CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 170 میوان

شۆفێرەکەی ماڵی شێخی نەمر لەتەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند

ئویانۆس شامیلۆن لەساڵی ١٩٢٢ لە شاری ئورفای ووڵاتی تورکیا لەدایك بووە ، بە ڕەچەڵەك لە ووڵاتی ئەرمینیاوە هاتوون ، لە ڕۆژی حەشری زیندەبەچاڵەکانی ئەرمیینیەکان وەکو کۆچ بەرێك لە تورکیاوە لەگەڵ ئاوی فورات کۆچیان کردووە بەرەو خوار. ڕۆژی ٥ / ٥ / ٢٠١٧ کە ساڵیادی ڕۆژی ئازادی هۆڵەندای دەکرد لە نەخۆشخانەی بێرخن ئۆپ زووم لە ڕۆژئاوای هۆڵەندا عەمو ئۆیانۆس بۆ دواجار گیانی لەدەست دا ، وە لە شاری ڕۆزنداڵ لەگەڵ ئامادەبوونی ڕەوەندی کوردی و ئەرمەنی و هاوڵاتیانی هٶلەندی و ناسیارەکانیب ۆ دواجار بە خاك سپێردرا.
پێشتر لە ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٥ لە ماڵی خۆیان دیدارێکم لەگەڵ ساز دابوو لە سایتی سورێن بڵاوکرایەوە ، بەشێك لەو دیدارەم تێکەڵ کردوە بەم بابەتە .
ئێمە هەر دەڵێین عەموو ... عەموو ئەوانێس یەعقووب .. لەتەمەنی ٩ مانگیدا کاتێك ئەرمەنییەکان لەتورکیا دەردەکرێن ، خانەوادەی ماڵی ئەو هەموو خەڵکە ئەرمەنیانەی کە تاوانەکەیان ئەرمەنی بوون ، هەر وەکو کۆچە مەزنەکەی گەلی کورد لەساڵی ١٩٩١ ، لەساڵی ١٩٢٣ بەناو خاکی سوریادا بەڕی کەوتوون تا گەیشتونەتە دێرەزۆر و ڕاوە دواتر بۆ فەللوجە، کەبە عارەبانەی تریشقە و پێ و ووڵاخ کۆچیان کردووە ، هەروەك باوو باپیرانی عەموو ئەمەیان باس کردوە بۆ منداڵەکانیان ، ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی حەشر بووە لە مردنی پیاوە پیرەکان و ژنەکان و منداڵەکانیان و بە هەژاری ، دواتر لە بەغدا نیشتە جێ بوونە ، بەهۆی نەبوونی کارو بێ دەرامەتی ، بەرێز یەعقووب باوکی عەموو ئەوانێس رۆیشتۆتە کەرکووك ، لەو کاتەدا کەرکووك تەنها کوردو تورکمان و یەهوودی و مەسیحی یەکانی لێ نیشتەجێ بوون ، لەگەڵ هەندێک ڕەشماڵە ماڵ کە خەریکی ئاژەڵ بەخێوکردن بوون ئەوانیش عەرەبە حەدیدیەکان بوون ، کوردەکانیش هەژارو بێ زمان بوون ، بەڵام تورکمانەکان خاوەن پیشەو شارەزایی بازرگانی بوون ، بێگومان سەدام حوسێن عەرەبی هێنایە ناوچەی کەرکووك ، خانەوادە تورکمانەکانیش نەفت چی و ئاوچی بوون لەکەرکووك ، بەڵام بەداخەوە ئێستا بوون بوون بەعەرەبی پێ پەتی ، ئەم باسانە هەموو عەموو ئەوانێس بۆمی گێڕایەوە،
ئەو مرۆڤەی کە نەرمی و نیانی و ئاشتی و لە خۆشەویستی هیچ ووشەیەکی تری نەزانیوە ،... باوکی وەستای دروست کردنی حەمام و حەوز بوو ، کەم کەس هەبوو لەوکاتەداکاری وەستایی دورست کردنی حەوزو حەمام بزانێت ، هەربۆیە لەوێ کاری دەست کەوت و ژیانمان لەکەرکووك دەست پی کرد بەتایبەتی ئێستا پێ ی دەڵێن شەقامی دکتۆرەکان ، بەهەمان شێوە لەکەرکووکیش چراکان فانۆس بوون و شەوانە دایان دەگیرساند لە شەقامەکاندا ، سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەش لەو سەری کەرکووکەوە لە یاروەلی بەنداوێکیان دروست کردبوو ئاو کۆدەکرایەوە و بە شێوەی جۆگە ئاوەکە دەهات و ماڵی ئێمەش ئاویان پڕ دەکرد بە کوپەو گۆزە و هەڵیان دەگرت .باوکم لەگەڵ سەید نوری بەزازو قاسم سەعات چی لەکەرکووك پێکەوە حەوزیان دروست دەکرد،تا ئەوکاتەی باوکم ئۆتۆمۆبیلێکی بۆمان کڕی بەناوی دۆج و هەشت تایەی هەبوو و کارمان پی دەکرد لەگەڵ براکانم ، بەڵام زۆر بەزەحمەتی بە تاسلوجەدا سەردەکەوت.
