CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 108 میوان

هەڵەبجە پاش 30 ساڵ

دانا هەڵەبجەیی
لاهای/13.3.2018
هەڵەبجە، ئەو شارەی یەکەم دەستەی شۆڕشی ئەیلولی تێدا دەستی چەکی بەرهەڵستکاری بەرزکردەوە، یەکەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێی دوای هەناسەساردی، لە هەناویدا یەکەم چالاکی پێشمەرگەی نوسییەوە.
هەڵەبجە، یەکەم شار بوو لە خۆرهەڵاتی ناوین، کە حاکمێکی ژنی هەبوو.
هەڵەبجە، یەکەم شارە لە جیهان، لە لایەن دەسەلاتدارەکەی خۆیەوە، وێران و بۆردومان و ژارباران بکرێت.
هەڵەبجە، یەکەم شاربوو، کە موسڵمان و جولەکە و کریستیان و کاکەیی، بێ کێشە و گرفت، سەدان ساڵ پێکەوە بە ئاشتی وەک خێزانێک پێکەوە ژیاون و ئەژین.
هەڵەبجە، یەکەم بزاوتی نەتەوایەتی دژی بەغدا، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد موختار جاف، دەستپێکرد.
هەڵەبجە، لە یەکەمەکانی خۆپیشاندانەکانی دژ بە بەعس بوو، لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
بێ هەڵەبجە، شیعر و موزیک و هونەر، کەیل و کۆڵەوارە، گەوهەری ماریفەتی عیرفانیەتی سۆڤیگەرایی لە هەورامانەکەیەوە بریسکایەوە.
ئەی ئەو جوگرافیایەی هەموو ئایدیا سیاسی و ئاینییەکانتان تێدا تاقیکردەوە، ئەی ئەو شارەی لە چەتون و چەنگی، لە چوست و چالاکی هەمیشە سەرەنێزە و بزوێنەری باهۆز و شەپۆلە دژەکان بویت.
بەڵام دوای بارینی ژەهرەسێو و ڕاگواستنی گوندەکانت، چۆڵەوارکردنی هەورامان و شارەزورەکەت، ئیتر هەورێکی بێتاقەتی و تاریک ئاسمانەکەی داپۆشیت.
سیستەمێکی نادادپەروەری دەسەڵاتی حیزب و حەرەکە دەخیل و بەخیلە جۆراوجۆرەکان، زەوی و زێدیشیان شیواند و توشی ئافاتی بێ ئومێدی و بی دەرتانییان کردیت.
تۆیان خامۆشکرد، تۆیان غەمبارکرد. تۆیان بە شێوەیەک شێواند، ئیتر هەڵەبجەکەی جاران نیت، ئیتر ئەستەمە تۆ بناسرێتەوە، تۆیان لە خۆتدا ونکرد، کولتوری حیزب و سەدە تاریکەکان، فەرهەنگی عێل و عەشرەتیان زیندوکردەوە، سیما و ناوخنی تۆیان وا شێواندوە، کە دەیان نەشتەرگەری پێویستە، تا ببێتەوە بەو دایکەی، ئامێزی میهرەبانی خۆی دوبارە واڵا کاتەوە بۆمان.
بەعس یەک ڕۆژ هەڵەبجەی کوشت و خنکاند و وێرانیکرد، بەڵام ئێوە ئەی سوارچاکانی حەرەکە و نەهزە و جوند و کۆمەڵ و پارتی و یەکگرتو و یەکێتی و گۆڕان و هتد، کە هەریەکەتان سەردەمانێک حاکمی شاربوون، باڵادەستی هەموو دەسەڵاتەکان بوون، لەم 27 ساڵە چیتانکرد؟.
لە هاوشارییەکانم بپرسن، بۆتان ئەژمێرن، کە کام شاخ و کام بینا و کام زەوی و باغتان داگیرکردوە، کام زیندانی نهێنی و کام هەڵکوتانە سەر ماڵانتان هەبووە و کردوە.
کام دزی کام فزی و کام گزیتان، لە خەڵک و خاک کردووە، سەردەمانێک سەرتاشخانە و شانۆ و شایی یاساغ بوو، ڕۆژانیک مەلا و میزرە و ڕیش، شەوانیکیش دەمامک و هەڵکوتان، فڕاندن و فڕێدان.
