ئامادەبووانى ئێستا 126 میوان

حەمکۆ ئەمین تایبەت بە (ماڵپەڕى چرا تیڤى) :بەر لەوەى هونەرمەندبم وەرزشەوان بووم

دیمانە:  دیــدار نانــەکەلى : گەورە هونەرمەندى جیهانى کۆمێدیاى کوردى (محەمەد ئەمین) کە بە حەمکۆ ناسراوە ،لە دیمانەیەکى تایبەتى لەگەڵ چرا تیڤى پەردە لەسەر چەندین وێستگە و قۆناغى شاراوەى ژیانى خۆى هەڵدەداتەوە و کەمێک لە تێنوویەتى هەوادارانى دوواى دابڕانى لە هونەر دەشکێنێت.
*بۆچى لە کارى هونەرى دابڕاون.ئەو هۆکارانە چین وات لێ دەکەن لە شاشە خۆت بشاریتەوە؟
حەمکۆ: هەرگیز لە هونەر دانابڕێم.من بە هونەرەوە لە دایک بووم. وەکو دەزانن  من ماوەى زیاتر لە شەش ساڵە لە ووڵاتى بەڕیتانیا دەژیم. هەناسەى هونەرى ئێستام زۆر فراوانترە لە جاران. بەڵام مەیدانەکە بۆمن کراوە نیە تا بە هەموو لایەک بسەلمێنم کۆمیدیا بڕبڕەى پشتى هونەرى نواندنە. گلەیى زۆرم هەیە،ئەوەندەى من لە خزمەتى شاشەى کوردى دابووم بڕوا ناکەم لەو سەردەمانە کەس زاتى ئەوەى کردبا زمانى گازاندەى بەهەر شێوەیەک جولاندبا بەرامبەر دەسەڵات.ماوەیەک لەگەڵ هاوکارم کاک کاروان حەیدەر بەرنامەیەکمان بە ناوى (هاى فایف) پێشکەش کرد.دوواى پێشوازیەکى گەرم لە لایەن بینەرانەوە. بەڵام نازانم بە چ هۆکارێک بەرنامەکەیان وەستاند.

 


*ئێستا چاوەڕێ ى چین؟
حەمکۆ: ڕەحمى خوا. دەستەوەستان دانەنیشتووم.
• کۆچى دوواى هونەرمەند حەسکۆ چ کاریگەریەکى هەبوو لات. هەستت چۆن بوو؟
حەمکۆ: هونەرمەند عوسمان ڕەحمانى ناسراو بە حەسکۆ بە نیوەى خۆم دەزانى، بە مردنى ئەو نیوەى من مرد. زۆر هەستێکى ناخۆشم لا دروست بوو.ئەو ئینسانە خزمەتێکى زۆرى بە هونەرى کۆمیدیاى کورد کرد. ساڵانێک پێکەوە کارمان کردووە لە بەرنامەى گەشتى کامێرا. یادى بەخێر ئەوە ڕێگەى هەمووانە.
*بیستوومانە وەرزشەوان بووى، لە چ قۆناغێک و بە چ ئاستێک؟
حەمکۆ: من یاریزانى یاریەکانى جملاستیک و مەلەوانى و تۆپى پێ و لەشجوانى بوومە.بەڵام زۆرترین کات تۆپى پێم ئەنجام داوە. لە ساڵانى 1994 تا 1997 باشترین گۆڵچى یانەى ئاڕاڕاتى هاوینەهەوارى مەسیف(پیرمام) بووم. بەڵام هاوشانى وەرزش زۆر جار هونەرم نیشانى یاریزانەکان دەدا لە نێو یاریگا. جارى واهەبوو  هێرشبەرى تیپى بەرامبەر لە بەرامبەر جمۆجۆلێکى کۆمێدى سەیرى من دەکەوتە قاقاى پێکەنین و لە تۆپەکە دوور دەکەوتەوە. لەو یاریانەش کە تیپەکەى من یارى دەکرد. زۆرترین جەماوەر ئامادەى بینینى یاریەکان دەبوون.
• هاندەرى کام یانە و هەڵبژاردەى جیهانى؟
حەمکۆ: لە کوردستان هاندەرى یانەى هەولێرم، زۆریش چاودێرى ئەنجام و ئاستى یاریەکانى دەکەم لە تەلەفزیۆن.دڵخۆشیشم کە چەند ساڵێکە ئەنجامەکانى زۆر دڵخۆشکەرن لە خولى ئێراقى و بەشدارە لە جامى ئاسیا. بەس تکام وایە ئیدارەى یانەکە واز لەو بێگانە پەرستیە بێنن. لە ئەوروپاش هاندەرى سەرسەختى یانەى چێڵسى ئینگلیزیم.وەکو هەڵبژاردەش ئاستى هەڵبژاردەى ئینگلتەڕا لەم مۆندیالە وەک پێویست نەبوو.بڕواتان هەبێت لە هەردوو پاڵەوانیەتى ئەوروپا و مۆندیالیش هەڵبژاردەى ئیسپانیام هەڵبژاردبوو بۆ پاڵەوان.لەهەردوو کەڕەت پێشبینیەکەم ڕاست دەرچوو.