CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 203 میوان

بەرەو ھەڵبژاردنی گشتی عێراق

بورھان شێخ ڕەئوف
دوای پازدە ساڵ لە پرۆسەی ئازادی عێراق واتە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە عێراق زۆرترین پرۆسیسی ھەڵبژاردن و دەنگدانی بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەتی دوای شۆڕشی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨چ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و جگە لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان .
لە ئێستادا وا بەرەو ھەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕۆین بۆ خوولی چوارەم لە بارو دۆخێکی ئێجگار جیاواز لە جارانی پێشوو ئەگەر جاران شیعە بە یەکگرتووی یەک لیستی بەھێز بەشداری پرۆسەکە دەبوون ئەوا ئەمڕۆ بە لیستی جیاجیا و بەرنامەی جیاواز و ئەجندای جیاوازەوە خۆیان سازداوە , سوونەکانیش بە ھەمان شێوە سەرەڕای وێران بوونی بەشی زۆر شارە گەورەکان و ناوچەکانیان و ئاوارەبوونی زۆر دانیشتووانەکەی و گلەیی و گازندەی زۆریان لە ئامادەنەبوونیان بۆ ھەڵبژاردن بەڵام ھەڵبژاردن بووە دیفاکتۆ و ١٢ /مایس ئەنجام دەدرێت .
کوردیش لە ئێستا دا بەھەمان دەردی ئەوان چووە یەکەمجارە لە دوای مەرگی کاریزما و سەرکردەکانی وەکو مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و دەرنەکەوتن و دوورە پارێز بوونی مەسعوود بەرزانی لە پرۆسەکە بە وتارو ئەجندای جیاوازەوە بەرەو ھەڵبژاردن ھەنگاو دەنێت .
زۆرینەی سیاسی
ئەوە تێزەی لەماوەی ڕابردوودا لە ناو پێکھاتەی شیعەدا سەری ھەڵداوەو بە دیاری کراوی لەلایەن قەوارەکەی نوری مالیکی ( دەوڵەتی یاسا ) و سەرۆک وەزیرانی دوو خوولی پێشوو ئەمینداری حزبی دەعوەی ئیسلامی پاڵپشت دەکرێت و ئۆباڵی ھەموو کەموکوڕی و قەیرانەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا دەخاتە مل سازان و پشک پشکێنەی ئتنیکی نێوان پێکھاتەکانی عێراق و چارەسەرو پێشنیاری زۆرینەی سیاسیە .
کێشەکە لێرەدا ئەوەیە دابەشبوونی نەخشەی سیاسی لایەنە عێراقیەکان لەسەر بنەمای تائیفی و ئتنیکیە و زۆرینەش ئاینزای شیعەیە کە حزبەکەی مالیکی خۆی بە دەمڕاست و خاوەنی ڕاستەقینەی دەزانێت و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە سەرۆک وەزیران لای ئەوان بووە لە ئاوا پێشھاتێکدا ئیتر جێگەی پێکھاتەکانی تر لە عێراقدا نابێتەوە لە ئامادەنەبوونی حزب و لایەن و ھێزی نیشتمانی و سیکۆیلارو پێشکەوتنخوازو دیموکراسی کە سنووری تائیفە و ئتنیکی بڕیبێت و بڕوای بە پێکەوەژیان و جیابوونەوەی دین لە دەوڵەت و سەروەربووونی یاسا و یەکسان بوونی ھەموو پێکھاتەکان لە بەردەم یاسادا .
ئۆپۆزەسیۆن
خاڵێکی تری گرنگ زۆر ھەستیار کە دەکرێت لە سەری بووەستین ئەوەیە لە پازدە ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی لە عێراقدا ھەموو ھێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە سەرگەرمی بەشداری کردن لە دەسەڵاتدا بوون و شەیدای چێژو ئیمتیازو پلەو پایە و دەستکەوتی مادی و مەعنەوی بوون بۆخۆیان و حزبەکانیان ئەمەش کەمایەسی و لاسەنگیەکی گەورەی سیستمی دیموکراسیە کەوای کرد جۆرێک لە ھاوبەشی و سازان و ڕێکەوتن و چاوپۆشی کردن لە یەکتربەرامبەر زۆر دۆسیەی گەورەو ڕەشی گەندەڵی کە گەلی عێراق باجەکەی دا لە ڕابردوودا.
بۆیە ئەوەی گرنگ و زۆر پێویستە لە خوولی داھاتوودا بەرەیەکی بەھێزی ئۆپۆزەسیۆن پێکبھێنرێت لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی ببنە چاودێرێکی وردو نەترس بەرامبەر ھەموو پێشێلکارییە دەستووری و مالی و بابەتەکانی تریش لە گەڵ داموودەزگا چاودێری و دەستپاکییەکانی تری دەوڵەتدا چونکە پرۆسەو ھاوکێشەی حوکمڕانی بە بێ ئامادەبوونی ئۆپۆزەسیۆن لاسەنگ و ناتەواوە .
پێکھێنانی کابینەی داھاتوو
ئەوەی پێدەچێت ئەمجارە قورستر و پڕژانتر بێت لە دایکبوونی کابینەی داھاتووی حکومەتی عێراقە ئەگەر کابینەکانی پێشووتر لە پایتەختەکانی دەرەوە نەخشەی بۆ دەکێشرا بەزۆر بەیەکەوە دەلکێنرا ئەمجارە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی داعش و کێشەو ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و دوای پێشھاتەکانی سوریا و ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا و دەستبەکاربوونی زۆرێک لە ھەڵۆ و بازە توندڕەوەکان لەناو ئیدارەی ترامپ ئەمجارەی سازان لە نێوان ئەمریکاو ئێران لەسەر دۆسیەی عێراق کارێکی ئاسان نابێت و ئەمریکیەکان بوار بە بەشداری بە لایەنی ترنادەن و خۆیان بە تەنیا چارەنووسی عێراق دیاری دەکەن کە ئەمەش بێ گێرەو کێشە نابێت .