CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 98 میوان

هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت

دانا هەڵەبجەیی
7.4.2018
ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیختیارکردن زۆر کورت و ئاسان بکەینەوە بۆ دیاردە و مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی کۆمەڵگەیەکی تازە سەرهەڵدراوی وەک کورد، ئەوا دوو بەرە یا لایەنمان بۆ قوت ئەبێتەوە: کڕیار و فرۆشیار، هەڵبژێرەر و کاڵا، وە بەمانا هەنوکییە سیاسییەکەی؛ دەنگدەر ە و کاندید.
لەم پرۆسەیەدا هەمیشە مافی دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن، ئەکەوێتە سەر کڕیار و هەڵبژێرەر و دەنگدەر، کە بریتین لە (هاوڵاتی). لە بەرامبەریشیدا ئەوانی تر چڕ ئەبنەوە لە شتێکدا پێی ئەوترێت (حیزب).
فرۆشیارێکی تەماتە هاوار ئەکات؛ هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت، هاوڵاتییان ئازادن کە چ جۆرێک هەڵئەبژێرن و ماف ئەدرێتە دەست هاوڵاتی کە بڕیار بدات و خاڵ سەری دێڕ.
یەکێکی تر ڕێگای ساختە ئەگرێتەبەر و فرۆشیار ئەخەڵەتینێت. ئەوی تریان فرۆشیار ناچار ئەکات کە تەنیا لای ئەو بیکڕن، جونکە تاکە دوکانیکە لەو گوندەدا کە تەماتە بفرۆشێت.
بهێنەرە بەرچاوت کە چ گەمەیەک و سەروسەودا و فرت وفێڵێت لەم تەماتە فرۆشتنەدا ئەکرێت،،،.
لەم بێنەوبەردەدا، ڕۆڵی دوو کاراکتەری زۆر نەرێنی و ماڵوێرانکەر ئەبینرێت، کە ئەوانیش بریتیین لە یەکەم:کەسی بەناو بێلایەن، کە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیر و ئازاد و ناحیزبی خۆیان لەقەڵەم ئەدەن، داوای ئەوە ئەکەن کە کەس بەشداری هەڵبژاردن نەکات.
دووەم؛ ئەو سیاسییە زۆربڵێ و شکستخواردوانەی، کە هەمیشە خۆیان بەڕاست و ئەوانی تر بە هەڵە ناوزەند ئەکەن. لە هەر زەمان و زەمینەیەکدا بن.
سەرەتا با بێمە سەر ئەو چەند کەسەی کە ئەڵێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن.
ئەم فەرمان دەرکردنەی کە ئەمانە ماف بە خۆیان ئەدەن، تاکە مافی هاوڵاتی کە هەڵبژاردنە، زەوت بکەن و ڕێ بە خۆیان ئەدەن، کە ڕێ لە دەنگدانی هاوڵاتی بگرن، کە زۆر بائاسنی ئەڵێن؛ دەنگ مەدەن بە هیچ کەس و حیزبێک!.
ئەمە خۆی لە خۆیدا لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیانە، کە بریتییە لە دەنگدان. ئەمانە ئەم مافەشیان لێ ئەسەنن و نایەڵێن تاکە ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە، کە هاوڵاتی مافییەتی کە بەشدار بێت.
ئەم جۆرە کەسانە، لە دنیای کاردانەوە و زیادڕەوەی لە بیروڕا و چەقبەستووی لە ئایدیۆلۆژێکی ناسەردەمیانە و تاکڕەوەی و خەیاڵپڵاوی بۆ دونیاکانیتر و سفراندنی ئەوانی تردا ئەژین،،،.
ئەمانە نەک ئەلتەرناتیف و چارەیان پێ نییە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەڵکو هەمیشە ئەیانەوێت، کۆمەڵگە وەک ئەو بیربکاتەوە و دونیا ببینێت، وە خودی ئەویش دونیا لە کۆمەڵێک دەق و تێۆری وشکی ناو کتێبە بەساڵاچووەکاندا ئەبێنێت.
