CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

ئەحمەد قایا: بەدرێژایی تەمەنم لەعنەت لە تیرۆر دەكەم‏

وەرگێڕانی: رووبەر :  دایكم، برا و خوشكەكانم، هاوڕێكانم، منداڵەكانم، هاوسەرەكەم، هەموویان لەوێ، لەو وڵاتە دەژین. من وەكو خۆشەویستی مەجنون بۆ لەیلا، حەز لە وڵاتەكەم دەكەم.

 

لە 16 ئەم مانگە 10 ساڵی تەواو بەسەر كۆچی دوایی ئەحمەد قایا تێپەڕدەبێت. لە پاریس بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات، دوا دیمانەم لەگەڵی سازدا. لەكاتی خۆی دەربارەی ئەو دیمانەیە زۆر گفتوگۆ كراو كاردانەوەی لێكەوتەوە. بە تۆمەتی سازكردنی دیمانە لەگەڵ خائینێكی نیشتمان تاوانباركرام. 10 ساڵ بەسەر سازكردنی ئەو دیمانەیە تێپەڕی، بۆ ئەوەی بزانین لەو ماوەیەدا توركیا لە كوێ هاتە كوێ ئەو دیمانەیە لەساڵیادی كۆچكردنی هونەرمەند ئەحمەد قایا دەخەمە بەردەستی ئێوە. بیخوێنەوە تا بزانن لەو وڵاتە چەند بە ئاسانی خەڵك بە خیانەت تاوانبار دەكرێت و بزانن چۆن ئەو تاوانە ژیانی هونەرمەند ئەحمەد قایا تاریك كردووە.

پ: لە مەراسیمێك كە خەڵات دەكرایت، راتگەیاند كە كلیپێكی كوردی ئامادە دەكەیت بە مەبەستی پەخشكردنیشی بەدوای كەناڵی تەلەفزیۆنیدا دەگەڕێیت. ئەم قسەیە سەرتاپای ژیانی ئەحمەد قایای گۆڕی. چۆن ئەو بەڵایەت بەسەرهات؟

ئەحمەد قایا: بەردەوام لەژیانم بەڵا ئۆقرەی بەرنەداوم. لەو ماوەیەی دوایی دەربارەی هۆكارەكانی زۆر بیردەكەمەوە. كاریكاتێری جۆرە هونەرمەدنێكم لە توركیا كە بەم كارانە راهاتووە. هەست بەژانی خۆم دەكەم، ژیرم، لەگەڵ ئەو كەسانە ناگونجێم كە هەوڵدەدەن رامكێشنە ناو ئەو كارە. میدیا ناتوانێت كەرەستەیەكی جیاواز لەمن دەستەبەر بكات. چونكە نابمە ئاكتۆری پروپاگەندەی كەسانێك. بیر دەكەمەوە، ژیانێك بەسەردەبەم كە گونجاوە لەگەڵ ئەو داب و نەریتە كۆمەڵایەتیانەی كە لەگەڵیان گەورە بووم، باجی خۆم دەدەم، بێ نامووسی ناكەم.

پ: ئایا ئەو رێوشوێنانەی تۆ باسیان دەكەیت، بەسە بۆ كەسێك كە بەردەوام بەڵای بەسەردا هاتبێت؟

ئەحمەد قایا: كەسێكم بەردەوام لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندام. بۆ ئەوەش بەردەوام بەڵامبەسەر هاتووە و بەسەرم دێت.

