CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 57 میوان

ئافه‌رین ...

ئافه‌رین ئه‌و وشه‌ ئه‌فسوناوییه‌یه‌ كه‌به‌ناوهێنانی به‌رامبه‌ر منداڵ وه‌ك خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ وه‌ربگرێت، په‌پووله‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر گوڵی لێوه‌كانی ده‌نیشێته‌وه‌، شه‌ماڵی خۆشی‌و پێكه‌نین گیانی ده‌خاته‌ شنه‌.
ئافه‌رین باشترین‌و په‌سه‌ندترین خه‌ڵاتی مه‌عنه‌وییه‌ كه‌وا له‌منداڵ ده‌كات له‌سه‌ر كرداره‌ جوان‌و باشه‌كانی به‌رده‌وام بێت.
ئافه‌رین وزه‌ و تینه‌ بۆ به‌ره‌و پێشچوون‌و سه‌ركه‌وتنی منداڵ. به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ له‌كات‌و شوێنی خۆیدا به‌رامبه‌ر منداڵ وریایی‌و شاره‌زایی ده‌وێت، چونكه‌ گه‌وره‌ جاچ دایك یان باوك یان مامۆستا بێت ده‌توانێت له‌ڕێی به‌كارهێنانی (ئافه‌رین)ه‌وه‌ وا له‌منداڵ بكات كه‌چۆنی بوێت واده‌ربچێت، ئافه‌رین بۆ كرداری باش‌و هه‌ڵسوكه‌وتی باش‌و په‌سه‌ند واله‌منداڵ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وام بێت.. له‌قوتابخانه‌دا كاتێك مامۆستا ئافه‌رین بۆ هه‌ر منداڵێك به‌كار ده‌هێنێنت به‌نووسین بێت یان به‌ده‌می وا له‌و منداڵه‌ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ ئافه‌رین وه‌ربگرێت‌و چالاكی‌و زیره‌كی خۆی زیاتر بنوێنێت له‌پێناو ئه‌و خۆشییه‌ مه‌عنه‌وییه‌ی كه‌ئافه‌رین پێی ده‌به‌خشێت له‌ناو هاوڕێكانی دا، له‌هه‌مان كاتدا ئافه‌رین كاریگه‌ری ئه‌فسوناوی خۆی ده‌بینێت له‌كاتێكدا له‌پۆلێكدا یان له‌ناو كۆمه‌ڵێك منداڵدا، منداڵێك ئافه‌رین ده‌كرێت له‌لایه‌ن مامۆستا یان كه‌سێكی تره‌وه‌ منداڵه‌كانی چوار ده‌وری تێده‌كۆشن‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌پێناو وه‌رگرتنی ئافه‌رین دا ئه‌ویش به‌چاولێكردنی منداڵه‌ ئافه‌رین كراوه‌كه‌ تا ئه‌وانیش وه‌كو ئه‌و وریاو زیره‌ك‌و گوێڕایه‌ڵ بن.
به‌ڕاستی ئافه‌رین خۆشییه‌كی زۆری تێدایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێكیش له‌ئێمه‌ ته‌نها بۆ ساتێك ڕۆژانی منداڵی خۆی بهێنێته‌یاد ده‌زانێت كه‌ئافه‌رین چۆن‌و تاچه‌ند ده‌وری بووه‌ له‌به‌ره‌و پێش چوونیدا، به‌تایبه‌تی له‌خوێندندا. ئافه‌رین له‌قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا هۆیه‌كه‌ بۆ:
1-پاراستنی هێمنی‌و ئارامی ناو پۆل‌و قوتابخانه‌.
2-زیاتر خۆشه‌ویست كردنی مامۆستاو قوتابخانه‌و خوێندن لای منداڵ.
3-به‌ره‌و پێش چوونی هۆش‌و بیری منداڵ.
4-به‌گه‌ڕخستنی تواناو به‌هره‌ و زیره‌كی منداڵ
5-چاككردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌لاوازن له‌خوێندن.. یاخود ئه‌وانه‌ی زیاد له‌پێویست جوڵه‌یان هه‌یه‌و لاسارن، به‌كردنی یان ئه‌نجامدانی كارێكی باش گه‌رچی كه‌میش بێت یان بچوك بێت به‌ئافه‌رین كردن‌و هاندان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ری.
زۆر له‌نوسه‌رانیش هه‌ستیان به‌كاریگه‌ری ئافه‌رین كردووه‌ له‌سه‌ر ژیانی منداڵ، بۆیه‌ ئه‌م وشه‌یه‌یان وه‌ك پێویست له‌نوسینه‌كانیاندا به‌كارهێناوه‌ به‌تایبه‌تی له‌هۆنراوه‌دا كه‌ كاتێك منداڵ بۆی خوێندرایه‌وه‌ یان خۆی خوێندیه‌وه‌ هه‌ست به‌خۆشی ده‌كات، ئافه‌رین له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا باشترین هۆیه‌ بۆ هاندان‌و به‌ره‌و پێش چوونی منداڵ له‌بواری خوێندن‌و ژیانیشدا.