کاری ئەمانە تەنیا، دژایەتی بەرامبەر و سڕینەوە و سفرکردنی دژەئایدیاکانی خۆیانن و هیچ کاتێک کۆمەڵگەیەکی تۆلەرانس و ئازاد لە بیروڕا و فرکولتورییان پێ هەرس ناکرێت.
بێ دینە دژی ئایندارە، دیندارە دژی بێ دینە. ئایدیالیستە دژی لیبراڵە، دۆگمایە دژی ئازادییە، چەپە دژی ڕاستە، سوسیالیستە دژی نەتەوەپەرستە، نەتەوەییە دژی چینایەتییە، و هتد.
ئەمانە هەر ئەبێت، دژێک بۆ خۆیان وێنا کەن و بە ڕوخاندن و قەلاچۆکردنی دژەکەیان ئینجا دڵیان ئاوئەخواتەوە و دنیایان لێ ئەبێتە شامی شەکر،. ئیتر دوای ئەوە چی ئەبیت، نە هیچ دیارە نە بەرنامەشیان پێیە، گرنگە بەلایانەوە کە تۆ ئەبێت لەگەڵ ئەودا بیت و هیچی تر، ئەگینا سفریت و مافی ژیانت نییە و تۆ هەڵەیەت و من ڕاستم. بە کوردییەکەی وەک داعشاندنی کۆمەڵگە وایە، ئیتربە تێکستی کۆن بێت و یاخو نوێ، گرنگ وەک دەنگ و ڕەنگی ئەو نەبیت، شایانی ژیان و گیان نیت.
ئەم جۆرە لە ئایدیا و بیرکردنەوە لەملا و ئەولا، بۆ ماویەکی کورت تاقیکراونەتەوە، بەڵام شکستی هێناوە. هەر بۆیە ئیتر ناتوانێت لە سەدەی 21 دا جێی خۆی لە ناو کۆمەلگە مرۆییەکاندا بکاتەوە و بە مانا گشتییەکەی، ناگونجێن لەگەڵ خواستە هەنوکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە.
هەربۆیە، ئەمانە جگە لە خۆ پەراوێزکردن و سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن لە هاوڵاتی کورد، هیچ ڕێگە چارە و ئەڵتەرناتیفێکی واقیعیانەیان پێ نییە.
لە وڵاتانیکی وەک ئەوروپا، ئاساییە بەشداری نەکەیت لە هەڵبژاردندا، چونکە هەموو دام و دەزگا و دامەزراوە حکومیی و خزمەتگوزارییەکان دەیان ساڵە جێگیر و پاگیر بوون، ئیتر کێشە نییە کام حیزب دێتە سەر دەسەڵات، چونکە هاوڵاتی مافەکانی خۆی لە حکومەتدا مسەوگەر کردووە.
نەک هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە قۆناغی خۆ دۆزینەوە و خۆدروستکردن و خۆئاوەدانکردنەوەدایە، کە پێویستی بە هەر تاکێکی هەیە، بەشداری تێدا بکات.
ئەوانەی ئەلێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن، مەبەستیانە کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک ئەوەی کە هەیە، چۆن بووە با وابێت. خۆشییان بیت یا ترشی؛ پەیامەکەیان ئەچیتە خزمەتی گیرفانی ئەو دەسەلاتەی کە ئێستا لە سەر حوکمە و ئاو بە ئاشی دوو حیزبە پیرە پاوانکارەکەی کوردستان ئەکەن.
یا هەمووی یا هیچ، سڕینەوەی بەرامبەر، سفراندنی ئەوی تر و هەڵتەکاندنی ئەوەی کە هەیە و نەبوونی ڕێگەچارەی واقیعی سەردەمیانە؛ ناشێت بۆ کومەڵگەیەک کە ئەیەوێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.
ماویەتی