پ: ئایا لەبەردەم پۆستەری ئۆجالان وێنەت گرتووە؟

ئەحمەد قایا: سەیركەن، ئێوەی رۆژنامەنووس ئەو هەواڵەی بەرهەمی دەهێنن ئێوە بڕیاری لەسەر دەدەن كێ دەیخوێنێتەوە، یان خوێنەر رۆژنامەكە هەڵدەبژێرێت؟ كۆنسێرت ساز دەكەم، هەندێك كەس دێن، گوێبیستی گۆرانی دەبن، هەندێكی تر هەڵپەڕكێ یان دانس دەكەن، هەندێكی تر دروشم دەڵێنەوە و خۆیان شەحن دەكەنەوە. ئایا دەتوانم كەسێك هەڵبژێرم تا بێتە كۆنسێرتەكەم؟ یەكێك لەو كەسانەی هاتبووە كۆنسێرتەكە پۆستەری ئۆجالانی بەرز كردبووەوە، ئەوە چ پەیوەندی بەمنەوە هەیە؟

پ: ئەی ئەو گۆرانیانەی بەسەر PKKتدا وتووە؟

ئەحمەد قایا: بەدرێژایی تەمەنم لە دژی تیرۆر وەستاوم. لەعنەت لە تیرۆر دەكەم، بۆچی بە PKKدا هەڵدەڵێم.

پ: باشە ئەگەر وایە بۆ باس لە هەبوونی پەیوەندی تۆ لەگەڵ PKKدا دەكرێت؟

ئەحمەد قایا: تكایە ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەكەن با هەبوونی پەیوەندی من وPKK بسەلمێنن، لە كوێ بوومەتە ئەندامی PKK؟ با بەڵگەكانی ئەندامیەتیم بخەنە روو؟ هاوكاری كێم كردووە، كوا پسووڵەكانی هاوكاری؟ لە كوێ داوای جیابوونەوەم كردووە؟ ئایا دوو وتە، گوتنەوەی دوو رستە ئەوە دێنێت ژیانی كەسێك ئەوەندە قرێژ بكەن؟ داوای وەڵامی ئەو پرسیارانەتان لێ دەكەم. وەڵامەكان بە من مەڵێن، بەو كچەم بڵێن كە تەمەنی 12 ساڵانە و كاتێك دەچێتە قوتابخانە پێی دەڵێن (باوكت خائینە). داوای شتێكی تریش دەكەم. با ئەو بەڵگانە بخەنەروو كە دەڵێن بەشداری لە كۆنسێرتی PKK كردووە. سەیركەن دوای ئەوەی دادگا داوای بەڵگەی لەو كەسانە كرد كە گوتیان(بەشداری لە كۆنسێرتی PKK) كرد. ئەو كەسانە گوتیان هیچ بەڵگەیەكمان لەلانییە. باشە ئێستا چی بڵێم؟.

پ: لە توركیا ئەوەی لە هەموویان زیاتر وایكرد لەدژی تۆ كاردانەوە بێتە ئاراوە ئەو قسەیە بوو كە گوتبووت (ئۆتۆمبێلەكەم بۆ بێ شەرەفەكانی وڵاتەكەم جێهێشت). چۆن قسەیەكی وا دەكەیت؟

ئەحمەد قایا: چاوەكەم بۆ بێ ئاقڵم تا ئەو قسەیە بكەم؟ ئەو كەسەی ئاقڵی لەسەردا بێ چۆن قسەیەكی وا دەكات. كەسێك كە خۆی بە پارچەیەكی ئەم وڵاتە بزانێت چۆن قسەیەكی وا دەكات! ئەمە شوورەییە. دایكم، برا و خوشكەكانم، هاوڕێكانم، دۆستەكانم، برا گەورەم، منداڵەكانم، هاوسەرەكەم، خانەوادەكەم هەموویان لەوێ، لەو وڵاتە دەژین. بە رادەی عەشقی مەجنون بۆ لەیلا حەز لە وڵاتەكەم دەكەم.

پ: باشە ئەو قسەیە چۆن لەسەر تۆ كرایە ماڵ؟

ئەحمەد قایا: جارێكیان گوتم: "لەسایەی 3 بێ شەرەف نەمتوانی لە وڵاتەكەم سواری ئۆتۆمبێلەكەم بم". رۆژی دواتر لە مانشێتی رۆژنامەیەك نووسرابوو ئەحمەد قایا گوتوویەتی "ئۆتۆمبێلەكەم بۆ بێ شەرەفەكانی وڵاتەكەم بەجێهێشت"! ئایا شتێكی بەم شێوەیە مومكینە؟ پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە هاتە لام گوتی(كاكە بەخودای شتێكی بەم شێوەیەم نەنووسیوە. لەوێ بەم شێوەیەیان نووسی). ئیتر هەڵسەنگاندن ناكەم بۆ ئێوەی بەجێ دێڵم.

