CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 160 میوان

قومار و خومار، چەک و چەتەیی

دانا هەڵەبجەیی
18.5.2018
لە هاوینی 1988 لە لایەن ملازم عەلی یەوە کەگیرام و بردمیان بۆ زیندانی طەوارییەکەی چوارباغ. لەوێ شەوانە ئەبراین بۆ ئەشکەنجە، بە ڕۆژیش لە کابینەیەکی ئاسنینی داغان و ژێرڕاخەریشمان لم و چەوێکی زبر بوو. بۆ ئەوەی ڕۆژمان لێبڕوا بە مەقەبای پاکەتی جگەرە پولی دۆمینەیان دروستکردبوو، خۆمان پێ سەرقاڵ ئەکرد.
لەو کابینەی کە لەکابینەی زبڵێکی گەورە ئەجوو، لە زیندانییەکان تەنیا کاک عەتا ئەحمەدی هونەرمەند و کاک جەباری زەرنگەری خزمی ڕەوانشاد حەمەجەزای هونەرمەند و نەوجەوانێکی نانەوای نزیک طەوارییەکەم لەیادە.
بۆ یەکەم جار لەوێ فێری دۆمینە بووم، چونکە من بۆ چاخواردن نەبێت قەد نەچوومەتە چایخانە و هەمیشە قومارم بە کارێکی ئاستنزم ئەهاتە بەرچاو. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، فڕم بەسەر قومارەوە نەبووە، بەڵام لە دەروازەیەکی دیکەوە شارەزای هونەرە ئەهریمەنییەکەی بووم.
کە ئازادکرام، کتێبێکی قەبارە گەورەی عەرەبیم بە ڕێکەوت هاتە بەردەست و خۆێندمەوە. کتێبەکە ناوی (ماهو القمار) بوو. تێیدا فەلسەفە و ئامانجی قومار و قومارچییانی بە وردی شێتەڵکربویەوە. کە هەندێکم لە بیرماوە کە هاوتایە بە سیاسییە قومارچییەکانی ئێستا.
هەمیشە بۆ بردنەوە یاری بکە، قەد خۆت بە دۆڕاو مەزانە، کە برواوەش بیت، ترسی دۆڕاندنت هەر هەبێت، نە باوەڕ بە گەمەکاری بەرامبەر بکە و نە باوەڕ بە هاوبەشەکەشت.
هەموو ڕێگایەت بۆ ڕەوایە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە؛ درۆ، گزی، فزی، غەش، فێڵ، خەڵەتاندن.
قەد خۆت بە یاریزان نیشان مەدە بۆ بەرامبەر، بۆ ئەوەی خۆی ئامادە نەکات بۆت، بە جوڵەی جاو و جوڵەی دەست و مەچەک، خۆت بە داماو و لێنەزان پیشان بدە.
کەس بۆ دۆڕاندن نایەتە سەر مێزی قومار، کەواتە وریابە، باوک و برا و خزم ناخوات، ئەبێت هەرچی پارەیان هەیە لە چنگیان دەربینێت.
خۆت خومار و سەرخۆش پیشان بدە، بۆ هەر جوڵەیەکی نەشیاو کە ئاکامەکەی ئاشکرا بوو، بڵێ مەست و خۆمار بووم.
وازهێنان لە دنیای ئالودە بوونی قومار زۆر ئاستەم و سەختە لە ئالودەبوونت بە خومار.
بەردەوام بوونت لە سەرمێزی قومار، یانی بردنەوەت، ئیتر براوەبیت یاخود دۆڕاو.
قومارچی کارامە ئەو کەسەیە کە هەمیشە قومار ئەکات، نەک هەمیشە بیباتەوە.
خوێنەری ئازیزم، ئایا ئەم ئاکارانە لە سیاسی و سەرکردە حیزبییەکانی ئەمڕۆدا نابینیت، کە لە هەمان قومارچییە مەست و خۆمارەکاندا هەیە؟.
ئەمانە جگە لەوەی کە هەموو ڕێگە نایاسایی و ناڕەواکان بۆ مانەوەیان لە سەر مێزی قومار و کورسی دەسەڵاتەکەیان بەکاردێنن، چەکیشیان پێیە.
لەگەڵ ڕێز و ستایشم بۆ کوڕە دڵسۆز و گیانفیداکانی گەلەکەمان، هەندێکی بەرچاویان نە شۆرشگێربوون، نە بۆ میللەت تێکۆشاون و نە نیشتمانپەروەر بوون، یان هەڵاتووی سەربازی یان کێشەی خوێنیان هەبوو. دیارن ئەوانەی کە کاتی خۆی پارەی موچەی مانگێکی فەرمانبەران و پارەی ساڵێکی گەنمی جوتیاران و ئامێرەکانی دەزگا حکومەتییەکانیان، فڕاندووە بۆ ناو شۆڕش. ئەمانە بەو چالاکییە گەورەیان کراون بە سەرکردە. دزی هەر دزییە ئەگەر فیکەنەیەک بێت یا فەردەیەک پارە بیت.
جاران بە ناوی شۆڕشەوە و پاشان بۆ حیزب و ئێستاش بۆ خۆیان. ئەگینا باسی شەهیدان و نیشتمان تەنیا ڕەوایەتییەکە و ئەیدەن بە کارە نایاساییەکان و هیچی تر.
چەک و چەکداریش هێز و دەسەلاتی بە دوا دێت، ترس و تۆقاندن، ستەم و نادادپەروەری، زینا و زەوتکردنی بەدوا دێت.
ئەم جۆرە قومارچییە خومارە، خاوەن چەک و چەتەگەراییە، کەوتنە ناو دنیای دەسەڵات و سیاسەتکردن و تا ئێستاش بە هەمان میتۆد و نۆرم درێژە بە ئەو ژیانە ئەدەن کە موبتەلاو ئالودە بوون پێی.
کۆمەڵگەیەکەی شارستانی، نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و عەوداڵی ئارامی و ئاوەدانی، هەرگیزاوهەرگیز، بەم تیپ و جۆرە بونەوەرانە، ناگەنە کەناری ئارام و ئاسودەیی.
هەر بۆیە، تەکنیکی قومار و خومار، میتۆدی چەک و چەتەیی لە پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن، بەکار دەهێنرێت بۆ مانەوەی خۆیان و دریژە ئەدەن بەو ژیانەی کە ئالودەی بوون.
هەتا ئەم کەس و تاقمانە باڵادەستبن، چاوڕێی لەوە باشتریان لێناکرێت، ئەگەر باجەکەشی ماڵوێرانی و داڕمانی گەلێکیش بەدوای خۆیدا بێنێت.
کەواتە ئیتر کاتییەتی پێکەوە لەگەڵ چاکەخوازان و شارستانیان و دڵسۆزانی راستەقینەی گەل و نیشتمان، خۆمان و میللەتەکەشمان لەم قومارچییانە قوتار کەین.