CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

غازی حەسەن: ئاسۆیەکی نوێ و ئایندەیەکی جیاواز چاوەڕوانی کوردستانە

ھەڤپەیڤین: توانا تەھا
نووسەرو چاودێری سیاسی غازی حەسەن، لەم گفتوگۆیە دەڵێت "کورد ھەر دەبێت لەگەڵ بەغدا ھاوبەش و بەشدار بێت لەبەر چەند ھۆیەک یەکەمیان ھیچ بڕیارێک لە کوردستان نییە بەغدا تەلاق داربێت. دووەم ئەگەر کورد سەربەخۆیش ڕابگەیەنێت ھەر دەبێت ڕەزامەندی بەغدا وەربگرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی بن و ناکۆکی توندووتیژانە ڕوونەدەن".

*دوای ئەو پاڵپشتی و سەردانانەی وڵاتانی ئەمریکاو ئەورووپا بۆ کوردستان، پێگەی کورد لە ھاوکێشەکانی ناوچەکەدا چۆن دەبینی؟
- لەڕاستیدا دەبێت ئەو بزانین کە ھەر گۆڕانکاری و لەقبوونێکی نوێی جیۆسیاسی و سیاسی دەبێتە ھۆکار بۆ پەیدابوونی تێڕوانین و بەرژەوەندی نوێ و لەئەکامیشدا لەبیری نەکەین ھێزی نوێ و رەنگە پێکھاتەی نوێش پەیدابن. تاکو ئێستە رووداوەکانی ئەم دەڤەرە لە قازانجی دۆزی کوردستان و بەتایبەتیش لە باشوور بەڕێوەدەچن، دیارە ئەمەش ھەروا لە ناکاو و بێ ببنەما دروست نەبووە. کۆمەڵێک ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی بوونەتە رێگەخۆشکەرو ھاندەر بۆ دەرکەوتنی ئەو کەتوارە نوێیە. بۆ نموونە سەرکردایەتی سیاسی لە کوردستاندا بەتایبەتیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێزدار مەسعود بارزانی باش لە ھۆکارو فشارو کاردانەوەو دەرەنجامەکانی ئەم ھەلومەرجە گەیشتووە، رەنگە بەشێکی سیاسییەکانی کوردستان، یا ھەرزە خوێنەوارەکانی کوردستان، یا سیاسییە ڕاڕایەکان لە بایەخ و گرنگی و ھێزی ھەنووکەی کوردستان لە ڕووداوەکان نەگەیشتبین، ڕەوشەکە تەژییە لە کێشەو ھیلاکی و ناخۆشی و رکابەری و ھەتا دەرەنجامی کارەساتی شەڕیش ھەیە، وەلێ وەکو گوتم ئاسۆیەکی نوێ و ئاییندەیەکی جیاواز چاوەڕوانی کوردستانە، ئایندەیەک، کە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان باشی تێیگەیشتوون، بۆیە ھەردەم کار دەکەن پێشکەوتنەکانی کوردستان رابگرن، ئەمەش درەنگە، کاتی لە قازانجی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بۆیە ھەر ھاوکێشەیەکی نوێ و تازە دەبێت کوردستان بەشداری تێدا بکات، بێ بەشداری کورد کەلێنێک دەکەوێتە نێو پرۆژەکان، بەڵام لەبیری نەکەین یەکبوون و یەکگوتاری و وەلاوەنانی ناکۆکییە ناوەخۆییەکانی کوردستان ھۆکارێکی کاران بۆ بە گورجی یا سستی بەڕێوەچوونی بەرژەوەندییەکانی ئەم ھەرێمە.