پ: تا ئێستا ئەحمەد قایا جگە لە توركی هیچ گۆرانییەكی تری نەگوتووە، سەرەڕای ئەوەی كوردیش نازانێت بۆچی كاتێك دەڵێت كلیپێكی بە كوردی بڵاودەكەمەوە ئەوەندە كاردانەوەی رووبەڕوو دەبێتەوە؟

ئەحمەد قایا: بەڵێ راستە. كەسێكم بەساڵانە گۆرانی بە توركی دەچڕم. بە رەگەز كوردم، بەڵام بەداخەوە كوردی نازانم. ئەو وڵاتەی بانگەشەی رێزگرتن لە سەردەمی، نوێخوازی، دیموكراتی و مافی مرۆڤ دەكات، وڵاتەكەم كە وەكو مۆزەخانەی كلتوورە جیاجیاكانە، دەزانن لەو قسەیەم چاوەڕوانی چیم دەكرد؟ چاوەڕێ بووم دوای ئەوەی ئەو گۆرانیەم دەكردە كلیپ بەلانی كەم ئەم وڵاتە ئیمكانی ژیان بۆ هەموو كورد و هەموو زەمانەكانی تر بڕەخسێنێت. ماوە ئەوە بڵێم ئەو گۆرانیەم گوزارەیەك بوو لە خۆشەویستی و شەیدای مرۆڤایەتی.

پ: بەڵام باس لە سروشتی توندڕەوانەی تۆ دەكەن؟

ئەحمەد قایا: هیچ تاوانێكم ئەنجام نەداوە، بەڵام وەكو هەموو مرۆڤێكی تر كەموكوڕیشم هەیە. لەوانەیە لەسەرەتا هەڵەیەكم كردبێت. باشە چی بكەم ئەگەر هەڵكەوتەی من توند بێ، بە هەڵە تێدەگەم، بەڵام نیازێكی پاكم هەیە. خراپییەك لەلای منەوە بە كەس ناگات. ئەگەر ناوبەناو یاخی دەبم ئەوە سەرچاوە لەو ناڕەوایە دەگرێت كە پێی دڵگران دەبم، ئەگەر نا ناخوازم كەس ئازار بدەم. جگە لەوەی هیوادارم مرۆڤەكانی وڵاتەكەم بە خۆشگوزەرانی، ئازادی و ئاشتی بژین هیچ دەردێكی ترم نییە. بەڵام ئەو ناڕەوایەتیەی لە وڵاتەكەم هەیە من بەرەو سروشتێكی توندڕەوانە ئاراستە دەكات. دواتر هەر قسەیەك بكەم بە پێچەوانە لێكدەدرێتەوە. كاتێك داوای ئاشتی دەكەم دەڵێن داوای شەڕ دەكات، كاتێك باس لە دیموكراتی دەكەم وەكو ئەوەی باسی فاشیزم كردبێت هەڵدەسەنگێندرێت، دەڵێم حەز لە وڵاتەكەم دەكەم، پێم دەڵێن تۆ خائینی نیشتمانی.

پ: لە توركیا لە هەمووی زیاتر بیری چی دەكەیت؟

ئەحمەد قایا: بیری ئەو پۆلیسانەش دەكەم كە لە كۆڵانەكان جنێو دەدەن، ئەوانەی تریش تۆ بیانژمێرە. بیری بۆنی كبریت، ئەو ئاوەی ناخورێتەوە، بۆنی ماسی ناو گەروەكان و هەموو شتەكانی تریش دەكەم.

سەرچاوە رۆژنامەی رادیكاڵ