هەر هەموو ئەسپی خۆی لە هەڵەبجە تاودا و ئەوی لە کەشکۆڵیدا بوو، خاڵی کرد، بەڵام کەسیان نەیانتوانی دڵی خەڵک و خویشی هەڵەبجە خۆش بکەن و قوربانیان ئاسودە بکەن.
لەم ساڵانەیی دوایداکۆمەڵێک شت کرا، کە ئەبوایە بکرایە بە زیادیشەوە، کام شار و شارۆچکە هەیە، ئەوەی بۆ نەکرابیت کە لە هەڵەبجە کراوە؟. کەواتە بۆ شارێکی وێرانبوو و جینۆسایدکراو و ناوبانگداری نێونەتەوەیی، هیچ شتێکی تایبەت و زیادەی بۆ نەکراوە،،.
مۆنومێنت و یاریگە و زانکۆ، دیارە کێ و لە چ سەردەمێکدا کراوە، ئەگینا لەو ڕۆژەوەی ناوی لێنراوە پارێزگا، نەک هیچی بۆ نەکراوە، جادە دووسایدەکەشی لە کار کەوتووە و پرۆژەکانی هەموی لە کارخراون.
پارێزگاکرندنەکەشی، تەنیا خەڵەتاندن بوو، ئەگێنا تا ئێستاش ئەگەر لە هەموو سێکتەر و بوارەکاندا سەیربکرێت، لە گوندێکی گەورە زیاتر، سیمای شار و شارستانیەتی پێوە دیار نییە.
پاش ئەم هەموو ئەزمونە، ئەم هەموو گەمە و گلاندنە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، هەڵەبجە بێدار بێتەوە، بێدەنگی بشکێنێت، بڵێت:(نەخێر) بۆ ئەو هەموو پەیمان و پاساوە درۆ و دۆڕاوە، بۆ ئەو هەموو دەستە و تاقمەی بە ناوی ئایین و ئایدیاوە، بە ناوی ئەڵڵا و کاڵاوە، هەڵەبجەیان بەم ڕۆژە گەیاند.
ئەمڕۆ و ئێستای هەڵەبجە، ئەنجام و ئاکاری ئەوانەن کە دەسەڵاتیان تێدا هەبووە، خاڵی کۆتای کردەوەی کەسە دەسکەلاکانی حیزبە.
ئیتر هەر ئەوەندەیان پێبووە و پێکراوە، کە لە ماوەی ئەم 27 ساڵە کردویانە، کەواتە ئیتر چاوەڕێی چییان لێئەکرێت، کە نەیانکردووە و بیکەن؟.
کانی عاشقان، لە دوای 30 ساڵ وشکبوون و کوێربونەوە، ئەمساڵ تەقی و بۆ جارێکی تر ئاوە سازگارەکەی هەڵتۆقییە دەرەوە.
دە تۆش ئەی هەڵەبجە، هەر وەک کانی عاشقان بتەقە و سەر لەنوێ ئاوی ئاوەدانی و ژیانێکی نوێ بۆ خۆت بنوسەرەوە.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، دڵسۆزان و هۆشیارانی هەورامان و شارەزوور و بەمۆی سەربڵند، بە هەناسەیەکی نوێ، بەهەنگاوێکی تازە، بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی دادپەرەوەر و دیموکراسی بڕوات، ئیتر بوار نەدرێت جارێکی دی خۆی ڕادەستی ئەوانە بکاتەوە کە 27 ساڵە، دەستی دەستی پێئەکەن و دەستی ئەبڕن.
هەڵەبجەکەم، مژدەی تەقینی ئاوی کانی عاشقان، بگەیەنە هەموو عاشقانی خاک و خەڵکی کوردستان، ئیتر جێ ژوانی عاشقان و دڵسۆزان و میللەتپەروەران، لە دەوری تۆدا کۆ ئەبینەوە و دەستەی ڕاپەڕین و ڕێبەری بۆ هێنانەدی دادپەرەوەری و دیموکراسی و ئازادی ڕائەگەینین،،،،.