* بەشداریکردنی کورد لە کابینەی تازەی عێڕاق ڕەشبینیی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە خەڵکی ئەوەیان وت کە مادام بەو شێوەیە بەشدار دەبوون بۆچی چەند مانگە خەڵکی بێ مووچە دەکەن و ئازاری دەدەن، سەرەتا خوێندنەوەت بۆ بەشداریی کورد چی بوو؟
= راستە بەغدا ھیچ رووناکییەکی تێدا بەدی ناکرێت، بەغدا بەخێرایی بەرەو کاولبوون دەچێت، کورد چیدیکە نابێت رۆڵی رۆنانەوەی بەغدایەکی ھەبێت کە لەلاوازترین سەردەماکنیشدا ئامادە نییە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە مافی کورد جێبەجێ بکرێت، دواتر ھەلومەرجی تازە کوردی خستە ژێر فشاری بەشداری و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی بەغدا، ڕەنگە ئەم کابینەیە ھەر بۆ پێدانی رەزامەندی پڕۆژەو بەرنامەی باراک ئۆباما لە دژی داعش پێکھاتبێت، ئەمەریکاو ئەوروپا پێویستیان بە رەزامەندییەکی دەستوری لە عێڕاق ھەبوو، تا بەشداری لە لێدان و لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی داعش بکەن، ئەمەیان بۆ کوردیش باشە، تا ھاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی باشتر بگەنە کوردستان. بەڵام لە چەند ھەفتەی رابردوو وا دەخوێندرێتەوە کە حەیدەر عەبادی پێناچێت بە موویەکیش لە نوری مالیکی واقیع بینانەتر بێت. ئەمەش ھێندەی پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی پێکھاتەی شیعە، رکابەرایەتی شیعەو سوننە، ھەروەھا لاوازکردنی پێگەی کورد، ھێندە وابەستە نییە بە بەرنامەی سیاسی کارەکتەرەکان. کورد نابێت ڕەشبین بێت، بەڵام ناشبێت بەسوک و ئاسانی خۆی ڕادەستی قەدەر و فشارەکان بکات. بەپێچەوانە کوردستان ھەنووکە کەوتۆتە نێو پڕۆژە گەورەکانی وڵاتە زلھێزەکانی دونیا. کورد لە نێو نەخشەی وزەی جیھانییە، پێشمەرگە بۆتە رەمزی داکۆکی لە مافی ھەموو پێکھاتە جیاکانی عێڕاق. ئەمانە ئەنجامن، ھۆکار نین. خەڵک ئەگەر ئابلوقەی ئابووری دژی کوردستان نەبێت و شەڕی مووچە بڕین نەبێت، پێم وایە ئاسوودەو متمانەدارە بە دواڕۆژی سیاسی کوردستان. من دەزانم ئابڵۆقەو شەڕی دارایی کاتییە، بەڵام دەسکەوتە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کوردستان درێژخایەنە.
* دەگوترێت بۆ جاری یەکەممە کورد بەم شێوە خراپە بەشداری دەکات لە حکومەتی عێڕاق، بەڕای ئێوە وەکو چاودێرێکی سیاسی بەشداری کردنەکە لە ژێر فشاری سیاسی بووە، یان کورد ھیچ کارتی نەبووەو ھەر دەبوو بەشداری بکات.
- وەکو گوتم فشارێکی نێودەوڵەتی، یا راشکاوانە بڵێم ئەمەریکی و نەتەوە یەکگرتووەکان ھەبوو، ئەوان جۆرێک لە متمانەشیان بە کورد داوە بۆ بەشداری لە حکوومەتەکەی عەبادی، ھەرچەندە لە سیاسەت بردنەوە ھەیە، متمانەو بەڵێن کاتین، بەڵام ھەلومەرجی نوێ لە دوای ھاتنی داعش و دەستپێکردنی شەڕ دژی کوردستان، بارودۆخەکەی گۆڕی. کورد ھەر دەبێت لەگەڵ بەغدا ھاوبەش و بەشدار بێت لەبەر چەند ھۆیەک یەکەمیان ھیچ بڕیارێک لە کوردستان نییە بەغدا تەلاق داربێت. دووەم ئەگەر کورد سەربەخۆیش رابگەیەنێت ھەر دەبێت رەزامەندی بەغدا وەربگرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی بن و ناکۆکی توندوتیژانە روونەدەن. سێیەم کورد لە جیابوونە پێویستی بە ئۆکەی وڵاتە زلھێزەکانیش دەبێت. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بە لاوازیی و بێ مەرج و وەکو میوان لە بەغدا کار بکرێت. وەکو گوتم بارودۆخی عێڕاق خراپە، پێشناچێت ئەو ھەلومەرجە نوێیەی دروست بووە، شیعەکان لە دەسەڵات و وڵاتدا رازی بکات. ھەندێک کورد بە سەریەشە بۆ عێڕاق دەزانن، لەبەر ئەوە پڕۆسەی جیابوونەوە وەکو پڕۆسەیەکی سیاسی و دەروونی و رۆشنبیریش خەریکە واقیعیانەتر بەرەو پێشەوە دەچێت، بێدەنگییەکی گەورە لەبەرانبەر ئەم پڕۆسەیە ھەیە، لەکاتێکدا ھەر دەیەک لەمەوبەر کەس نەیدەتوانی باسی کوردستانیش وەکو خاک و نیشتمانی کوردستانییەکان بکات. بەدڵنیاییەوە بەغدا متمانەی بە کورد نەماوە، ھەروەھا ناشتوانێت پەیوەندی کوردو دەوڵەتەکانی دەرەوە ببڕێت، بۆیە ئەگەر ئێستەش بیر لە سزا بکەنەوە، سزاکە خراپتر خۆیان دەگرێتەوە.
* دوا کۆبوونەوەی شاندی کوردی بۆ لە سلێمانی بوو و لای گۆڕان؟ ئایا بۆچی؟ خوێندنەوەی جیاواز لەوە کرا، بەشێکیان پێیان وایە بەشداریپێکردنی بزووتنەوەی گۆڕانەو بەشێکیش ڕایان وایە، چونکە لە ھەولێر باسی کارتی فشار دەکراو نەدەبوو لەوێ کۆبوونەوەی بەشداریکردن بکات؟ بۆ چوونی ئێوە؟
- پێم وایە ئەمە ھەنگاوێکی سیاسی ژیرانەیە بۆ ئەوەی یەکدەنگی و یەکگوتاری سیاسی کوردی بە شێوەیەکی عەمەلی ھەبێت، بۆیە سلێمانی ھەڵبژێردراوە. رەنگە ھەندێک لایەن ئەمە حزبانە لێکبدەنەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا کورد کارەکتەرە سەرەکیی و بڕیاردەری سەرەکی دەبێت، نەک حیزبەکان.
