CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 165 میوان

عەبادی باجی گەندەڵی دا

بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەرچی دکتۆر حەیدەر عەبادی و لیستەکەی بۆ ھەڵبژاردنی گشتی عێراق بە ناوی لیستی سەرکەوتن (النێر ) ناوەزەد کردبوو بە پشت بەستن بە ئەو سەرکەوتنانەی کە ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و کوردو ھەموو ھێزەکانی تری عێراق و بەکۆمەکی ئێران بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دا بە دەستی ھێنا بوو لە ھەمان کاتدا لێدوانەکانی بۆ لەناوبردنی ھەوڵی جوداخوازەکان کە مەبەستی ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بوو کە خۆی لە گێڕانەوەی کەرکوک و ھەموو ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و خۆنمایشکردن و ەکو پاڵەوانی سەرکەوتووی دوو جەنگ تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق .
بەڵام ھەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان دەرکەوت ئەو دروشم و بانگەشانە فریای عەبادی نەکەوتن ھەرچەندە لەلایەن ئەمریکاو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە پشتیوانی لێدەکرا , سەرەڕای ئەوەی ھەوڵی دابوو لیستەکەی سنووری تائیفیەت و ئتنیک تێبپەڕێنێت بە بەشداریکردنی سونەو شیعەو کوردو تورکمان کەچی نەبوو بە ھێزی یەکەم و لیستی سائرون ی نزیک لە مقتەدا سەدر و لیستی فەتح ی ھادی عامری کە ھەموو باڵەکانی حەشدی شەعبی لە خۆ دەگرێ پێشی کەوتن .
بۆ پێش نەکەوت ؟
دەکرێ بپرسین دکتۆر عەبادی ئەو ئەندازیارە کارەباییە کە لە زانکۆی مانچستری بەریتانیا خوێندنی تەواو کردبوو یەکێک لە سەکردەکانی حزبی دەعوە بوو کە ساڵانێکی زۆر لە ڕیزی ئۆپۆزەسیۆنی عێراقدا بوو بۆ نەی توانی متمانەی دەنگدەرانی عێراق بەدەست بھێنێت بە پلەی یەکەم ؟
١. ھەرچەندە عەبادی لەسەرەتای دەست بەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی بە گەلانی عێراق دا کە بەھەموو تواناکانیەوە بە گژی گەندەڵیدا بچێتەوە ئەگەر سەریشی دانابێت , بەڵام لەڕووی پراکتیکەوە نەی توانی ئەو بەڵێنەی بە جێبھێنێت ھەرچەندە زۆرکەس و لایەن ئەو گەواھیەی بۆ دەدەن کە ئەوساڵانەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بووە دەنگێکی دلێرو بەرز بووە بەرامبەر گەندەڵی بەڵام وادیارە پێکھاتەی حکومەتو لاوازی پێگەی لە نێو حزبی دەعوەدا ئەو بوارەیان بۆ نەڕەخسان بەربە تەوژمی توندی گەندەڵی و گەندەڵکاران بگرێت .
٢. خاڵێکی تری گرنگ و ھەستیار کە ڕێگربوو لە پێشکەوتنی لیستەکەی عەبادی بوونی چەندین دەمووچاوو سەری دیاری حزبی دەعوە کەلە ساڵانی ڕابردوودا ھاوبەشی دەسەڵات وئیمتازات و گەندەڵیەکان بوون لە ھەمانکاتدا لیستە ڕکابەرەکانی دەیان دەمووچاوو سەری لاو نوێ یان لە خۆ گرتبوو .
٣. خاڵێکی تر ئەو ھاوپەیمانێتیە بوو کە کە سەرەتا لەگەڵ لیستی فەتح ی ھادی عامری کە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و ڕەوتی حکمەی عەمار حەکیمی لەخۆ دەگرت پێکھێناو دواتر ھەرەسی ھێنا لە ژێر کاردانەوەو ناڕەزایتیەکانی شەقامدا .
ئازایەتی
ئەو خاڵەی کەزیاتر جێگەی مشتومڕ و گێرمەو کێشەی ڕکابەرەکانی بوو نەبوونی ئازایەتی و خواستی بەھێز بۆ بە گژاچوونەوەی گەندەڵی و لە ڕەگو ڕیشە ھەڵکەندنی سەرەڕای بەڵێنەکانی نەیتوانی بیانخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ھەرلە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا یاسای لێبووردنی گشتی دەرچوو کە بواری ڕەخساند کە زۆر لە ماڤیاکان و دەستەو تاقمە ساختەچی و گەندەڵەکان کەماڵی گشتیان تاڵان کردبوو لە سزاو لێپرسینەوە دەرباز بن و بگڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان ھەمان ڕۆڵی پێشووتریان ببینن .
بەڵی عەبادی نەیتوانی بەر بەو تەوژمە ڕێکخراو و بەھێزەی گەندەڵی بگرێت سەرەڕای پشتیوانی مەرجەعیەتی شیعە کە خۆی لە سید سیستانی دەبینێتەوە جگە لە پشتیوانی بە ھێزی شەقامی عێراقی ھەرچەندە لە چەندین بۆنەی جیاوزدا بەڵێنی ئەوەی دابوو کەچۆن بەسەر تیرۆرو تیرۆریستاندا سەرکەوتین ئاواش بەسەر گەندەڵی و گەندەڵکاراندا سەردەکەوین .
لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە چاودێرانی دۆخی عێراق لەو بڕوایەدان مانەوەی عەبادی لە ڕیزەکانی حزبی دەعوەدا ھۆکاری سەرەکی بوون لەوەی کە نەتوانێت متمانەی خەڵکی عێراق بەدەست بھێنێت و لەڕیزی پێشەوە بێت