لەساڵانی پەنجاکان کاتێك حوکمی مەلیك بوو کۆمپانیایەکی ئەمەریکی و فەرەنسایی لەدەربەندیخان سەدو تونێلەکەیان دروست دەکرد ، کۆمەڵێك زۆر کرێکار لەوێ کاریان دەکرد ، منیش لە کەرکووکەوە نەوتی ڕەش یان نەوتی سپیم دەبرد بۆ دەربەندیخان کە جادەی کەرکووك و سلێمانی خۆڵ بوو وە زۆر بە سەبر دەڕۆیشتین ، لەبازیانەوە خەڵك و پێشمەرگە لەبەر هێواشی بارەکە سەردەکەوتن من لەئاوێنەکەوە دەمبینی وە ئەوانیش منیان دەناسی ، لەتەیناڵ لام دەداو دوکانێکی بچووك هەبوو لەوێ پشوومان دەدا ، کە سۆبەیەکی داری هەبوو بە نەوتی ڕەش کاری دەکرد ، ئەوانێش بەتەنەگە نەوتی ڕەشیان لەسەیارەکەم پڕ دەکردو دواتر دەکەوتە رێ ، لەلۆفەکانی تاسڵووجە ئەوەندە بەهێواشی دەڕۆیشتم لەبەر بار قورسی و جادەکە خۆڵ بوو پێشمەرگەکان دادەبەزین و دەڕۆیشتن ، لەساڵی پەنجاکان بارهەڵگری عەنتەرناشم هەبوو، زۆر جار پەکم دەکەوت لە ڕێگا بەدوورۆژو سێ ڕۆژ دەمامەوە تا وەستایەکم دەست دەکەوت و دەهات چاکی دەکرد .
لەو ساڵانەدا ئۆتۆمۆبیلی پلای مۆدی ساڵی ١٩٥١ ی هەبوو لەنێوان کەرکووك و سلێمانی و بەغدا کاری دەکرد وە دواتر سەیارەیەکی فۆرتی هەبوو ، ڕێگاوبانەکان خۆڵ و بەردو خراپ بوون ، ئەوکات لە گەراجی سلێمانی کەسێك هەبوو بەناوی گرابێت وەکیلی ماڵی شێخ بوو ، هەموو کارەکانی ماڵی شێخ لەتیف و شێخ قادر بەدەستی ئەو بوون، لەو کاتەدا ئەوان متمانەیان بە ئەو هەبووە ، هەر بۆیە ڕۆژێک زووتر پێ ی دەووت کە سبەینێ شێخ دەچێت بۆ بەغدا ، ئەویش ئەو ڕۆژە لەدوایی نیوەڕۆوە دەچوومە دێوەخانەکەی ماڵی شێخ و دەحەسامەوە تا سبەینێ .. شێخ لەتیف لە پێشەوە دادەنیشت و دوو کەسی تری لەگەڵدا بوو ، کە دەگەیشتینە دووزو خاڵس لامان دەدا و لەڕێگا تاوێك دەخەوت بەتایبەتی لەناو سەیارەکە ، دوایی چەند ڕۆژێك لە بەغداوە دەگەڕاینەوە سلێمانی .
.سلیمانی ئەوکات لە پەنجاکان کە هاتووچۆی دەکرد زۆر بچووك بوون وە خانوەکانیش قوڕ بوون ، ئەوکات مزگەوتی گەورە کاك ئەحمەدی شێخ هەبوو وە لەدەورو پشتی قەڵەباڵغی هەبوو وە خانوەکان سەریان تەختی بوو ، بیگومان قووڕ بوو وە بە باگردێن دەیانکوتایەوە .
.. ئەو کاتەی کە حوکمی مەلیك بوو ژیان زۆر خۆش بوو ، چونکە ئینگلیزەکان کە نەوتی کەرکوکیان دۆزیەوە ، ئیدی خەڵك لەوێ دامەزراو کاری دەکرد ، باوکی منیش ئەوکاتە مانگانە بە ٦ دینار کاری دەکرد ، وە ئینگلیزەکان زۆر ئامێرو کەرەستەو سەیارەو ڕادیو ئەم شتانەیان هێنایە عێراقەوە دوایی ئەوەی کە نەوتیان دۆزیەوە وە پارەشیان دەدایە حکومەت و ژیان بەرەو باشی دەڕۆیشیت ، بەڵام دواتر عەرەبەکان کودەتایان کردە سەر ئینگلیزەکان و ووتیان (( نەوتی عەرەب بۆ عەرەب )) قوڕ کرایە سەرمان و لەو ڕۆژەوە عێراق بەو دۆخەدا ڕۆیشت کە تاکو ئێستاش قاتوو قڕی یە.
هەزاران سڵاو لە گیانی عەمو ئویانۆس و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەردی بناغەی مێژووی بیروەری ووڵاتەکەیان بەئامانەتەوە دەگێڕنەوە ، وە بۆ دوا جار بەئاخێکی قووڵەوە چاویان لە ووڵات و بیرەوەریەکانیانە