسرائیل .
بەھاری عەرەبی ئەگەرچی ئومێدو ھیوایەکی گەورەو زەبەلاحی لە سەر ھەڵچنرا بەڵام دواتر بووبەپاییزو خەزانی ئەو ئومێدو خەونانەی کە نەتەوەی عەرەب ھەرلە کەنداوەوە تا وەکو ئۆقیانووسی ئەتلەسی گۆرانیان پێدا دەوت .
ڕاستە بەھاری عەرەبی ئاکامی ھیچ پیلان و ھاندان و دەستێکی دەرەکی و تاپوری پێنجەم و ئاژاوەگێڕی نەبوو بەقەدەر ئەوەی کە بێئومێدی ملێۆنان کەس بوو لە لاوان و ژنانی ستەمکێش و خەڵکی بەش مەینەت و نەدارلە ڕژێمە شمولی و تۆتالیتارەکانی عەرەبی کە لە پەنجاساڵی ڕابردوودا شکستیان ھێنا بوو لە دابینکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە دادپەروەری و سەروەرکردنی یاساو یەکسانی ژن و پیاو ژیانێکی شەرافەتمەندانە کە شایستەی مرۆڤ بێت چ لە ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانەوە.
جگە لەوانەش لە ڕووی نەتەوایەتیەوە ئەو ڕژێمە فەرمیە عەرەبیانە شکستیان ھێنابوو لە ھەماھەنگی و ھاو ھەڵوێستی ھاوپشتی لە پرسە چارەنووسازەکانی نەتەوەی عەرەبدا, ھەموو ئەمانە وایانکرد واتە شکست لە ڕووی گەشەپێدان و حوکمڕانی دروست و دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست و شکست لە سیاسەتی دەرەوە کەھەموو گەل ھاوارا بکە ن و پێیان بڵێن ارحل واتە بڕۆن .
لەیادی حەوت ساڵەی بەھاری عەرەبی دا جارێکی تر تونس کە لەویۆە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد دوای ئەوەی لاوێکی ئەو وڵاتە بەناوی موحەمەد بوعەزیزی خۆی سوتاند لەبەرئەوەی سوکایەتی پێکراو عەرەبانەکەیکەسەوزەی لەسەر دەفرۆشت دەستی بەسەرداگیرالە لایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە , ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی فراوانی خەڵک بەرامبەر سیاسەتە ئابوریەکانی حکومەتی دوای شۆڕش دەستی پێکرد کەئەمەش دەلالات و ئاماژەی گەورەی ھەیە .
لەلایەکی ترەوە ھەر لە یادی حەوت ساڵەی ڕوداوەکانی بەھاری عەرەبیدا ئەمجارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گەورەی خەڵک لەو وڵاتانەی تر دەستی پێکرد وەکومەغریب سودان بەھۆی بەرز بوونەوەی نرخەکان و ھێزەکانی ئاسایش بەرەنگاریان بوونەوە کە لە شەپۆلی یەکەمی ڕوداوەکانی بەھاری عەرەبی بە ساغ و سەلامەتی دەربازبوون ھەرچەندە وڵاتانی بەھاری عەرەبی شەپۆلی یەکەم نەیانتوانی بگەنە کەناری ئارامی و سەقامگیری خۆشگوزرەرانی جگە لە تونس کە بە جۆرێک لە جۆرەکان توانی ھاوسەنگی و ئارامی و سەقامگیری خۆی بپارێزێت و لە سەرپێ ی خۆی بووە ستێت .
ئەگەرچی لە شەپۆلی یەکەمی بەھاری عەرەبیدا خواست و ئارەزوویەکی لە ڕادەبەدەر ھەبوو لە لایەن لاوانی ئازادیخوازی عەرەبەوە بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکانیان لە بارودۆخی قەیراناویو گەیاندنی بە کەناری ئارامی و خۆشنوودی ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستمی حوکمڕانی دیموکراسی کە ماف و ئازادییەکانی ھاوڵاتیان بپارێزێت بەڵام ئەمەش ھەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ ەوە لەبار برا لەڕێگەی چەکدارکردنی شۆڕشەکانەوەو دەستێوەردانی سەربازی و بەشداربوونی تاقم و گروھە تیرۆریست و تەکفیرییەکان توانیان شۆڕش و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئازادیخواز لە ئامانج و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی خۆی بترازێنن و دۆخەکە بە بنبەست و چەقبەستن بگەیەنن لە ڕێگەی گێڕانەوەی زۆرێک لە سەرە دیارو ناشیرینەکانی ڕژێمەکانی پێشوو بۆ حوکمڕانی ھەروەھا بەلاڕێ بردنی ھەڵبژاردنەکانی لە ئامانج و خواستە ڕاستەقینەو دیموکراسیەکانی .
بەڵێ لە ئاوا بارودۆخێکدا کە جیھانی عەرەیی تێیدا گوزەر دەکات سەرەڕای ئارەزو و خواست بۆ ئازادیو دیموکراسی لەلایەن بەشێکی بەرینی خەڵکەوە کەچی ھێشتا بارودۆخی ئابوری زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕوو لە داڕووخان تەپینەو کە پێدەچیت بۆ چەندین ساڵی تر درێژە بکێشێت و بەردەوام بێت بەھۆی شکستی سیاسەتی ئابووری و نەبوونی بەرنامەیەکی ڕاست و ڕوونی نیشتمانی کە ھەموو ھێزو لایەنە نیشتمانی دیموکراتخوازەکان لەخۆی کۆبکاتەوە بۆ دەرچوون لەو قەیران و تەنگژە گورچکبڕانە کە ببێتە ئەڵتەرنەتیف بۆدۆخی ئێستا کە پشتبەستنە بە قەرزو قۆڵەی دەرەکی وکە ئەمەش لە سەروەری وڵات کەمدەکاتەوەوو قەرزەکان زیاتر دەکاتەوەو کە ھەموو ئەمانەش باری سەرشانی ھاوڵاتیان قورستر دەکات و دەخوازێت لە حکومەتەکان کە ھەنگاوی تەند بگرنە بەر بە زیانی ھاوڵاتیان وەکو لابردنی پشتگیری لەسەر زۆر شتی گرنگ و پێویست بۆ ژیانی ھاوڵاتیان .
کە ئەمانەش ھەموو ئومێدێک لەباردەبەن لە ئایندەی نزیکدا بۆھەڵسانەوەو باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەڕاستی جیھانی عەرەبی لە قەیراندایە لە مێژەو و بەھاری عەرەبیش کە ئێستا پێ ی دەڵێن پایزی عەرەبی نە پیلان بوو نە گێچەڵ لە تاریکی شەودا نەخشەی بۆ کێشرابێت بەڵکو ھەوڵێک بوو بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی باری لاری عەرەب .
لەوانەش خراپتر پەنابردن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکەبە پینەو پەڕۆ کێشەکان زیاتر پڕ لە ئازارو ئێش دەکات و دوریان دەخاتەوە لە دۆزینەوەی ڕێگەی دروست و گونجاو .