* بە پێکھێنانی حکومەتی عێڕاق و ئەو بەشدارییەی سوننە، تا چەند کێشەکانی عێڕاق چارە دەبن و عێڕاق بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە؟ یان تازە مەحاڵە و کێشەی نێوان سوننەو شیعە بەردەوامی دەبێت؟
- تابەشدارییەکی راستەقینەو دادپەروەرانە لە حکوومەت و دەسەڵاتی عێڕاق لەسەر بنەمای مافە دەستورییەکان و پیادەکردنی دیموکراسی نەیەتە دی، ھیچ حکوومەتێک لە بەغدا ناتوانێت بە سەلامەتی و بێ کێشە تێپەڕێت. پێناچێت بەشداری سوننە بەتەنیا ھۆکاری سەرەکی بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، چونکە عەقڵەیەتێکی سیاسی لەبەغدا دروست بووە، پێی وایە ھەرجۆرە بەشدارییەک لە حکوومەت و دەسەڵات، دەبێت ڕازی بێت بە بڕیارو مەرجەکانی زۆرینەی دەسەڵات کە شیعەیە، ھەروەھا بۆ کوردیش دەبێت بە بڕیاری عەرەب رازی بێت. ئەمە کڕۆکی کێشەکانە. من پێم وایە تاکە چارەسەر پێکھێنانی کیانێکی سونییە لە عێڕاق، تاکو دەسەڵات و داھات و مافەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان ھەموو پێکھاتەکان دابەش بکرێت. ئەوەی سونە ئێستە دەیکات، خوڵانەوەیە لە بازنەی بۆشدا، شیعە دەیانەوێت سونە دژی کورد بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، سونەش نایەوێت کورد لەمە بەھێزتر بێت و ناوچەکانی تازە رزگارکراو بگەڕێننەوە سەر کوردستان. ھەروەھا ھەندێک وڵاتی ھەرێمایەتیش لە قازانجیان نییە ھەموو پێکھاتەکانی ناو عێڕاق تەبا بن و کێشەیان نەبێت.
* کورد چ کارتێکی بە دەستەوە ماوە، بۆ ئەوەی حکومەتی عێڕاق ناچار بکات داخوازییەکانی کورد بەجێ بھێنێت؟
- کورد کارتی ریفراندۆمی ھەیە، کارتی داعش و شەڕی دژی تیرۆری ھەیە، کارتی کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاق ھەیە، لەبیری نەکەین کارتی ئاوی بەدەستەوەیە سەرباری پیکھێنانی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ سونە، ئەگەر کار گەیشتە حاڵەتی ھێندە مەترسیدار. کوردیش ھەمیشە کارتی بەدەستەوەن، بۆیە کارتەکانی کوردستان کاریگەر دەبن، ئەگەر بە جدی بەکاربھێنرێن.
* چۆن دەڕوانیتە کۆنگرەی پاریس کە وەک باسی لێوە دەکرێت لەبەر کورد بەستراوە؟
- کۆنگرەی پاریس کۆدەنگییەکی جیھانی بوو، بۆ لێدانی داعش، ھەرچەندە ئەمە ناتوانێت کۆتایی بە کێشە سەرەکییەکان بھێنێت، بەڵام کورد دەتوانێت لە سەر بنەمای ئەم کۆنگرەیە کە ئێستە تاکە ھێزی مەیدانی و سەربازییە شەڕی ڕاستەوخۆ لەسەر زەوی دژی داعش دەکات. زۆر دەسکەوتووی سیاسی و سەربازی بەدەستبھێنێت. ئەم کۆنگرەیە ھەنگاوێکی ستراتیژی نێودەوڵەتی بوو لە پێناو داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی لە ڕۆژھەڵات و گێڕانەوەی ھاوپەیمانیەتی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان و ئەمەریکا و ڕۆژئاوای دروست کردەوە. کۆ دەنگیەکی کاراشە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی تیرۆر و تیرۆریستان. من پێم وایە کوردستان دەبێت باشتر سود لەم ھەلومەرجەی دوای کۆنگرەی پاریس دێتە ئاراوە وەربگرێت. بە کورتی کۆنگرەی پاریس گێڕانەوەی متمانەی پەیوەندی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو. ھەروەھا ئەمە لێدانیش دەبێت لە تیرۆرسیتان نەک ھەر لە ڕۆژھەڵات، بەڵکو لە نێو خودی وڵاتە ئەوروپاییەکانیش.