CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 108 میوان

گورزی سێ قۆڵی لە سوریا

بورھان شێخ ڕەئوف
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٤ نیسان کاتێک خەڵکی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە شیرینی خەوی خۆشی بەیانیاندا بوون سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دا کە گورزی سەربازی ئاڕاستەی سوریا بکرێت بە ھاوبەشی لە گەڵ بەریتانیای مەزن و فەرەنسا بە بیانووی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو دژ بە ھاوڵاتیانی خۆی لە شارۆچکەی دۆما لە غۆتەی ڕۆژھەڵات نزیک لە دیمەشقی پایتەخت .
لێرەدا دەکرێت و زۆر گونجاوە پرسیارێک ڕووبەڕووی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بکەینەوە ئەرێ بەڕێزان ھەر چەند ڕۆژێک پێش ئەم کارەساتەی دۆما خۆدەوڵەتێکی دی چەکی کیمیاوی دژ بە خەڵکی عەفرین و شەڕڤانانی کورد لە ناوچەی عەفرین بەکارھێناو بەڕێزتان نقەتان لێوەنەھات لە کاتێکدا لە دۆما سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ١٢ کەس بوون بە قوربانی بەڵام لە عەفرین نزیکەی ٢٥٠ کەس بوون بە قوربانی بەڵام ھەمووی بە چەکی کیمیاوی نا بەڵکو چەکی تریش بەکارھات ؟
بۆیە ناھەقی نیە بڵیێن ئەوە دووڕوویی ناداد پەروەری سیاسی سەرانی ئەو وڵاتانەیە بە رامبەر بە قەیران و ململانێکانی سوریا و ئاکامەکەی باش نابێت و کێشەو قەیرانەکان قووڵتر و خوێناوی تر دەکات .
ئەوپێگانەی لە سوریا کران بەنیشان
١. سەنتەرەکانی ی توێژینەوەی زانستی لە ناوچەی بەرزە لە دیمەشق و لە ڕیفی حەما و تەلاری تاقیگەکانی زانستی لە جمرایا لە ڕیفی دیمەشق بە بیانووی بەرھەمھێنانی چەکی کیمیاوی .
٢. فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان ئەوانیش لیوای ١٠٥ ی گاردی کۆماری لە لەشکری ٤ زریپۆش و فڕۆکەخانەی مەزەی سەربازی و بنکە بەرگری ئاسمانی لەسەر چیای قاسیون و فڕۆکەخانەی شەراعی لە ناوچەی دیماس نزیک سنورەکانی لوبنان و فڕۆکەخانەی زەمیر نزیک لە حمس و چەندین گەنجینەی گرنگی تر .
بەرگرتن لە ڕۆکێتەکانی ھاوپەیمانان
ھەموو ئەمانە لەکاتێکدان سەرچاوەکانی ھەواڵ باسی لەوە دەکەن کە نزیکە ٧٠ ڕۆکێت لەو ١٠٣ ڕۆکێتەی ئاڕاستەی سوریا کراوە خراوانەتە خوارەوەو بەرگرییەکانی سوریا نەیانھێشتووە بگەن بە ئامانجەکانیان .
ھەرچەندە لەسەرەو ئاماژەم بەوەکرد کە پاساوی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لەو گورزە سێ قۆڵیە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی بوو بەڵام ڕووسەکان لەزاری ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیەوە ڕایانگەیاندبوو کە ھیچ حاڵەتێکی بەرکەوتنی چەکی کیمیاوی لەشاری دۆما لە نەخۆشخانەکانی تۆمار نەکراوە و ئەوان لە گەڵ ھەموو پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی ئەوێدا لێکۆڵینەوەو تاوتوێ یان کردووە .
لەلایەکی ترەوە ئیسرائیل پێشتر ئەو ناوەندو سەنترانەی بۆمبا باران کردووە بەتایبەتی لە بەرزەو جمرایاو ھەروەھا ئەو ناوەندەی بەرزە پێشتر لە بندەستی ھێزە ئۆپۆزەسیۆنەکاندا بووە ڕژێمی ئەسەد لێ ی سەندونەتەوە لە ساڵی پێشوودا .
وادیارە ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی مەبەستیان لەم گورزە دانانی سنوورێکە بۆ ھەژموونی ڕژێمی ئەسەد و لە ھەمان کاتدا نامەیەکیشە بۆ ئێران و تورکیا کە بزانن سنوورەکانی ئەوان کوێیە ئەوان بوارنادەن ھێڵی سوور ببەزێنن چونکە ئەمان لە سەد ساڵی پێشوو واتە لە سایکس – بیکۆەوە تا ئێستا ناوچەی ھەژموونی ئەمان بووە و ئێستاش ئەگەر ئەمریکا بەنیازە بکشێتەوەو لە زوترین کاتدا لە سوریا ئەوا ئەمانیش واتە بەریتانیا و فەرەنسا ھێشتا چاوییان لە بەرژەوندییەکانیانە لەم ناوچە ھەرچەندە تا ئێستا ڕاستەوخۆ نەھاتوونەتەناو ڕوداوەکانی سوریاوە.
خاڵێکی تری گرنگ کە دەکرێت لە سەری بووەستین لەم ئۆپەراسیۆنە سێ قۆڵیەدا ئەوەیە کە بنکەو بارەگاکانی سوپای ڕووسیا و ئێران لە سوریادا نەکرانە ئامانج ئەمەش وەکو ھەندێک سەرچاوە باسی دەکەن ئەوەیە کە ناوبژیوانی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بوو ە ھەرچەندە خۆی لایەکی ھێڕشەکە بوو لە نێوان ئەمریکاو ڕووسیا کە ڕووسیا ھیچ کاردانەوەیەکی نەبێت و ئەمانیش چەند ئامانجێکی سوریا بۆمباو ڕۆکێت باران بکەن .
لە کۆتایید ا ئەوەی ماوە بیڵێم و گرنگە بەلامەوە ھەرچەندە پەلەپەلی ئەمریکای پێوە دیاربوو پێش ئەوەی تیمەکانی پشکنین بگەنە دۆما و ڕاستی و درۆیی ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە و بەریتانیاش بەشداربوو وەکو سزادانێکی ڕووسیا لە ھەمبەر کوژرانی جاسووسە ڕووسەکە لە لەندەن , بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە نەی توانی تەرازووی ھێز بگۆڕێت لە سەر گۆڕەپانی سوریا و بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕژێمی ئەسەد توانی زۆربەی خاکی سوریا لە گروھە چەکدارە تیرۆریستەکان پاک بکاتەوە بە تایبەتی پشتێنی دیمەشقی پایتەخت , و داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بە بێ ئەوەی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی ھیچ کاردانەوەیەکی جدیان ھەبێت لە کاتێکدا کورد تاکە دۆست و ھاوپەیمانی ئەوان بوو لە شەڕی تیرۆر و داعشدا .