CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

سازگار سەعید: کاتێک دێمە ھەولێر دڵم دەکرێتەوە

چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
سازگار ئەنوەر سەعید ناسراو بە "سازە سەعید"، خانمە ئەکتەرێکی چالاکە لەبواری نواندندا، نیشتەجێی سلێمانییە، ئەو دوای ھاتنەوەی لە وڵاتی سوید لەدوو زنجیرە دراما بەشداری کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناتوانێ بەبێ سەفەر بژیت، ھەمیشە قاچێکی لە ھەولێر و ئەویتری لە سلێمانییە، لەدوا سەردانیدا بۆ ھەولێر (سڤیل) چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامدا، باسی ژیانی تایبەتی خۆی و لایەنی ھونەری گێڕایەوە.

ئەو لە منداڵیمەوە حەزی بەکاری ھونەری ھەبووە بەتایبەت لە بواری نواندندا، بەڵام لە منداڵیدا کات لەبەرژەوەندی ئەودا نەبوو و نەگونجاوە کاری ھونەری بکات، خۆیشی دەڵێ کەسێک نەبووە ھاوکاریی بکات بۆ ئەو کارە، دوای تێپەڕبوونی تەمەنی منداڵی دەستی بۆ بەدیھێنانی حەزەکەی کرد و دوو ساڵی رابردوودا لەدوو دراما بەشداری کرد، سازە دەڵێت "من لێرەوە حەزدەکەم زۆر سوپاسی ھاوڕێی ئازیزم کانیوار کامیل بکەم بەڕاستی زۆر ھاوکارم بووە کە من توانیم بۆ یەکەمجار خەونی نواندنم بێنمەدی، ئەو ھاوکار و پاڵپشتی من بووە".
ئەو نایشارێتەوە کە کاریگەری ھونەری دیکەی بەسەرەوە بووە و ئێستاش حەزدەکات بگاتە ئاستی ئەو ھونەرمەندە، سازەە ناوەکەی بۆ (سڤیل) ئاشکرا کرد و گوتی "من کاریگەری ھونەرمەندی خۆشەویست ئالا عومەرم زۆر لەسەر بووە، منیش زۆر حەزدەکەم لەداھاتوودا وەک ئەو ھونەرمەندە بەتوانا بم، بێگومان ھەموو ھونەرمەندانی تر بەھەمانشێوە کاریگەرن بۆمن، بەڵام ئەو زۆر کاریگەری لەسەرم ھەبووە". ئێستاش خەونێکی دیکەی ھەیە لەکاری ھونەریدا کی دەکرێ بە خەونی دووەمی سازە ناوی ببەین و "خەونی من لەبواری ھونەر ئەوەیە ببمە باشترین ئەکتەر و بتوانم ئەو پەیامەی ھەیە لەرێگای ھونەرەوە وەک خۆی بیگەیەنم".
ماوەی ھەشت ساڵ ژیانکردن لەسوید و گەڕانەوەی بۆ کوردستان تەنیا لەبەر دوو ھۆکار بوو، ئەو دوو ھۆکارە دەتوانن ژیانی سازە بگۆڕن نەک سوید، سازە وەکو خۆی دەڵێت "من لەوڵاتی سوید ژیاوم بڕیاری ھاتنەوەشم بۆ کوردستان لەبەر دوو شت بوو، یەکەم: من زۆر لەکوردستان مورتاح ترم، ھەروەھا لەکوردستان دەتوانم ئەو خەونەی ھەمە بیھێنەدی وەک کاری ھونەری دەتوانم زۆر ئیش بکەم، بەڵام لەدەرەوە کات زۆر نییە مرۆڤ بۆ ئەو ئیشانە، بەتایبەت ئەگەر وڵاتی خۆت نەبێ ئەوە دووجار زەحمەتە". لەسەر کارکردنی بەبوار ھونەردا لەکوردستان بەردەوان لە قسەکانی و گوتیشی "کاری ھونەر بۆ ئافرەت لەکوردستان بەڕای من شتێکی زۆر جوان و پیرۆزە ئەگەر ئافرەت بەردەوام بێت لەسەری، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان ئەوەندەی سەیری جوانی ئافرەتە ھونەرمەندەکانمان دەکەن سەیری توانا و نواندنەکانیان ناکرێت، راستە جوانی ئەساسە، بەڵام نواندن ئەساسترە، ئەوە وایکردووە کەسێک کە ئاستی نییە زۆر بێتە پێشەوە و ئەوەی ئاستی ھەیە بچێتە دواوە، ئەوە بۆ ھونەرمەندە ئافرەتەکەش خراپە تەواو پەروەردە نابێ و بە کەکوکوڕییەکانی خۆی نازانێ".
سازە لەو شتانە دەترسێت کە لەکوردستان پێیان دەگوترێ "بڤە"، بۆیە ئەو دەستیان بۆ نابات، سازە کاتێک ھاتە سەر باسی بڤە کە دەبینێ چەند ئافرەتێک ھەن لەبواری نواندن و باوەشپیاکردن دەکەن لەپێناو پێشکەوتنی بواری ھونەری لەکوردستان، دەڵێت "من زۆر پێم خۆشە ھونەر لەکوردستان پێشبکەوێت لەگەڵ ھەموو پێشکەوتنێکدام وەک وڵاتانی دەرەوە بۆچی نا، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان ئەوە بڤەیە، لەبەرئەوەی بڤەیە منیش ناتوانم خۆم لەو کارانە بدەم".
ئێستا ناوبراو لەسلێمانی نیشتەجێیە، بەڵام زۆر حەز بە ھەولێر دەکات، ھەمیشە قاچێکی لەھەولێرە، ئەوە جگە لەوەشی کە دەڵێت "لەئەساسدا من خۆم زۆر عەجولم، بەتایبەت لەسەفەردا، ناتوانم بەبێ سەفەر بژیم، بەڕاستی لای من ژیان بەسەفەرەوە جوانە، ئینجا من شاری ھەولێرم زۆر بەلاوە جوان و زۆر خۆشەویستە، راستە خەڵکی سلێمانیم، بەڵام کە دێمە ھەولێر دڵم دەکرێتەوە و خەڵکەکەشی زۆر خۆشەویستن لەلام".